حزب و گرەو لەسەر جەستەی نیشتمان
فارس نەورۆڵی
یەکێک لە کێشە قووڵەکانی ناو کایەی سیاسیی کوردی ئەوەیە، زۆربەی خەڵکی هەرێم ناتوانن وەک خۆیان و وەک ئەوەی لە واقیعدا هەیە بۆ بەرژەوەندیی گشتی و چارەنووسی هەرێم بیر بکەنەوە، بەڵکوو لەژێر هەژموونی ئایدۆلۆجیا و حزبدا بیر دەکەنەوە؛ بۆیە ناتوانین بەرەنجامێکی ئەرێنی لەسەر هیچ بابەتێک بەدەستبهێنین.
ماوەیەکە بەچڕی باس لە دۆخی چەقبەستووی سیاسیی هەرێم دەکرێت، لە ڕاستیشدا مانەوەی ئەو دۆخە بەو جۆرە، سەری لە کارەسات دەردەچێت. بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە، لەبری ئەوەی بیر لە ڕێگای دەربازبوون بکەینەوە لەم دۆخە چەقبەستووە، کەچی بیر لە ڕێگا ترسناکەکە دەکەینەوە، یان دووئیدارەیی یان ڕووخانی هەرێم! ئەم بیرکردنەوەیە یەکێکە لە مەترسیدارترین برینەکانی جەستەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد. لە مێژووشدا هەروامان بیر کردووەتەوە، بۆیە لە هەموو قۆناغەکاندا شکستمان هێناوە.
ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەیبینین، تەنیا لە چوارچێوەی ململانێیەکی ئاسایی و یاساییدا نییە لەسەر دەسەڵات، بەڵکوو سەرلێشێواوییەکی فیکری و ستراتیژییە، کە جیاوازیی نێوان بەرژەوەندیی حزبی، قەوارەی نیشتمانی و عینادیی سیاسی تێکەڵ کراوە.
لە مێژووی سیاسیی گەلاندا، هەمیشە هێڵێکی دیاریکراو هەیە لە نێوان ململانێی حزبی و قەوارەی نیشتمانیدا. لایەنە سیاسییەکان لە ململانێ بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە پرۆسەی دیموکراتیدا، دەتوانن تا بەرزترین ئاستی ڕکابەرایەتی نمایش بکەن، بەڵام کاتێک ئەم ململانێیە دەگاتە ئاستی گرەوکردن لەسەر ڕووخانی قەوارەی نیشتمان، لێرەدا سیاسەت بەهای ئەقڵی و ئەخلاقیی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە پرۆسەیەک بۆ خۆکوشتنی بەکۆمەڵ.
کێشەی گەورەی حزبی کوردی لەوەدایە؛ نە دەسەڵات دەتوانێت بەرژەوەندیی حزبی و پرۆسەی حوکمڕانی لەم قۆناغە هەستیارەدا لە یەک جیا بکاتەوە، نە ئۆپۆزسیۆنیش توانیویەتی وەزیفەی خۆی جێبەجێ بکات، بەڵکوو بەشێکیان وا تێگەیشتوون کە لە نێوان وەرگرتنی دەسەڵات لە هێزەکانی ناو حکومەت، کەچی سەرنجیان دەڕواتە سەر دووئیدارەیی و ڕووخانی هەرێم. کێشەی سەرەکیش لەناو ئەم ململانێیەدا ئەوەیە، هەموو هێزێک وادەزانێت تەواوی ڕاستییەکان لای خۆیەتی، ئەمەش دەرفەتی دیالۆگ کەم دەکاتەوە.
بۆ دەربازبوون لەم دۆخە و کردنەوەی گرێکوێرەکان، پێویستمان بە دۆزینەوەی فۆرمێکی نوێ هەیە کە لە گرێبەستێکی نوێ و هاوپەیمانییەتییەکی نیشتمانیی نوێوە دەست پێبکات، بە شێوەیەک کە هێڵە سوورەکانی قەوارەی هەرێم نەبەزێنێت و پێناسەی ئەو هێڵە سوورانە بکرێتەوە؛ چونکە سەردەمەکە پرسیاری نوێی هەیە و گۆڕانکاریی نوێ بەڕێوەیە، و شەمەندەفەرەکەش چاوەڕێمان ناکات، بۆیە پرسیارەکان پێویستیان بە وەڵامی نوێ هەیە.
دەبێت هەموو لایەک، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، زۆر هەستیار بن و ڕەخنەش لە خۆیان بگرن و تێبگەن کە ململانێکانی ئەوان ئەم دۆخەی دروستکردووە. لێرەدا دەبێت لەسەر خاڵێک ڕاوەستین و تێبگەین، کە ئەم هەڵانەی هێزەکانی ناو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، نابێت وا لە خەڵک بکات کە کەوتن و دابەشبوونی هەرێم یان دابەشکردنی جوگرافی بکاتە ستراتیژ، چونکە ئەمە کوفری سیاسییە؛ لەبەر ئەوەی گرەوکردن لەسەر ڕووخانی هەرێم گەمەیەکی نائەقڵانییە و هەردوولای گرەوەکەش تێیدا دۆڕاون.
PM:02:55:28/06/2026
ئهم بابهته 900
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی