ژیانی خەڵک و زانکۆکان گرنگترن یان تۆماری شکاندنی ریکۆردی جیهانی
رێبین عومەر
کوردەواری دەڵێت: "تا ماڵ وەستابێت، بە مزگەوت حەرامە”. لەم ڕۆژانەدا ئاشنای دیمەنی دانانی بەردی بناغەی گەورەترین مزگەوت بووین لە شاری هەولێر، لەسەر ڕووبەری دوو ملیۆن مەتر دووجا.
مزگەوتەکە، وەک دەوترێت، خاوەنی گەورەترین هۆڵ و دەرگا و گومبەز دەبێت لە جیهاندا، و تێچووی پڕۆژەکەش هەرچەندە باس نەکراوە بەرەسمی بەڵام گەورەی پرۆژەکە دەری دەخات کە تێچوەکەی زەبەلاحەو کەم نییە..؟!
ئەو تێچووە گەورەیەکە مەزەندەکراوە؛ دەتوانێت زۆرێک لە گیروگرفت و تەنگوچەڵەمەکانی ژیانی هاوڵاتیان چارەسەر بکات .
هەڵبەتە کردنەوەی ئەم باسە پەیوەست نییە بە ڕەخنەگرتن لە پیرۆزی مزگەوت ؛ وەک ناوەندێکی خوداپەرستی، بەڵکو باسەکە لەسەر کاری لە پێشینەیە بۆ خەڵک و پێشکەوتنی وڵات.
لە دۆخێکدا کە خەڵک بە قەیرانی دارایی و کەمی خزمەتگوزاری و بێکارییەوە دەناڵێنێت، ئایا ژیانی خەڵک گرنگترە یان شکاندنی ڕیکۆردی گەورەترین و بەرزترین دەرگا و گومبەزو نافوراو حەوز؟
وەک دەرکەوت دوای دانانی بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە ؛ هەندێک لە خاوەن زەوییەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەوەی کە زەوی مزگەوتەکە موڵکی ئەوان بووە و هێشتا قەرەبووی شیاویان وەرنەگرتووە.
ئەمەش بابەتێکی ترە کە پێویستی بە ڕوونکردنەوە و چارەسەرکردن هەیە.
سوپاس بۆ خودا، لە کوردستاندا گوند بە گوند و شار بەشار مزگەوت و شوێنی خوداپەرستی هەیەو کوردی موسوڵمان بێ مزگەوت هەڵناکات.
شاری هەولێریش لەو شارانەیە کە زیاتر لە دوو هەزار مزگەوتی تێدایەو مزگەوتە گەورە و ناسراوەکانی وەک جەلیل خەیات، سەواف و ڕێگای بەهەشت لەو شارەدا مەڵبەندی خوداپەرستی و ئاستی بەرزی تەلارسازین.
لە ئایینی ئیسلامیشدا ئیسرافکردن پەسەند نییە، بە تایبەتی کاتێک کە زۆر پێویستیی گرنگتر و هەستیارتر لەبەردەمت هەبن .
مزگەوتێکی بەو قەبارەیە زۆرتر لەوە دەچێت بۆ تۆمارکردنی ناو و نیشان و دروستکردنی ڕەمزێکی گەورەی بازرگانی و سیاسی بێت، نەک وەڵامدانەوەی پێویستییە ڕاستەقینەکانی خەڵک .
لەم قۆناغەدا باشتر دەبوو سەرۆکی حکومەت بیری لە خزمەتگوزاری، گەشەپێدانی ئابووری و بەتاڵی گیرفانی خەڵک بکردایەتەوە ، یان کاری جددی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانە، خوێندنگەو زانکۆی سەردەمیانە بکردایەتەوە .
سەرۆکی حکومەت دەبوو ووردتر پێویستییەکانی کۆمەڵگە بنکۆڵ بکات؛ وەک ئەوەی دوو لە گەورەترین زانکۆکانی هەولێر، زانکۆی سەڵاحەدین کە سیمبولی خوێندنی باڵای کوردستانەو زانکۆی پزیشکی هەولێر، هێشتا خاوەنی بیناو کەمپی سەردەمیانە و تایبەت بە خۆیان نین و زۆر کاریان بەهۆکاری بێ بودجەییەوە راگیراوەو تەواو نەکراوە.
لە کاتێکدا چەندین ساڵە حکومەت زەوی بۆ تەرخان کردوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە و دواخستنی پڕۆژەکان، کەمپی زانکۆی سەڵاحەدین بەو دیزاینەی لە ساڵی ٢٠١٢ بۆی دانراوبوو تەواو نەکراوەو وەک خۆی ماوەتەوە.
لە کاتێکدا ئەو دوو دامەزراوە زانستییە لە دۆخی خراپی بیناو خزمەتگوزاریدا رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە .
کەمپی گەورەی زانکۆی سەڵاحەدین لە ساڵی ٢٠١٢ بە شيوەیەکی سەردەمیانە نەخشەی بۆ سازکراوەو رەچاوی فراوان بوونی زانکۆکە کراوە، بەڵام تا ئێستا پڕۆژەکەی تەواو نەکراوە. لە بەرامبەردا، لە ساڵی ٢٠١٣ کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی لەسەر ڕووبەری ٧٧١ دۆنم دووجا زوو کرایەوە، کە پێکهاتبوو لە ١٠ بینای تایبەت بە فاکەڵتییەکان و ١٦ بینای تایبەت بە بەشە ناوخۆییەکان بۆ نیشتەجێبوونی نزیکەی ٣٠٠٠ خوێندکار.
ئەو پڕۆژەیە لە سەردەمی کاک عومەر فەتاح بە شێوەیەکی سەردەمیانە جێبەجێکراو زۆرێک لە کێشەکانی ئەو زانکۆ دێرینەیەی کە لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە، چارەسەر کرد.
وەک گەڕانەوە بۆ رابردوو ؛ لە کاتی کردنەوەی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانیدا، کاک نێچیرڤان بارزانی کە لەو کاتەدا سەرۆکی حکومەت بوو، وتی:”کردنەوەی کەمپی تازەی زانکۆی سلێمانی، بە کەمتر لە هەفتەیەک دوای ئیمزاکردنی گرێبەستی دیزاینی کەمپی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، نیشانەیەکی ڕوونی سیاسەتی بایەخدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە گەنج و خوێندکار، کە هیوای دواڕۆژ و سەرکردە و ڕێبەری داهاتووی گەل و وڵاتەکەمانن.”
بەڵام دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر، هێشتا ئەو دوو زانکۆ گرنگەی هەولێر بەبێ جێ و ڕێگای شیاو ماونەتەوە و پڕۆژەکانیان تەواو نەکراون و خواستی فراوان بوونیان رۆژ دوای رۆژ زیاد دەکات.
لەو سۆنگەیەوە، کە پەرۆشییەکی ڕاستەقینە بۆ ئایندەسازی وڵات و نەوەکان، پێویست بوو پێش بیرکردنەوە لە دروستکردنی گەورەترین مزگەوت لە جیهاندا، کاری جددی بۆ ژیان، گەوزەران، زانست، خوێندن و پێشکەوتنی ئەم وڵاتە بکرایەتەوە .
چونکە گەورەیی و پێشکەوتنی نەتەوەکان بە بەرزی گومبەز و دەرگاو حەوزو بافورا پێوانە ناکرێت ؛ بەڵکو بە ئاستی بەرزی زانست، خزمەتگوزاری، دادپەروەری و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان پێوانە دەکرێت.
PM:02:04:25/06/2026
ئهم بابهته 1000
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی