ڕاڤەیتر3: من خۆمم
ئازاد حەمە
خۆبوون وەرچەرخانی چاوەڕواننەکراو دروستدەکات
لەساتەوەختی ئیستادا و لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا خۆبوون(بوون بە خۆ)کەوتووەتە ناو قەیرانێکی بووناویی دژوارەوە. ئاوا گوتنێک، بە واتای زەبوونکردن و بێهێزکردنی من، خودی خۆبوون، نایەت، بەقەد ئەوەی واتای خۆبوون تەقەلایەکە بۆ بینینی من(خۆبوون) لە زیاد لە گۆشەیەكەوە و، وەکیتر، ئاوڕدانەوەش لە گوزارەی "من تۆ نییم"، دروستکەری تێگەیشتنە لەسەر خۆبەدیهێنان و پەنجەخستنەسەر گرنگیی منایەتی گشت منێک.
گومانمان لەوە نییە، ڕوانگەگۆڕین سەبارەت بە منی گشت منێک، یان چۆنیەتی دروستبوونی پرۆسەی خۆبوون ئاسان نییە، بەڵام پێویستمان بەوەیە، ئەوەش بزانیین،کە (منبوون) و (تۆبوون) دوو جۆرن لە منایەتی؛ دوو جۆرن لە خۆبوون. ئەڵبەتە، هیچ خۆبوونێک بوونی نییە تا منێک ئەم خۆبوونە لەخۆیدا بەرجەستەنەکات. لێرەدا ئەوەش هەر جێگای باسە،کە (من خۆم نابم) تا منێک بوونی نەبێت. سەرباریئەوە، (من خۆمنابم) تا لە ووردەکارییەکانی فێرکارییە ڕەوشتییەکان حاڵینەبم، کە ئەوانەش""ئەرکەکانمن بەرامبەر بە خودی خۆم،بەرامبەر بە ئەویتر، بەرامبەر بە خودا"".
تەماشاکردنە کڵۆڵ و بێ پێگە هزرییەکان (خۆبوون) وەک بابەتێکی چڕوپڕی فەلسەفیی مامەڵەناکەن. لەبەرئەوە گۆشەنیگا لەسەر خۆبوون، ئەوەی، کە من خۆمم و ئەویتر نییم، یان تۆنییم، زۆرە، لێ پوخت و پاراوترین گۆشەنیگا لەوبارانەوە هەردەم فەلسەفییەکانە. (خۆبوون)،کە بابەتێکی قووڵی فەلسەفییە،ئەوەمان پێدەڵێت، کە دامان، بەبێ بیرکردنەوە، لەبەردەم (من)؛ مەبەست منی مرۆڤ، نامانگەیێنێتە هیچ کوێ. بۆیە، بۆئەوەی منێک هەبێت پێویستمان بە گومانە.
ڕاناوی (من)بۆ هەرکەسێک گوزارشتە لەوەی بیرکردنەوە لە(من)بیرکردنەوەیە لە کەسێک کە هەیە؛ ئەو بیرکردنەوەیە ئەو منە دەباتەناو دڵی خۆبوونەوە.
واتە تا(من) بۆ خودیخۆ نەبێتە جێیباس هەرگیز گومان و ڕاچڵەکین لە منی کەسەکاندا سەوزنابێت. چونکە(بەخۆبوون) بوونە بە کەس، کەس وەک منێک، وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ. لە هەمانکاتدا، قسەی مرۆڤەکان لەسەر منی خۆیان مژدەیە لەسەر دروستبوونی ناسنامەی کەسیی. لێ منێکی شکستخواردوو هەردەم منێکی بێ من و بێ ناسنامەیە. منی وا لەوەش حاڵی نییە، کە نییە.
سەراپای بابەتی(خۆبوون)ڕۆنیشتنە لەسەر چۆن منی خۆمان بدۆزینەوە؛ چۆن وابکەین بوونی خۆمان بەهەدەر نەدەین. لەو سۆنگەشەوە ئەوەش دەڵێین، کە(من خۆمم) واتە (منی من)لەناو خۆمدا ناسنامەی خۆی هەیە.
لەسەر بناغەی ئەوەی لای سەرەوە گووترا دەپرسین:باشە منی مرۆڤ تراویلکەیە(سەرابە)؟پێکۆڵیکردن (پێداگرییکردن )لەسەر من پاڵنەرە بۆ نزیکبوونەوە لە خود؟ بێگومان قسەکردن لەسەر (من)، یان گشت منێک، ناسنامە و هەبوونێکی خۆی هەیە و پرسێکی گرنگیی فەلسەفیشە.
زۆرجار پێویستمان بەوەیە دەرگیریی(گرفتاریی)خودی خۆمانبین.کە ئەمە ڕووبدا، کەواتە ئێمە منی خۆمان دۆزیوەتەوە. دۆزینەوەی (من) وەکیتر دۆزینەوەی خودی خۆیە. لێرەدا سەمەرە ئەوەیە، کە(من) ئامادە نەبێت دەرفەت بۆ هەبوونی ئەم منە برەخسێنێت. جاری وایە ئەوەندەی منەکان منی خۆیان پەراوێزدەکەن ئەویتر ئەوەناکات.
ئەو دەمەی (من خۆمنییم) ئیتر منێکی تر لە دەرەوەی منی خۆم بوونی نییە، کە دروستکەری ناسنامەی بوونی من بێت. زۆرجاریش فشارە کۆمەڵایەتییەکان مرۆڤەکان لە خۆبوون دەخات. بۆیە ڕۆچوونە نێو باسی(من خۆمم)دیوی دووەمی خۆبوون و خۆناسییە. خۆناسیی و منناسیی بەرەو ئەو شوێنەمان دەبات پێیدەڵێن سروشتی مرۆڤ.
سەرباریئەوە، خۆبوون واتە بوون بە خۆ(خودی خۆناسیی). کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەو ئاستەی خۆیبێت، پتر لە ڕابردوو،یان زۆرتر لەو کاتانەی خودیخۆی لا مەبەست نەبووە لە خودی خۆی نزیکدەبێتەوە. بەم جۆرە بێت خۆبوون وا لە منی هەر یەکێکمان دەکات ببینە هاوڕێی خۆمان.
بۆ بیریارێکی وەک نیتچە چەمکی (بوونبەخۆ) واتە بوون بەو کەسەی کە هەیت. گەر خۆبوون، یان منایەتی منێک لەسەر ئەم ئایدیایە کاربکات کەواتە کەسی ناوبراو پێویستە بەپێچەوانەی ڕێسا کۆمەڵایەتیەکان، یان نەرێتە باوەکان و ئاکاری سەپێنراو ڕەفتاربکات. خۆبوون بۆ بەختەوەرییش مانادارە.
ئەوەتا ئێپکتیتۆس Epictetus،بیریاری دیاری رۆمانییەکان پێوابوو""سەرچاوەی بەختەوەری لەناوخۆی مرۆڤدادایە نەک لە شتە دەرەکییەکان"".
(خۆبوون)گەڕانەوەیە بۆ خودی خۆت. ئەمەش وادەکات منی خۆت ببینیت؛ جیاشیکەیتەوە لە منی ئەویتر. کاتێک خۆتدەبیت، خۆتت لا پەسەند دەبێت.
ئەوەش هەر شایانی باسە، کە(خۆت بە)، ڕهگوڕیشاڵی خۆبوونە. ئەمە ئافراندنە، هیواشە لەبەردەم مندا تا هەبێت. هاوکات منبوون کۆڵەکەی کەسێتی تێروتەسەلە. ئەمە بەو واتایەش دێت، کە (خۆت بە) دەکارێت ببێتە کارکردەی زۆرێک دیوی ئەرێنی لە مندا.
ئەوەش با بگووترێت، کە چەند ئێستامان هاوکارمانە خۆمانبیین؟ژیانی تازەی مرۆڤەکان لەزۆر ڕووەوە لەبار نییە بۆ بوونە خۆمان. ئەم ژیانە تازەیە دابڕاوماندەکات لە ڕاستیی بوونی خۆمان. ئێستامان جۆرێکی تر لە نامۆبوون بەرهەمدێنێت، کە بەبەراوورد بە ژیانی پێشوو تایبەتمەندی خۆی هەیە.
لە کۆتاییدا هێما بۆ ئەو لایەنەش دەکەین، کە مخابن منەکانی کۆمەڵگەی ئێمە گرفتخوڵقێن و لێوڕێژن لە بێئاگایی لە خودی خۆیان. منی کۆمەڵگەی ئێمە منێکی پەژارە و پەرتە؛ منێکە هەردەم کۆچەر و ڕەوەندە. دەمێکە ئەم جۆرە منە لە نیگایدا حەسرەت و گەڕۆکی تیاپەنهانە. دەتوانین بڵێین منی ئێمە لە هەنووکەدا یەکانگیر و تۆکمە نییە و بەدگومانانەش لە بوونی خۆی دەڕوانێت. بەهەڵکەوت نەبێت، منەکانی ئێمە سەرقاڵی خودی خۆی نابێت.
لەوە سەیروسەمەرەتر، منی ئێمە بە ئەویترەوە گرتوویەتی. واتە، بۆ منی ناوبراو(من)ی خۆی جێیباس نییە؛ ئەوە منی ئەوی دیکەیە کە چاویلکەکەی لەسەرە. بۆیە(منی ئێمەی کورد) لە هەمبەر خودی خۆیدا زۆر کرچوکاڵ و بۆشە.
PM:08:18:22/06/2026
ئهم بابهته 240
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی