مەرگی نووسەر یان لەدایکبوونی پێنووسی سێبەر؟

‌دیمەن عەبدوڵڵا

خوێندنەوەیەک بۆ داهاتووی ڕۆمان.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ دا، ناوەندی ئەدەبیی ژاپۆن، جیهانی تووشی شۆکێکی گەورەکرد، کاتێک نووسەری لاو "ڕیێ کودان" بەرزترین و بەناوبانگترین خەڵاتی ئەدەبیی وڵاتەکەی (خەڵاتی ئاکو تاگاوا)ی بۆ ڕۆمانەکەی بە ناوی "کۆشکی هاوسۆزی تۆکیۆ" بەدەست ھێنا. شۆکەکە تەنها لە خودی ڕۆمانەکەدا نەبوو، بەڵکو لەو ڕاستییەدا بوو، کە نووسەرەکە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕاشكاوی ڕایگەیاند: من ئەم ڕۆمانەم بە تەنیا نەنووسیوە، بەڵکو نزیکەی ٥٪ی دەقەکە کۆپیکردنی ڕاستەوخۆی ئەو ڕستانەبووە، کە "ژیریی دەستکرد ـــChatGPT " بۆی دروستکردووم.

ئەم ڕووداوە تەنها دەنگۆیەکی کاتی نەبوو، بەڵکو زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بوو، کە ڕایگەیاند مرۆڤایەتی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. قۆناغێک، کە تێیدا سنوورەکانی نێوان خەیاڵی مرۆڤ و ئەلگۆریتمی کۆمپیوتەر کاڵ دەبنەوە. دەکرێت بەشێویەکی تر ئەم گۆڕانکاری و وەرچەرخانە، پیشانمان دەدات، کە ئەدەب چیتر تەنها باس لە مەترسیی کۆمپیوتەرەکان ناکات، بەڵکو باس لەوە دەکات، کاتێک سنووری نێوان مرۆڤ و ماشین کاڵ دەبێتەوە، لەوێوە "مرۆڤبوون" خۆی چی مانایەکی دەمێنێت؟ لێرەوە پرسیارێکی جدی سەرھەڵدەدات: ئایا ئەم ٥٪ـە تەنها سەرەتایەکە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ماشینەکان بە ڕێژەی ١٠٠٪ جێگەی ڕۆماننووسان بگرنەوە و مەرگی نووسەری مرۆڤ ڕابگەیەنن؟! یان ژیریی دەستکرد، تەنها دەبێتە پێنووسێکی پێشکەوتوو و هاوکارێکی بێدەنگ لە دەستی داهێنانی مرۆڤدا؟

ماوەی چەندین دەیەیە، ژیریی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان، تەنها کەرەستەیەکی خاوبوون لە دەستی نووسەرانی شێوازی "خەیاڵی زانستی ـــ"Science Fiction . لە ڕۆمانە کلاسیکییەکانی، وەک بەرهەمەکانی "ئایزک ئەسیمۆڤ یان فیلیپ ک. دێک"، ژیریی دەستکرد هەمیشە وەک هێزێکی دەرەکی، نامۆ و زۆرجاریش وەک هەڕەشەیەکی "دیستۆپیایی" وێنا دەکرا، کە دەیەوێت جیهان کۆنتڕۆڵ بکات و مرۆڤایەتی لەناو ببات. لێرە دەکرێت باس لە دوو جۆر بکرێت. یەکەم ماشینەکان لەو ڕۆمانانەدا بێبەشبوون لە هەر جۆرە لایەنێکی ڕۆحی و تەنها نوێنەرایەتی ساردی و باڵادەستیی تەکنەلۆجیایان دەکرد، بەڵام لە ئێستادا، ئەم وێناکردنە گۆڕانکارییەکی قووڵی بەسەردا هاتووە. دووەم مەبەستەکە تەنها بۆ ڕێکخستنی دەربڕینە سارد و تەکنیکییەکان بوو، نەک بۆ نەخشاندنی لایەنە گەرم و مرۆییەکانی چیرۆکەکە بوو.

ڕۆماننووسانی ئەمڕۆ، وەک ئەوەی لە نموونەکەی "ڕیێ کۆدان"دا بینیمان، چیتر وەک دوژمنێکی داهاتوو سەیری ژیریی دەستکرد ناکەن، بەڵکو وەک بەشێک لە واقیعی ڕۆژانەی مرۆڤی هاوچەرخ مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. لە ڕۆمانی نوێدا، "AI" دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ دەرخستنی درزە دەروونییەکانی مرۆڤ، کە دەبێتە هاوڕێیەک بۆ کەمکردنەوەی گۆشەگیری یان گوێگرێک، کە کارەکتەرەکان تەنیایی و خەمەکانی خۆیانی بۆ هەڵدەڕێژن.

مێژووی ئەدەب پێمان دەڵێت، کە ڕۆمانی ڕاستەقینە لە "ئازار، ئەزموونی ژیان، شۆک و قووڵایی هەستی مرۆڤانە"وە لەدایک دەبێت. نووسەر کاتێک کارەکتەرێک دەخاتە ناو تاقیگەرییەکی سەختەوە، خۆی پێشتر تامی شکست، دڵشکان، مەرگی ئازیزان و ترسی لەدەستدانی چەشتووە. ئەم ڕەهەندە ڕۆحی و بوونگەراییە، کە وای لێدەکات خوێنەر بگریەنێت یان بیخاتە سەر لێواری گومان. لێرەدایە، کە ژیریی دەستکرد تووشی بنبەست دەبێت، ماشینەکان دەتوانن پێناسەی "خەمۆکی" یان "خۆشەویستی" بکەن، بەڵام ناتوانن هەستی پێبکەن، چونکە هیچ جەستە و ڕۆحێکیان نییە لە واقیعدا بژی. بۆیە ئەو ٥٪ـەی، کە ڕیێ کۆدان لە ڕۆمانەکەیدا بەکاریهێنا.

بەکورتی، مێژووی ئەدەب پێمان دەڵێت، کە مرۆڤ هەمیشە شێوازی نووسینی خۆی بەپێی سەردەم گۆڕیوە، لە نەخشاندنی سەر تاشەبەردەکانەوە، بۆ پێنووسی پەڕ و پاشان ئامێری تایپ و کۆمپیوتەر. لە هەموو ئەو قۆناغانەشدا، ترس لە تەمەڵبوونی خەیاڵ یان مەرگی داهێنان هەبووە، بەڵام ئەدەب هەمیشە ڕێگەی خۆی دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی ڕەسەنایەتی خۆی بپارێزێت. ژیریی دەستکردیش، تەنها قۆناغێکی نوێی ئەم گەشتە درێژەی مرۆڤایەتییە. کەواتە "AI" تەنها ئامرازێکە مرۆڤ ڕۆحەکەیەتی و ئاراستەی دەکات. لەبەرئەوە، ئەم جۆرە بابەت و دیاردانە پێویستیان بەزیاتر "لێکۆڵینەوە، دیدار و کۆنفرانس" هەیە، چونکە هەر مۆدێل و دیاردەیەکی نوێ، پێویستی بەزیاتر دایلۆگ و شیکردنەوە هەیە، چونکە هێشتا زوویە ئێمە باسی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی پەیدابوونی ژیری دەستکرد بکەین.



PM:08:55:20/06/2026

ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی