ڕێککەوتنی ئەمریکاو ئێران: لۆژیکی چارەسەر یان ئاگربەستی ناچاری؟

‌حسێن مەحمود

ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕێککەوتنێکی ناچارییە،نەک ئاشتبونەوەیەکی مێژویی، چونکە هەردولا شەکەت ببون لەم جەنگەدا،بەپێی ڕێککەوتنەکە هەموو کردەوەیەکی سەربازی کۆتایی دێت وگفوگۆکان بەردەوام دەبن بۆ ماوەی دوو مانگ سەبارەت بە دۆسیە ئەتۆمی و ئەمنی و ئابورییەکان و دەستپێکردنەوەی کەشتیڕانی لەدورگەی هورمز.

لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دوژمنایەتی هەمیشەیی و دۆستایەتی هەمیشەیی نییە،بەڵکو بەرژەوەندی هەمیشەیی هەیە، بۆیە ئەم ڕێککەوتنە سەرکەوتنی قوتابخانەی واقعییە لەسیاسەتدا، بەپێی ئەم قوتابخانەیە هەرکاتێک زیان زۆرتربوو لەقازانج، کۆتایی هێنان بەگرژی کاری لەپێشینە دەبێت.
ئەمریکادەیەوێ کۆتایی بە گرژییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بێنێ لەپێناو جێگیری بازاڕی وزە، لەبەرامبەریشدا ئێران دەیەوێ ئەوتەوقە ئابورییە شل کاتەوە کەئاڵاوەتە گەردنی ونەفەسێکی سیاسی و ئابوری بدات.

لەجەنگەوە بۆ مودارای ململانێ

ئەم ڕێککەوتنە مانای کۆتایی پێهێنانی کێشە بونیادییەکانی نێوانیان نییە،بەڵکو گواستنەوەیە لەمەیدانی جەنگەوە بۆ سەرمێزی گفتوگۆ، بۆ نمونە دۆسیەکانی وەک بەرنامەی ئەتۆمی وسزاکان و ڕێکخستنەوەی ئەمنی هەرێمی، یەکلانەکراونەتەوە بەڵکو سپێردراون بەکۆبونەوەکانی داهاتوو،ئەمەش دەرخەری ئەو یاسا ناسراوەیە کەدەڵێت : " ئاشتی مانای کۆتایی ململانێ نییە، بەڵکو "ڕێکستنی ململانێیە" بەپێی یاسایەک کەدەکرێ تەحەکومی پێ بکرێت"

سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ

ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە بەردەوام بێت،ناوچەکە لە " بەرەی ڕووبەڕووبونەوە " دەگۆڕێ بۆ " بەرەی،بەرژەوەندی ئابوری" ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبونەوەی مەترسی لەسەر بازرگانی نەوت و وزەو گەڕانەوەی وەبەرهێنان بۆ ئێران بەشێوەی قۆناغبەندی و هەروەها پاشەکشەی ڕووبەڕووبونەوەی سەربازی و زیادبونی ڕۆڵی دیبلۆماسیەتی هەرێمی.

ئایا ئەم ڕێککەوتنە ئاشتی هەمیشەییە؟

لەمێژوودا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران پڕلەگرژی وئاڵۆزی بووە، بۆیە ئەم لێکنزیکبونەوەیە زیاترلەهودنەیەکی ستراتیژی دەچێ وەک لەوەی کە ئاشتییەکی هەمیشەیی بێت،چونکە سەرکەوتنی ئەم ڕێککەوتنە پەیوەستە بە پابەندبونی هەردوولاوهەڵوێستی هێزەهەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە.

(کارل شمیت) فەیلەسوفی ئەڵمانی دەڵێت: " سیاسەت بریتییە لەجیاکردنەوەی دۆست لەدوژمن) بەڵام لەسەردەمی قەیرانە گەورەکاندا زۆرجار دوژمن دەبێتەهاوبەشێکی کاتی.

ڕەهەندەستراتیژییەکان

ڕەهەندێکی ستراتیژی هەیە،کە ئەم پرسە دەبەستێتەوە بە ململانێیەکی جیهانی گەورەترەوە ئەویش بریتییە لەململانێی ئابوری و تەکنەلۆژی ئەمریکاو چین لە دەریای باشوری چین،( هاوکێشەی تایوان و دورگەی چیبسی ئەلیکترۆنی) ، ڕوو وەرگێڕانی ئەمریکا بەرەوخۆرهەڵاتی ئاسیا ناچاری دەکات،کەگرژیەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کەم بکاتەوە لەپێناو سەلامەتی ڕێڕەوە ئاوییەکانی دورگەی هورمز بۆ گواستنەوەی وزە.لەم ڕێککەوتنە دا هەردوولا هەوڵدەدەن یاری هاوسەنگ بکەن،ئەمریکا لەجیاتی ڕوخاندن دەیەوێ ئێران بەرزەفت بکات، ئێرانیش دەیەوێ وەک هێزێکی گەورەی هەرێمی بمێنێتەوەو گوشاری ئابوری لەسەر کەم بێتەوە، بۆیە ئەم دیمەنە لەسینەمایەکی سیاسی دەچێ، لەسەر شاشەکان دروشمی حەماسی دەگوترێتەوە، بەڵام لەپشت کەوالیسەوە سەفەقات دەنوسرێتەوە.


PM:06:41:20/06/2026

ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی