لە ئێرانی شۆڕشەوە بۆ ئێرانی دەوڵەت
هونەر تۆفیق
یەکێک لەو دەستکەوتانەی ئەم جەنگەی ئەمریکا_ئیسرائیل بۆ ئێران ، گواستنەوەی ئێرانیەکانە لە دۆخی شۆرشەوە بۆ دۆخی دەوڵەت .
مەگەر فەرەنسیەکان هێندەی ئێرانیەکان کەیفیان بە خۆپیشاندان و شۆڕش هاتبێت .
- لەگەڵ بەنی عەباسدا شۆرشیان بەسەر ئەمەوییەکاندا کرد .
- لەناو عەباسیەکاندا شۆڕشەکانی شعوبی ، زنجی ، حەشاشیەکان - هەروەها سەفەوی ، تەنباک ، تا ١٩٧٩ دژە شاه
چل و حەوت ساڵە کۆماری ئیسلامی ، کۆماری شۆرشێکی بەردەوامە . نەوەی یەکەم بە کەسی خومەینی ، خامەنەئی ، رەفسنجانی ، بەرپاکەرانی شۆرش و نەوەی دووەم سەرسەختر لەنەوەی یەکەم بە پارێزەرانی شۆرش دەناسران .
هەر لەناو ئەو دوو جەمسەرەی شۆرشدا ، نەوەیەکی ئیداری لە حکومەت و سوپا و بەسیجدا کە لەپاش هەلگیرسانی شۆڕش و جەنگی عێراق - ئێران لەدایکبوون لەهەوڵدان چیدی وڵاتەکە لە دۆخی شۆڕشەوە بگۆڕن بۆ دۆخی دەوڵەت ، بەڵام لەحەزرەت نەوەکانی پێشوو ئەو هەنگاوەیان بۆ نەدەنرا .
کوژران و فەوتبوونی سەرکردە باڵاکان ، ڕێگەخۆشکەری ئەو نەوەیەن کە بەلایانەوە شەرعیەتی سیاسی لەبری شۆڕش دەبێت لە دەوڵەتەوە بێت .
هەڵبەتە ئەمانیش لەو توخمە نەرم و ملکەچە نین کە خۆرئاوا چۆنی بوێت وەهابن . پێچەوانەی تێگەیشتنی ئەمریکیەکان کە پێیان وابوو سازشکار دەبن ، ئەم نەوەیان راستە بێخەمن لە چارونووسی شۆرش تا حەدی داخستن و کۆتایی پێهێنانی ، بەڵام سەلماندیان لە شۆڕشگێرەکان جەنگاوەرترن بۆ بە دەوڵەت کردنی وڵاتەکەیان لە ناوچەکە و جیهاندا.
PM:10:36:19/06/2026
ئهم بابهته 108
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی