ڕاڤەیتر2: نەگووتراو
ئازاد حەمە
نەگووتراو ، یان ئەوەی جارێ نەبووە بە گووتن
نەگووتراو، ئەو چەمکە یان دەربڕینەیە جارێ نەبووە بە گووتن. بێگومان نەگووتراوەکان لە فەلسەفەدا جێگای گفتووگۆی قوڵن؛ گومانیشمان نییە گەر نەگووتراوی زۆرێک لە بیرمەندەکان ببوایە بە گووتن، ڕەنگە ئێستا فەلسەفە لە ئاستێکی تری هزری بوایە. گۆکردنی نەگووتراوەکانی(نەگووتراوە بیرلێکراوەکانی) بیریاران مانادارن بۆ ژیانی مرۆڤەکان؛ دەتوانن دەستکاری ژیانمانبکەن. بەڵام ئەوە قەد بێدەنگیی بێنرخناکات. ئەوەتا سپینوزا دەڵێت: جیهان بەختەوەرتر دەبوو گەر مرۆڤەکان ئەو دەمانەی دەبوو قسەبکەن، بیانتوانیایە بێدەنگ بن. لێرەدا بێدەنگی بۆ سپینوزا بە واتای نەگووتن دێت.
هەموو دەزانیین، کە گووتن هەیە، لێ زۆرجار لەناو گووتندا دیوێکی شاراوە، باسنەکراو هەیە، کە دەچێتە خانەی نەگووتراوەکانەوە. ئەوەش باسنەکراو و بەنهێنیکراوەکان لەخۆدەگرێت. وێڕایئەوە، شەڕی نێوان گووتراو و نەگووتراو کۆنە. ئاسانیش نییە دەستەمۆکردنی ئەم جۆرە شەڕە. نەگووتراو پڕ پڕە لە نادیاریی، تارمایی. ئەوەش لەبەرئەوەی نەگووتراوەکان نەدرکێنراوەکانن.
نەگووتراو وەکیتر گۆنەکراوە. گووتنێکە هێشتا نییە. تەنها زمان دەتوانێت گووتراوەکان لە نەگووتراوەکان جیابکاتەوە. ئەڵبەتە زۆرێک لە گووتراوەکان لەیەکدی دەکەن، لێ نەگووتراوەکان لە هیچ ڕووێکەوە هاوشێوەی یەکتر نیین. ئەوەش بەهۆکاریئەوەی نەگووتراوەکان بوونیان نییە بۆیە ناتوانیین هاوشێوەکانیان دیاریکەین. نەک هەر ئەوە، بگرە ناهاوشێوەکانیشیان هەر نیین.
گووتنی مردووەکان هەردەم لە هەلومەرجی نەگووتراودان. ئەوان ڕۆشتن و کۆتاییان بە گووتن هێنا. مامۆستا عەبدوڵا گۆران و سەیاب، یان گرامشی و تشیڤارا، یاخود پێکاسۆ و برێخت ئەوەی گووتیان کۆتا گووتنیان بوو. مردووەکان ناتوانن هیچ بخەنەسەر خەرمانەی گووتراوەکانیان.هەروەها گووتنی مردووەکان لەپاش مردنیان بریتیین لە گووتراوەکانی پێشوویان؛ لە کۆتاییدا ئەوەی ناسنامەی مردووەکان دیاریدەکات نەگووتراوەکانیانە کە بێئاگاینلێیان.
گووتن یان قسە ئەو دەمە هەیە، کە بیرکردنەوە هەیە. بیرکردنەوە نەما گووتن، قسە، نامێنێت. بەڵام خودی بیرکردنەوە دەشێت هەبێت و گووتنیش نەبێت. ئەمە ئەو بیرکردنەوەیەیە،کە نایەوێت گووتن بەرهەمبهێنێت. بیرکردنەوە کاتێک یاخیدەبێت گووتن، قسەکردن، دەوەستێت. بەمە هیچگووتن دروستدەبێت. مرۆڤیش ڕاهاتووە ئەمە ناوینێت هیچنەگووتن، یان قسەنەکردن.
دەکرێت ئاواش لە نەگووتراو تێبگەین: ئەوەی نەگووتراوە واتە گوزارەلێکراو نییە؛ دەرنەبڕدراوە و هێشتا ئاخاوتنی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، کە گووتن هەبوو، واتە ناسنامە هەیە، شتێک بیریلێکراوەتەوە و پێکهاتەیەکی پەیڤینیشیی هەیە. سەرباری ئەوە، نەگووتراو ئەو شتەشە بێهەستە. لەبەرئەوەی شتەکە نەگووتراوە هیچ هەست و پەرچەکردارییەکی تیادروستنەکردووین؛ نە ئاگاییمان لەسەری هەیە و نە هەڵوێستمان لەبارەیەوە هەیە.
گرنگە لێرەدا و تایبەت بە نەگووتراو هێما بۆ چەمکێکی هاوشانی بکەین، کە بێدەنگییە. کاتێک مرۆڤەکان دەکەونە دۆخی نەگووتنەوە بێدەنگی هەڵدەبژێرن. ئەمە بەو مانایەش دێت، کە نەگووتراو و بێدەنگیی توخمی یەکتریانتێدایە، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی هەندێک جیاوازی لەنێوان چەمکی نەگووتراو و چەمکی بێدەنگیی. ڕاستە ئەوەی نەگووتراوە بێدەنگیلێکراوە، بەڵام ئەوانەی نایانەوێ ئەوە بڵێن،کە دەبوو بگووترایە مانای ئەوە نییە بێدەنگن، مانای ئەوەیە نەگووتن بۆ ئەوان خۆشاردنەوەیە لەناو بێدەنگییەکی سەپێنراو، کە پێشناچێت تەمەنی درێژبێت.
قسەکانی لای سەرەوە ئەوەمان پێدەڵێت، کە نەگوتراو ئەو بەشەیە، کە لە گوتندا نەگوتراوە. بۆ قسەکەر نەگووتن لەوێ بەسوودترە لە گووتن. زۆرجاریش لەبەرئەوەی لە گووتندا ئاشکراکردن و پەردەهەڵماڵین لەسەر شتەکان دێتەئاراوە. کەوابێت نەگووتن سەلامەترە. لێرەوە دەگەینە ئەو شوێنەی بڵێن: نەگووتن لە پەیوەندیدایە بە مێژووی شاردنەوەوە. ئەمە بەو مەرجەی نەگووتراوەکان بریتیبن لە بیرلێکراوی نەگووتراو.
ئەڵبەتە پێویستیشە جیاوازی بکرێت لەنێوان دوو دەستەواژەی نەگووتراودا: دەستەواژەی نەگووتراوی بیرلێکراو و دەستەواژەی نەگووتراوی بیرلێنەکراو. ئەوەی بێدەنگی لەسەری مشەخۆرە نەگووتراوی بیرلێکراوە. ئەوەی لە گووتندا ترسناک و دروستکەری بێدەنگیی و نهێنییە هەر نەگووتراوی بیرلێکراوە. هێما بۆ ئەوەشدەکەین، قوتابخانە فەلسەفییەکانی بیرکردنەوە بۆچوونی فەلسەفیی و زمانەوانی زۆریان سەبارەت بە نەگووتراو و گووتراو خستووەتە ناو ئەندێشەی فەلسەفییەوە، کە ئێرە جێگای باسکردنیان نییە.
گومانیناوێت، نەگووتراوەکان لێوانلێون لە پشگوێخراو و پەراوێزخراوەکان. هاوکات لەبەرئەوەی بە پێکهاتەی نەگووتراوەکانی مرۆڤەکان ئاشنانیین هیچمان لەبارەی چییەتی ئەو گووتنانەوە لەبەردەستانییە، کە دواتر دێن. ئەمەو لەبەرئەوەی نەگووتراوەکان جارێ نەبوونە بە گووتن هیچ حاڵیبوونێکمان لەسەر سێستەمی زمانەوانیان نییە. بۆیە نەگووتراوەکان نە بەهادارن/ و نە بێبەها.
کەی دەگەینە ئەو ئاستەی نەگوتراو بڵێین؟ڕەنگە ئەوە بۆ زۆرێکمان بریتیبێت لە دۆزینەوەی ساتێکی گونجاو بۆ گوتنی نەگوتراوەکان. ئەمەش لەبەرئەوەی ڕەچاوی چوارچێوەی کۆمەڵایەتی/ سیاسیی و کولتووریی نەگووتراوەکان جێگای باسە. کەوابێت، بۆ گووتنی نەگووتراو، گووتن دوای بێدەنگییەکی درێژخایەن، پاش ئاشکراکردنی شتێک، یان گووتن دوای توڕەبونێک شتیتر لەگەڵ خۆیدا دێنێت. زۆرجاریش گووتراوە سواوەکان وامانلێدەکەن لە چاوەڕوانی ئەوەدابیین، کەی نەگووتراوەکان دەبنە گووتراو.
کۆتا دیتنمان لەبارەی نەگووتراوەوە، ئەوەیە، کە گەلێکجار مشتومڕکردن لەسەر مانای پشت دەرنەبڕاوەکان مەرج نییە بمانگەیێننە شوێنێک تێگەیشتنمان لەسەر چییەتی نەگووتراوەکان هەبێت. بۆنموونە، فاشیستەکان بەربەستبوون لەبەردەم گووتندا؛ لە دیرۆکی خۆیاندا دروستکەری نەگووتن بوون، ئەو نەختە گووتنەش لە دەمی نازی و فاشییەکاندا گووترا تائیستاش لە گووتراوە پڕبەهاکانن (گرامشی، یاسنینی شاعیر بەنموونە). شاری ئێمەش لە هەنووکەدا دابڕاو نییە لەو ژینگە فاشییەی کە ئاماژەمانپێکرد؛ کە دۆزێکی لە نەگووتراوی بۆدروستکردووین، سەرباری ئەو چەنەبازییەی شارەکانی ئێستامانی تەنیوەتەوە، هێشتا نەگووتراوەکان هەر لە زیادبووندان.
سەرنج: نەگووتراو unsaid/unspoken
*پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
PM:04:13:16/06/2026
ئهم بابهته 104
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی