ئەم ڕق لێبونەوە، ڕەگی گولییە دەبێ بیبڕین!
فارس نەورۆڵی
لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بەتایبەتی لە دەڤەری هەڵەبجە، ئەگەر کەسێک ڕەفتارێکی خراپی هەبووایە و بەردەوام بووایە لەسەری، بە جۆرێک ببووایە بە بار بەسەر خەڵکەوە، دەیانووت «ئەمە ڕەگی گولییە و دەبێ ببڕدرێت».
گولی نەخۆشیەکە مرۆڤ توشی داڕزان دەکات ،ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، دەتوانین بڵێین «یەکترقبووڵنەکردن و ڕق بوون لەیەکدی لە کایەی سیاسیدا بووەتە ڕەگی گولی و بەردەوام وەک برینێکی کەمتیار (گولی) خۆی تازە دەکاتەوە، بە پێچەوانەی جیهانەوە کە سیاسەت داینەمۆی خزمەتکردنی کۆمەڵگەیە؛ چونکە دیاردەی ململانێی سیاسی بزوێنەری گۆڕانکاری و پێشکەوتنە، بەڵام کاتێک ئەم ململانێیە لە کێبڕکێی خزمەتکردنەوە دەگۆڕێت بۆ ڕق و سڕینەوەی یەکدی، پرۆسەی سیاسی و خودی سیاسەت لە چارەسەرەوە دەگۆڕێت بۆ دروستکردنی کێشە، و لە ئامرازێکی ئاوەدانییەوە دەبێتە تەڵەنانەوە بۆ یەکتر.
ئەمڕۆ لە چڤاکی کوردیدا، ئەم نەخۆشییە بووەتە ڕەگ و لەناو ڕۆح و ئەقڵی کوردیدا خۆی داکوتاوە، کە دەکرێ پێی بڵێین ڕەگی گولی. ئەمە بووەتە کولتوورێکی نالۆژیکی کە تێیدا هیچ لایەنێک ئامادە نییە دان بە هیچ جوانی و ئەرێنییەکی بەرامبەرەکەیدا بنێت، تەنانەت ئەگەر بە باشترین شێوەش خزمەتی خەڵک بکات. ئەم دۆخە گەیشتووەتە ئاستی بەرهەمهێنانی ڕقێکی کوێرانە؛ ئەگەر حزبێک پڕۆژەیەکی پێشکەش بە خەڵک بکات کە لە بەرژەوەندیی گشتیدا بێت، لەبری پێزانین و هاندان، لایەنگرانی حزبەکانی دیکە هەوڵی بێبایەخکردنی دەدەن. ئەم نەخۆشییە لە کۆی ئەقڵی حزبیی کوردیدا جێگای خۆی کردووەتەوە. لە ڕاستیدا ئەمە، جیا لەوەی نیشانەی لاوازیی بیرکردنەوە و ئیفلاسی فیکرییە، وەک ژەهریش چووەتە ناو ئەقڵی گشتیی ئێمەوە و پێویستی بە وشککردن و بڕینی ڕەگەکەی هەیە؛ چونکە قووڵتر ڕەگداکوتانی ئەم دیاردەیە، نەک هەر جەستەی کۆمەڵگە دادەڕزێنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی داڕوخانی بونیادی ئەخلاقی و فیکریی کۆمەڵگەش. کاتێک ئەم ڕق و کینەیە دەبێتە مۆدێلی باڵای پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، کۆمەڵگە لە ناوەوە لە هەموو بەهایەک دادەماڵێت.
فەیلەسوف باروخ سپینۆزا لە کتێبی «ئەخلاق»دا دەڵێت: «ڕق لێ بوونەوە لە یەکدی، جۆرێکە لە لاوازبوونی توانای ئەقڵی». فریدریش نیچەش دەڵێت: «کاتێک مرۆڤ ناتوانێت بە شێوەیەکی ئەرێنی و داهێنەرانە هێزی خۆی دەربخات، پەنا بۆ ڕق لێ بوونەوە لەوانی دیکە دەبات، ئەمەش وەک شەرعیەتدانێک بە شکستەکانی خۆی ،بڕینی ئەم ڕەگە لای نیچە، پێویستی بە دەستکاریکردنی سیستمی بەهاکان هەیە. هەروەها لەسەروبەندی شەڕە ئاینی و مەزهەبییەکانی ئەوروپادا، ڤۆڵتێر هاواری دەکرد: (دۆگماتیزم دایکی هەموو ڕق و کینەکانە)بڕینی ئەم ڕەگە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، بە نوێکردنەوەی جیهانبینیی سیاسیی حزب و خودی کۆمەڵگەی کوردی دەکرێت؛ چونکە کاتێک ڕەتکردنەوەی هەموو شتێک، یاخود بینینی چاکە و خراپە تەنیا لە یەک دیدگاوە دەبێتە بنەما، لێرەوە دەبینە مرۆڤی دۆگما و ڕاستییەکانیش دەبنە قوربانیی ئەو بیرکردنەوە بەستووانە.
ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەم یەکترقبووڵنەکردن و ڕق لێ بوونەوە کوێرانەیەوە هەیە ،کە بەبێ تێگەیشتن لە خۆ و بەهۆی نەبوونی پڕۆژەیەکی گەورەی نیشتمانییەوە دروستبووە.
پڕۆژەیەک کە هەموو خەڵک خۆی بە خاوەنی بزانێت. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستمان بە بڕینی ئەو ڕەگە گولییە هەیە کە ڕۆچووەتە ناو بیرکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردییەوە، بە جۆرێک کە کەس کەسی دیکەی قبووڵ نییە.
دواجار، پێویستمان بە پێناسەکردنەوەی خۆمان هەیە لە ڕستەیەکی لۆژیکیدا، تا بە خۆمان، دەوروبەرمان و جیهانیش بڵێین: ئێمە کێین و چیمان دەوێت؟ دەبێت لە پێناسەی تەسکی حزبییەوە، بەرەو پێناسەیەکی هاوبەشی کوردستانی هەنگاو بنێین وەک ئامانجی سەرەکی، و کار بۆ پاککردنەوەی پاشماوەکانی ئەو ڕەگە ژەهراوییە لە جەستە و ڕۆحی نەتەوەییماندا بکەین.
PM:09:44:15/06/2026
ئهم بابهته 108
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی