ماڵی کورد و گەمەی تۆم و جێری

‌فارس نەورۆڵی

مێژووی بەرهەمهێنانی ئەنیمەیشنی (تۆم و جێری) کە بۆ ساڵی ١٩٤٠ دەگەڕێتەوە، یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین چیرۆکەکانی مێژووی سینەما و تەلەفزیۆن. ململانێی تۆم و جێری تەنها شەڕی پشیلە و مشکێک نییە، بەڵکو ململانێیەکی بەردەوام و هاوسەنگییەکی فەلسەفیی مانادارە ،تۆم ناتوانێت بێ جێری بژیت و جێریش بەبێ بەدواداچوونەکانی تۆم و بەبێ کاردانەوە و وەڵامدانەوەی  لەبەرامبەر زەبرەکانی تۆمدا خۆشحاڵ نابێت. ئەوان لە کاتی تەنگانە گەورەکاندا هاوکاریی یەکدی دەکەن، بەڵام لە کاتەکانی دیکەدا هەوڵدەدەن گەورەترین گورز بسرەوێننە یەکدی.

ئەم فۆرمە لە ململانێ، بەسەر مێژووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕکابەرەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێبەجێ دەبێت. نمونە :شەڕی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئێران ؛لە دوای ڕووخانی ڕژێمی شاهەنشاییەوە، پەیوەندیی تاران و واشنتۆن چووە قۆناغ و فۆرمێکی دیکەوە و وەک گەمەیەکی سیاسی و سەربازیی ئاڵۆز بەڕێوەدەچێت؛ ململانێیەک لە نێوان دەوڵەتێکی گەورە و زەبەلاخی سیاسی، سەربازی، ئابووری و میدیاییدا لەگەڵ نەیارێکی سەرسەختدا. لەم هاوکێشەیەدا، ئەمریکا سیاسەتی کۆنترۆڵکردن و تەمبێکردنی لایەنە بچووکە ڕکابەرەکانی پێڕەو دەکات، لە بەرامبەردا لایەنەکەی دیکە بەو زیرەکی و مەعریفە دیپلۆماسییەی کە هەیەتی، ڕێگای تاکتیکیی جۆراوجۆر دەگرێتە بەر بۆ دۆزینەوەی درز و خاڵە لاوازەکانی هێزە زەبەلاحەکە، تا خۆی لە داو و تەڵەکان ڕزگار بکات و هەندێک جاریش کێشەی گەورە بۆ هێزە گەورەکە دروست دەکات.

ئەم هاوکێشەیە خەریکە سەردەکێشێت بۆ خولگەیەکی بەردەوام کە تێیدا نە لایەنە زەبەلاحەکە دەتوانێت کۆتایی بە گەمەکە بهێنێت و لایەنەکەی دیکە قوت بدات، نە لایەنەکەی دیکەش واز لە سەرکێشییەکانی دەهێنێت. بەمەش ناوچەکە سەقامگیریی تەواو بەخۆیەوە نابینێت و هەمیشە لە دۆخی "نەشەڕ و نەئاشتی"دا دەژی. ئەمریکا وەک هێزێکی گەورە هەمیشە دەیەوێت لە ڕێگەی ئامرازی جۆراوجۆرەوە وەک گەمارۆی ئابووری، هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی و هێزی سەربازیی هێرشبەر ئێران بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، لە بەرامبەردا ئێران باش دەزانێت کە ناتوانێت لە ڕێی ڕووبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆوە بەرگەی شەڕی سوپایی بگرێت، بۆیە پەنا دەباتە بەر ستراتیژی شەڕی بریکاری (پڕۆکسی). کاتێک ئەمریکا تەونێک بۆ ئێران دەچنێت یان تەڵەیەک بۆ گۆشەگیرکردنی دادەنێت، ئێران ڕێگەیەکی نوێی دەربازبوون دەدۆزێتەوە و سەرنجی واشنتۆن دەگوازێتەوە بۆ سەر بابەتێکی دیکە. ئەم یارییە لە چەند وێستگەیەکدا دووبارە بووەتەوە، وەک: کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، سەپاندنی گەمارۆی ئابووری و شەڕی درۆنەکان.

گەر بە دیدێکی مێژوویی لە واقیعی ئێستای پەیوەندییەکانی ئەم دوو دەوڵەتە بڕوانین، پێدەچێت ئەمریکا کاری بەوە بێت ئەم گەمەیە جارێ وەک زنجیرەیەکی بێ کۆتایی بەردەوام بێت، بەبێ ئەوەی هیچ لایەک خۆبەدەستەوەدانی فەرمی ڕابگەیەنێت. لە ئێستادا وێنەکە بەو جۆرەیە، با چاوەڕوان بین ڕۆژانی داهاتوو چیمان پێ دەڵێن.

ئەوەی پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە؛ لە زنجیرەی بێ کۆتایی ململانێی ناوچەکەدا، کورد پێویستە زیرەکیی "جێری" هەبێت بۆ مانەوەی خۆی بەبێ ئەوەی بچێتە ناو سەرکێشییە مەترسیدارەکانەوە. تاکە ڕێگا بۆ ئەوەی نەبینە قوربانی و کارتی مامەڵەی سەرمێزی گەمەکە، بریتییە لە: هاوسەنگیی دیبلۆماسی، ڕێکخستنەوەی بەرەی ناوخۆ و دوورکەوتنەوە لە تێوەگلان لە شەڕی بریکاریی لایەنەکان. بۆ ئەمەش پێویستمان بە یەکگوتاریی سیاسی هەیە، ئەگینا ماڵەکەی ئێمە دەبێتە مەیدانی گەمەکانی تۆم و جێری و داری بەسەر بەردەوە ناهێڵن.


PM:11:57:14/06/2026

ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی