بۆ موزایەدەچییەکان، موزایەدەی دینیی.. فۆرمێکی داڕووخاوی ئەخلاقی و دواکەوتوویی عەقیدەیی
ئهبو بهكر كاروانی
دوای مەراسیمی ناساندنی دیوانی پاییزە خەونی سەربەخۆیی (کە کاتی خۆی کاک سەربەست مەنمی بەرپرسی ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ پێی خۆشبوو ئەوان وەک ڕێکخراوی ناوبراو چاپی بکەن و دوای ئەوەی خۆی بووە بەرپرسی بەشی کلتووری دامەزراوەی ڕوانگە بە ناوی ئەوانەوە بڵاو کرایەوە) کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە. چەندین کەسێتی بەڕێزی ڕۆژهەڵات و ئەورووپا و هەرێم لەڕێی تەلەفۆن و نامەوە دەستخۆشیان لێکردم، کە هەندێ لەوان سەر بە ناوەندە ئیسلامیەکە بوون و بانگخواز و کەسێتی ئیسلامیان تێدا بوو، لەسەر ئاستە میللیەکەش لە ڕۆژهەڵات و باشور و ئەوروپاش پێشوازییەکی گەرمی لێکرا. لە بەرامبەرەوە، هەندێک کەسیش کە بە زۆری گەنجی تازە پێگەیشتوو زۆریشیان سەر بە ناوەندە ئیسلامییەکە بوون، بێ ئەوەی وەك ئەوەی دین و ئەخلاق و حەقیقەت لێیان دەخوازێت، گوێ لە قسەکانی من بگرن و بزانن باسی چیم کردووە و بە چ نەفەسێکی ئیسلامی و نەتەوەیی متمانە بەخۆ قسەم کردووە، هەر لەڕوانگەی هەندێ وێنەوە و ئامادەبوونی سەرۆکی دەزگای روانگە لە مەراسیمەکەدا، بێ ئەگایانە حوکمیان دابوو سنووری دین و ئەدەب و داب و نەریتی کوردەواریشیان بەزاندبوو. بۆیە دەربارەی ئەمەو زۆرشتی تر لە ڕابردوو داهاتووشدا ئەم چەند خاڵەی خوارەوە دەخەمە بەردەم ڕای گشتی.
١- بیست ساڵ زیاترە هەندێ تۆمەت دەخرێتە پاڵم کە لە فڵان هێز و ناوەندەوە و نزیکم، وا دەزانم بیست ساڵ بەسبێت بۆ دەرکەوتنی ناڕاستی ئەم تۆمەت و قسە بۆشانە، بۆیە دووپاتکردنەوەیان جگە لە گەمژەیی هیچی تر نیە. ئێمە تا ئەو سەر لەگەڵ هیچ هێز و لایەنێک نین لەڕوانگەی هەڵوێست و دیدگاکان لەگەڵ فڵان هەڵوێستی ئەم لایەن یاخود ئەوی تریان، لەیەککاتیشدا دەکرێت پشتیوان و دژیش بین، بۆ نموونە لە ئاستە نەتەوەییەکەدا پشتیوانی هەڵوێستێکی دیاریکراوبین و لە ئاستە حوکمڕانییەکە ئۆپۆزیسیۆن و ڕەخنەگربین. ئەوەندەش بوێریمان تیایە قەناعەتمان بە شتێ بوو بەڕاشکاوانە دەریبرین و بەرگری لێبکەین.
٢- لەڕووی شەرعی و ئەخلاقیشەوە ڕاست نیە، بەڵکو تاوانە گوێ لە شتی نەگری و نەزانی ئەوەی داوەری دەربارەی دەکەیت چییە و حوکمی بەسەردا بدەی. من پێش خوێندنەوەی شیعرەکان و دوای چوارینەکەی سەرەتا، نزیکەی نیو سەعات باسی چەمکی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستانم کردووە و هەر ئەویشم وەک ئامرازێ بەکارهێناوە بۆ ڕەخنەگرتن لە واقیعی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان و ئەو ناکۆکی و دۆخە خراپەی هەیە، فەرموون جوان گوێ لە ڤیدیۆکە بگرن و بێمنەتبن، ئەوانەتان قسەی بەرز و نزمتان کردبوو بەڵگەی تیا بدۆزێتەوە بۆ قسەکاننتان، موجامەلەکردن، ستایشکردن هەر شتێکی تر (دیارە ئەوانەتان نا نەتەوایەتی بە کوفر دەزانن و باوەرتان پێی نییە چونکە ئاساییە دژ بن) ڕەخنەتان لە کوێ ئەو قسانە هەیە بیخەنەڕوو ئەگەر مەسەلەکە پەلاماردانی بەمەبەست نەبێت.
٣- ئێمە ئەو ململانێ و ناکۆکی حیزبییەی لە شەستەکانەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستا درێژەی هەیە، نەك هەر بەشێك نین لێی، بەڵکو سەدان جار دووپاتمانکردۆتەوە، بە هەڕەشەی دەزانین بۆ سەر پاشماوەکانی پرۆژەی نیشتمانی کوردستانی باشور، ناسیۆنالیزمی کوردی، قەوارەی هەرێم و بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستانی، لەبەرئەوە ڕەخنەی لێ دەگرین، دژی دەوستینەوە و داوای کۆتاییپێهێنانی دەکەین.
٤- هەندێك سنوورەکانی شەرع و ئەخلاقیان بەزاندبوو ئێمەیان تاوانبار کردبوو بەوەی بە دوای بەرژەوەندی خۆمان کەوتووین!! فەرموون بێ منەت بن چ بەرژەوەندیەکم هەیەو خەڵك و ڕایگشتی لێی ئاگادار نییە، چیم هەیە و خاوەنی چیم و چەند لە کێ وەردەگرم بیخەنەڕوو. بەدەر لەوە دەبێت داوای لێبوردن لە خوا و منیش بکەن.
٥- خۆمان نەخڵەتێنین من دە ساڵ مەکتەبی سیاسی حیزبێك بووم و چوار ساڵ وەزیر و ئێستاش بەشی خۆم ئاگام لە شتەکان هەیە، زۆربەی حیزب و ناوەند و دەزگاکان، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەو پارە بەکاردەهێنن کەڕوانگە و هاوشێوەکانی پێ تەمویل دەکرێت. لەئێستاشدا زانیاریم هەیە و دەزانم فڵان ناوەند و حیزب بڕی چەند و لەکێی وەردەگرن، کە بەشێ لە ئەندامەکانیان دەمشری و موزایەدە دەکەن و خۆیان لێکردوون بە کەرەی شەربەت!
٦-موزایەدەی دینی، مایەی تووڕەیی خودا و فۆرمێکی داڕووخانی ئەخلاقی و دوواکەوتوویی عەقیدەییشە. بۆیە موزایەدە مەکەن، فەرموون ئەوەی پەیوەندی بە ئەخلاقی دینییەوە هەیە لە داوێنپاکی جنسیی، گەندەڵی و پارە، خۆنزیکردنەوە لە دەسەڵاتداران بۆ ئیمتیاز، ڕاستگۆیی و ڕاشکاوی و بوێری شانبدەن لە شانمان. هەندێ لەوانەی موزایەدەیان کردبوو، دەبێت دەستنوێژ هەڵگرن ئەنجا باسی ئێمەمانان بکەن لە متمانە بەخۆبوونی دینی و ئەخلاقی و خاوەن هەڵوێستی و نەفەس بەرزی.
٧-لەوانەی سەر بە ناوەندە دینی و ئیسلامییەکە بوون و ئامادەبوونی ئێمەیان لە هۆڵێکدا بە ئامادەبوونی کوڕی سەرۆکی هەرێم کرد بە پێوەری ئیمان و کوفر و ئازایەتی و خۆبەدەستەوەدان دەپرسین، ئەی کاتێك سەرۆکی حیزب و ڕەوتەکانتان باوەش بە کەسە یەکەمەکانی یەکێتی و پارتیدا دەکەن و ماچ و موچ دەکەن و یارمەتیان لێ وەردەگرن ئەوە ناودەنێن چی؟ بانێکە و دوو هەوا!
٨- کاتی خۆشی نووسیومە کە گەندەڵی بۆ ئێمە لە داعش خراپترە و عێراق و کوردستانیش بەدەستیەوە دەناڵێنن، ئێستاش لەگەڵ ناکۆکییە حیزبییەکە هەڕەشەیەکی وجودین بۆ کوردستان، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت لەبەرئەوەی پارتی و یەکێتی پشتیوانیان لە دەزگایەك کرد دەبێت بایکۆتی بکەیت و بەخراپی بزانیت، چونکە ئەگەر وابێت دەبێت بایکۆتی هەرچی سەرکردە و حیزب و دامەزراوەی عێراقیش بکەیت. لە ڕوویەکی ترەوە باشی و خراپی دامەزراوەیەك بەو ڕۆڵە لێکدەدرێتەوە کە دەیبینیت نەك بەوەی بە پارەی پارتی و یەکێتی بەرێوە دەچن. جارێك یەکێ بە ڕووداوی وت کەناڵی نەوتەکە، وتم خۆزگە پارەی نەوت هەر لە دامەزراوەی وەك ڕووداودا سەرفبکرایە نەك هەندێ لە بەرپرسەکان و کوڕەکانیان لە قومارخانەکانی قوبرس بیدۆڕێنن، یاخود بیدەن بە مومتەلەکات لە دوبەی و ئەڵمانیا و شوێنی تر و لەسەرحسابی میللەت دەوڵەمەند ببن. دامەزراوەی سەردەم و موکریان خراپ نین و ڕۆڵی بەرچاویان هەیە با پارتی و یەکییەتیش یارمەتیان بدەن.
ماوەتەوە بڵێم، هەموو ئەوانەی شەڕی کوردستانی بوون و نەتەوەییبوون و هەوڵی پێکەوە بەستنەوەی ڕەهەندەکانی ناسنامەی ئیسلامی و نەتەوەی لەسەر ئاستی تاك و کۆمەڵگە و ڕەخنەگرتن لە داخراوی و ناڕەسەنی فیکریی لەگەڵ مندا دەکەن با دڵنیابن، ئەم پەلاماردانە پوچانە ساردم ناکەنەوە، لەسەر ئەو رێبازە بەردەوام دەبم، ئەو خزمەتە ئیسلامییە فیکرییەی لە هەندێ ئاستیشدا دەیکەم، بەزۆر لەوان ناکرێت. داواشیان لێدەکەم بوێربن و شەرەکان بەناوی خۆیانەوە ناوبنێن و بیکەن، چونکە لە ساڵانی رابردوودا چەندی پەلاماری واتان دام هەمووی پووچ دەرچوو بەسەر خۆتاندا شکایەوە، ئەمەش هەروا دەبێت. دڵنیاشین لە پشتیوانی پەروەردگار.
PM:02:20:10/06/2026
ئهم بابهته 48
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی