لەمیانەی دوو رۆژی کۆبونەوەی گشتی KNK و خستەنەڕووی پرسیارگەلێک
کنێر عەبدوڵا
٢٧ ساڵ تیدەپەڕێ بەسەر خەبات و دامەزراندنی کەنەکەدا و لەمرۆدا و لە رۆژانی٦-٦/٧ / ٢٠٢٦ دا (٢٤ ) کۆبونەوەی گشتی خۆی دەبەستێت پرسیار ئەوەیە ئایا کەنەکە تا چەند پێویستییەکی واقعیە و بە ئامانجەکانی گەیشتوە؟
کەنەکە وەک رێکخراوێکی نەتەوەیی دیبلۆماسی ساڵی ١٩٩٩ دامەزراوە ، هۆکاری دامەزراندنی بە ئامانجی یەکخستن و یەکریزی و یەکگرتوویی و ئیرادەیەکی بەهێزی گوتاری کوردە وەک پێویستییەکی واقعی تا لە ئاست دونیای سەردەم و ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کورد بتوانێ بە یەکئیرادە و یەکجەستەیی و یەکئامانجی سیاسەت و دەوڵەتداری و داوای مافەکانی بکات ، و بونی هەبێت وەک قەوارەیەکی سیاسی یەکگرتوو، سیاسەت و ستراتیجی یەکبخات لەکاتی هەڵوێستە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا و بتوانێ بەرژەوەندییە گشتییەکانی کورد وەک قەوارەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی بپارێزێ و لەکاتی ناکۆکی و هەڕەشە و جەنگ و مەترسییەکانیشدا سەنگی خۆی هەبێت و دەنگ و بڕیار بەخۆی هەبێت وەک کورد.
کەنەکە بۆ ئەوەی بتوانێ ئەم ئامانجانە بهێنێتەدی بێگومان قورسایی و ئاڵەنگاری زۆر رووبەڕووی دەبێتەوە، چونکە لەیەکلاکردنەوەی هەنگاوەکاندا تەنها گرێدراوی خۆی نییە ؛بەڵکو کۆی ئەو حزبە سیاسیانەی بونیان هەیە لەکوردستاندا بەگشتی و باشوری کوردستان بەتایبەتی .
لەلایەک ؛کۆکردنەوەی دیدگاو بیرو فکرو ئایدۆلۆجییە جیاوازەکانی واقعی حزبەکان قورسایی خۆی هەیە؛ لەو روانگەیەی حزبەکان بەگشتی گرێدراوی بەرنامەو بەرژەوەندی و هێز و دەسەڵاتی خۆیانن سەرەڕای ئەوەی هەریەکەیان پێویستیان بەسەرلەنوێ نوێکردنەوەی خۆیان هەیە تا بتوانن بە دید و باوەربونێکی دیموکراتیانە و مەدەنیانەو سەردەمیانە بڕواننە بابەتەکان و داهاتوو و دواتر پرسیار لەخۆیان بکەن بەوەی ئایا لە واقعدا تا چەند هەریەک لەمانە دەتوانن دەستبەرداری بەرژەوەندییە تاکلایەنە حزبییەکانیان ببن لەپێناو دەوڵەت و چەند دەتوانن لە پابەندبونە هەرێمییەکان و بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان رزگاریان بێت لەپێناو نیشتماندا؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە ئیرادەو لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە و چارەسەری واقعیانە هەیە.
لایەنێکی تری ئەم بابەتە؛ پەیوەستە بە میکانیزم و ستراتیجی خودی کەنەکە بەوەی تا چەند ئەتوانێت سەربەخۆییانە و بە دیدگایەکی سەربەخۆ و واقعیتر وەک بەرەیەکی سەربەخۆ و سەرکردایەتییەکی بێلایەن پلان و میکانیزمی نوێ بگرێتە بەر ؟ تا چەند راشکاوانە پلانی دەبێت بەوەی بە نمونە ؛کاتێ لە باشوری کوردستان حزبی فڵان رێگری لێدەکات لە دەڤەرێک و حزبێکی تری فڵان لە دەڤەرێکی تری؟ یان بۆچی حزبێک نایەوێت ببێتە ئەندام و ئەویتر ئەندامە، بەڵام لەکاتی هەڵوێستتدا خۆی دەبێتە بەشێک لە بەربەستەکان؟
ئەگەرچی ئەمەش پرسیارێکی دیکە بەخۆیەوە راکێش ئەکات کە رەنگە یەکێک بێت لە کردنەوەی کلیلی چارەسەرەکان بەوەی ئایا لەکاتێکدا حزبە سیاسییەکان بەگشتی هەڵگری ئامانج و گوتاری نیشتمانی و نەتەوەیین ئەی بۆچی هەندێک لەوانە نایانەوێت ببنە ئەندام لە کەنەکە ؟ بۆچی هەندێک لەوانە کەنەکە وەک حزبێکی تر دەزانن یان هەندێکیان بەربەست و رێگری دەکەن لە ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان؟ ئەمانەو چەندینی تر پرسیارگەلێکن کە پێویستە بەجدی و راشکاوی لەرێی گفتوگۆ و راوێژ ولێکۆڵینەوەی وردەوە لەسەری بوەستین تا بتوانرێ بۆ سەرکەوتنی ئامانجی نیشتمانی و بوونی کورد؛ وەک کیانێکی یەکئیرادەو یەکگرتوو هەبن، بێگومان ئەمەش بە بەشداری و هەوڵی گۆڕانکاری هەموو لایەنەکان ئەبێت ،بێگومان بە هەوڵ و دەستپێشخەری و هەنگاوی کەنەکە، پاش یەکلاکردنەوە و بەرچاوروونی و گۆڕینی میکانیزمەکانی کارکردنی.
PM:12:13:08/06/2026
ئهم بابهته 44
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی