بەرپرسیارێتی پاراستنی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرشانی هەموومانە!

‌د. دارەوان حاجی حامید

قسەکانی کاک قوباد تاڵەبانی لە دووەمین کۆربەندی ئابووری نێودەوڵەتی دێڵفی لە سلێمانی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە! لەبری وەڵامدانەوەی نا بەرپرسانە دەبێت هەمووممان بەگیانی بەرپرسیارێتیەوە لەم دۆخە چەقبەستووەی لە هەرێمی کوردستان دروستبووە بڕوانین و بەدەم پەیامەکەیەوە بچین !  

هەموو تاکێکی کورد دەزانێت کە تاکە چەکی بەهێزی کورد بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان تەنها بە (یەکگرتوویمان) دەبێت 
بە پێچەوانەوە قسەی نابەرپرسانە دەبێتە هۆی مەترسی لەدەستدانی ئەزموونەکەمان، ئەمە قسەی من نیە با بگەڕێنینەوە بۆ مێژوو ! 

مێژووپێمان دەڵێت هەموو تاکێکی کورد گرنگە  کە جارێکی دی بە سەراپای مێژووی خۆیدا بچێتەوەو بەو هەموو ڕووداوە تراژیدی و کوشندەوەو هەموو ئەو غەدرە مێژووییەی کە لە کورد کراوە، ئیدی گەلی کورد خۆی لە ساتە مێژووییەکدا دەبینێتەوە کە ئەو بەهایانەی لە جیهاندا نەگۆڕن و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان بەڕێوەدەبەن و گەلانیان لە ناو ئەو سیستەمە سیاسیە نێو دەوڵەتیەدا ڕێكخستووە ، بریتیە لە بەهایەکی نەگۆڕی بەرژەوەندخوازی و باڵاکردنی بەرژەوەندیە تایبەتییە ئابوری و جیۆپۆلیتیکیەکان لەسەرووی بەها ئینسانییەکانەوە، لەم میانەشدا ئەوەی دەبێتە قوربانی گەلانی بێ دەسەڵات وبن دەست و بێ بەرگرین کە ناتوانن لە بەردەم ڕەشە بای ئەو هێرشە بێ بە زەییانەدا بەرگری لە خۆیان بکەن و هەمیشە ئەبنە قوربانی ئەو سیاسەتانە.

لە پاڵ ئەو ڕاستییە مێژووییەشدا ڕاستییەکی دی مێژوویی لە یادەوەری مرۆڤی کوردا هەیە کە ئەویش ئەوەیە هەموو ئەو ئەزموونە مێژووییانە سەلماندوویانە کە هێزێک لە دنیادا دۆستی کەس و لایەنێکی دی نییە ، هیچ دەوڵەتێک خۆشنوودی و ئارامی و سەرەوەری خۆی ناکاتە واربانی ئەوانی دی و نایبەخشێت بەوانی دی ، ئەوەی دەتوانێت لەم دنیا دڵرەق ، بەرژەوەندکاری و یەکدی کوشتن و پێشێلکردنی ئەوانی تردا  سیستەمێکی بەرگری و مانەوە دروست بکات ئەوا لەسەروو هەموو شتێکەوە بەرگری کردنە لە خودو بەرەنگار بوونەوەی هێرشەکانە بە تەنها وەکو یەک شوناسی نەتەوەیی و یەک قەوارەی پێکەوە هەڕەشە لێکراوو یەک نیشتمانی پێکەوە داگیر کراوو تەماع تێکراو، واتە گەیشتنە بەو ڕاستییەی کە سەرباری هەموو جیاوازییە ناوخۆییە جوگرافی و ناوچەیی و خێڵەکی و فیکری و پێکهاتەییەکانی گەلی کوردستان سەرباری چەندین هێزی جیاوازو تائاستی دژ بە یەک بەڵام ئەمانە مەحکومن بەوەی کە پێکەوە هەموو لەبەرامبەر یەک هەڕەشەو یەک سیاسەتی نێو دەوڵەتی بەرژوەندخوازیدان و پێکەوە لە سەر یەک خاک بەرهێرشی هەڕەشەکان دەبنەوە

بۆیە مێژوو چەندین بارەی دەکاتەوە کە بەشێکی سەرەکی هەموو شکستەکانی کورد دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لێدابڕییە ناوخۆییەی کورد و ئەو یەکنەگرتوویمان لە ڕابردوودا.
هاوکات لەم جیهانە بەرژەوەندیخوازەدا کە بەهاکان بوونەتە قوربانی بەرژوەندیەکان، تاکە سیستەمی بەرگریکردنی کورد لە خۆی و چەکی مانەوە و ڕووبەرووبوونەوەی هێڕشەکان تەنها چەکی یەکبوون و کاری پێکەوەیمانە.

ئەوەی لێرەدا  دەبێت بۆ هەموومان ئاشکرا بێت ئەوەیە کە خودیخۆمان دوژمنی سەرەکی خۆمانین پێش ئەوانی دی وە خودیخۆمان  ڕزگارکەری خۆمانین پێش ئەوانی دی، بۆیە چیتر ئەم دۆخە بەو چەقبەستووی و کۆنەبوونەوە  و یەکترقبووڵنەکردن جگەلەنەمان و مەترسی لەناوچوونی ئەزموون و دەستکەوتەکان هیچی تری لێبەرهەم ناهێت.


AM:08:15:07/06/2026

ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی