نامەوێت بترسن، بەس ئەگەر نەیڵێم بەرپرسیار دەبم!

‌ئاوات عەلی

پرسیاری ئەوەتان کردووە بۆ ژمارەی توشبون بە نەخۆشی جۆراوجۆر لەئاسانەوە بۆ قورس ڕوو لەزیادبونە! بۆ هەستیاری پێست و هەناسە بەربڵاوبووە! پرسیاری ئەوەتان کردووە بۆ قەرەباڵەغترین شەقامەکانی شار ئەو شوێنان کە نۆرینگە و نەخۆشخانە و دەرمانخانەکانی لێن! ناپرسن کە بە دەگمەن خێزانێک هەیە یەک یان دوو ئەندامی نەخۆشی غودە و کێشەی هۆرمۆنی نەبێت!

پرسیارەکان زۆرن بەڵام ئەو کەسەی ئەم نوسینە دەخوێنێتەوە، بۆ چەند چرکەیەک بیربکاتەوە دەزانێت کێشەیەک لە تەندروستی گشتیدا بونی هەیە! هەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە کە زۆر بەرەو خراپتر دەڕوات! هەواڵە خۆشەکەش ئەوەیە کە ئەمە تەنها سەرەتایە و دەتوانێن ڕێگەی پێبگرین!

هەر لەپێناو ئەو ئامانجەی کە هۆشیاری تەندروستی و بەکارهێنانی کەرەستەکانی ڕۆژانە لای هاوڵاتی زیاد بکەین، هەروەها بەو هیوایەی ئەو زانیارییانەی لەڕێگەی خوێندنی ماستەر و دکتۆراکەم و توێژینەوەکانمەوە لە بواری کیمیادا فێرییانبوم و شتێک لەئێوە زیاتری لە بارەوە دەزانم، بەزمانێکی سادە و ڕوون بۆ ئێوەی خۆشەویستی ڕونبکەمەوە بۆ ئەوەی تەندروستیتان بپارێزن! لەهەفتەی داهاتووە، هەفتانە بەکورتە ڤیدیۆییەک مەترسییەکان و هۆشیارییە تەندروستییەکان و جێگرەوەی بەرهەمە مەترسیدارەکان بۆ ئێوەی ئازیز ڕوندەکەوە. بۆ بەڤیدیۆ؟ چونکە ئێوە تاقەتی نوسینی درێژتان نییە! ئەم بابەتانەش بە دوو پەرەگراف تەواونابێت!

ئەو کەرەستانەی قسەیان لەسەر دەکەین و پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە تەندروستی و بەژیانی ڕۆژانەمانەوە هەیە بەڵام گرنگترینیان ئەم نمونانەن کە لە داهاتوودا قسەیان لەسەر دەکەین: پاکەرەوەکان (بەتایبەت سپیکەرەوەکان)، بۆن و سپرای، بۆیەی دیواری نێو ماڵ و حەوشەکانمان، کەرەستەی نێو چێشتخانەکان (مەتبەخ)، یارییە ئاگرینەکانی سەر کێکی بۆنە و یادەکان، بەرهەمەکانی جوانکاری و پێست، جلوبەرگ، تێکەڵبونی ئاوی زێراب بەسەرچاوەی ئاوەکانمان، بەکارهێنانی قڕکەرەکان لە کشتوکاڵ... هتد

هیوادارم بتوانین پێکەوە هۆشیاریی لەبارەی سەرچاوەکانی مەترسی بۆ سەر تەندروستیمان بڵاوبکەینەوەو بەر بەو مەترسییە گەورەیە بگرین کە لە دوو دەیەی داهاتوودا ئەنجامەکانی زۆر بە ڕونی دەردەکەون لەسەر تەندروستی گشتی!

وێنەکەش، لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەی داگێنس نیهێتەری سویدییە کە ساڵی پار ڕاپۆرتێکیان دەربارەی پرۆژەیەکی ئێمە لەسەر مەترسییەکانی جلوبەرگ لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکە بڵاوکرایەوە.


PM:04:23:04/06/2026

ئه‌م بابه‌ته 1780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی