ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشە و دەرفەتدا..
رێبین عومەر
دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنوسسازدایە، لە نێوان هەڕەشەو دەرفەتدایە. بەردەوامی تەنگەژە سیاسییەکان دەرفەت بۆ دروستبوونی غەرەندی قوڵی سیاسی زیاد دەکات ، ئەمڕۆش هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسسازدایە؛ قۆناغێک کە بڕیارەکانی ئەمڕۆی هێزە سیاسییەکانی هەرێم کاریگەرییەکی درێژخایەن لەسەر داهاتووی ئەزموونی حوکمڕانی و سەقامگیری سیاسی دەکات و چارەنوسی کورد بەستراوەتەوە بە بوونی پێکەوە بە یەک بڕیاری و تەبایی سیاسی و وەلانانی غروری سیاسییەوە کە ئەم بارگرژیانەی دروستکردووە.
لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا، دکتۆر یوسف گۆران ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ، وەک کەسایەتییەکی رۆشنفکر ، دەستی خستە سەر ئەو برینانەی ئەم ساردوو سڕییە سیاسییەی دروستکردووە، بە وردی باس لەو ئاڵۆزییە سیاسییانە کرد کە دووچاری هەرێمی کوردستان بۆتەوە.
ئەو وەک سیاسییەکی بیر قوڵ پێیوایە ئەم دۆخە تەنها کێشەیەکی ئاسایی سیاسی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئاستی بەرپرسیارییەتی و پێگەی نیشتمانی هێزە سیاسییەکان و روانگەی چارەسەریش دەخاتەڕوو کە لەدۆخێکی وەهادا کە سیاسەتی مۆنۆپۆڵ زاڵبێت رەنگە لامەرکەزی جۆرێک لە هاوسەنگی حکومڕانی لەناوچەکە دروستبکات و ئاستی خزمەت بەرزکاتەوە لە گشت کوردستان .
ڕاستییەکە ئەوەیە کە درێژبوونەوەی بنبەستی سیاسی، زیان بە بەرژەوەندیی گشتی دەگەیەنێت، و متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە سیاسییەکان کەم دەکاتەوە .
بۆیە چارەسەری دۆخەکە بە دروشم و وتەی جوان ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە هەنگاوی کرداری و دەستهەڵگرتنە لە سیاسەتی یەک نەخوێندنەوە، چارە گفتوگۆی بەرپرسانەیە و دروستبوونه ئیرادەیەکی بەرزی چارەسەرییە .
لە دوای هەڵبژاردنەکان، پارسەنگی سیاسی لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە .
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سیاسەتی هاوپەیمانی و دروستکردنی هاوسەنگی هێز هەوڵی پاراستنی هاوکێشەی دەسەڵاتداری دەدات و چاوی لە فۆڕمێکی نوێی دەسەڵاتەو بە ئاشکرا فەرزکردن رەتدەکاتەوە .
لە بەرامبەردا، گفتوگۆی نێوان هێزە سەرەکییەکان هێشتا نەگەیشتووە بە ئەنجامێک کە بتوانێت ڕێگە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوسەنگ و هاوبەش خۆش بکات.
ئەمڕۆ پێویستە هەموو لایەنەکان لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبییەوە، بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە پێشەوە . مێژووی کورد پڕە لە وانەی ئەوەی کە یەکڕیزی و هاوبەشی هۆکاری سەرکەوتن بووە، بەڵام ناکۆکی و دابەشبوون زۆرجار دەرفەتە مێژووییەکانی لەدەستداوەو کوردی بردۆتەوە دواوە .
هاوبەشیی ڕاستەقینە؛ بناغەی سەقامگیری
هاوبەشیی ڕاستەقینە لە دەسەڵات و بڕیارسازیدا ، تەنها داواکارییەکی سیاسی نییە، بەڵکو مەرجێکی سەرەکیی سەقامگیرییە .
هەر حکومەتێک کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی، ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن و بەشداریی هێزە سەرەکییەکان دامەزرابێت، دەتوانێت زیاتر پشتگیریی گشتی بەدەست بهێنێت و خاوەندارێتیشی بۆ دروستبێت .
کوردستان لەبەردەم دوو ڕێگادایە؛ ڕێگای بنبەست و ناکۆکی، یان ڕێگای هاوبەشی و هاوکاریکردن و هاوبەشی راستەقینە .
بێگومان ئەو ڕێگایەش داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلەکەمان دابین دەکات، ڕێگای یەکگرتوویی و هاوبەشیی نیشتمانییە کە زۆرکاتیش بافڵ تاڵەبانی وەک نوێخوازێک بانگەشەی بۆ دەکات .
لەم قۆناغەدا ، هەڕەشەکان زۆرن، بەڵام لە بەرامبەردا دەرفەتەکانیش هەر زۆرن و کراوەن .
ئەوەی دیاری دەکات کوردستان بەرەو کوێ دەڕوات، بریتییە لە ژیری سیاسی و گەڕانەوە بۆ سیاسەتی یەکتری قبوڵکردن ، بەرپرسیارییەتی نیشتمانی و ئامادەیی هێزەکان بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندیی گشتی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوەیە . ئەم دۆخە تەنها بە حیکمەت تێدەپەڕێت .
PM:01:51:04/06/2026
ئهم بابهته 656
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی