پەروەردە یان ماڵیکردنی دیجیتاڵی؟
ئارام سەعید
باخچەی ئاژەلانی مرۆڤ:
نمونەی باخچەی ئاژەڵان و مەسەلەی ماڵیکردن مەبەست لێی ئەوەیە کاتێک ئاژەڵێکی دڕندە دەخزێنینە قەفەسێکەوە، برسی دەکەین، ئازار وترس وای لێدەکات وردە وردە هێمن وگوێڕایەڵ بێت، بەڵام ئایا بەو کارە ئێمە ئاژەڵەکان باش دەکەین؟ وەڵامی ئەوەیە نەخێر نەمانکردوە بە ئاژەڵێکی باشتر بەڵکو دەیکەینە ئاژەڵێکی نەخۆش، حەزەکانی داگیر دەکەین، توانای ئەکتی ناهێڵین ودەیکەینە بونەوەرێکی تێکشکاو خەمۆک، مرۆڤیش ئەوکاتەی ماڵیی دەکرێت هەمان کارەساتی بەسەردێت، چونکە ئەو هێمنیە لەلاوازیەوەیە نەک هێز. هەربۆیە لەکۆمەڵگەیەکی رامکراودا مرۆڤی بەهێز وئەوانەی پڕاوپڕن لەژیان بەترسناک وێنا دەکرێن ومرۆڤی لاواز وگوێرایەڵ بە مرۆڤی باش لەقەڵەم دەدرێن.
بەبۆچونی نیتشە ئەمە گاڵتەجاڕییەو هەر ئەخلاقێک لە دەرئەنجامی ترسەوە بێت ئەوە ئاکاری کۆیلەیە وجۆری مرۆڤەکان دەشیوێنێت...
ئەم شیکردنەوەیە لە وتەیەکی نیتشەوە سەرچاوەی گرتووە کە دەڵێت "ئەگەر وابیردەکەیتەوە بە ڕامکردنی ئاژەڵێک باشتری دەکەیت، ئەوا ئەو بیرکردنەوەیە نزیکە لە گاڵتەجاڕیی. هەر کەسێک بزانێت لە باخچەی ئاژەڵان چی ڕوودەدات ئەوە گومانی دەبێت لەوەی کە ئاژەڵەکانی ئەوێ "باشتر دەکرێن". ئاژەڵەکان لاوازدەکرێن بەهۆی گوشاری ئازاربەخشی ترس وبرسێتی، زیانیان پێدەگات ودەبنە ئاژەڵی نەخۆش. هەمان شت بۆ ماڵیکردنی مرۆڤیش ڕاستە..."
مەبەستی نیتشە لە هێنانەوەی ئەو نمونەیە ئەوە نیە بگەڕێنەوە بۆ دارستان و دڕندەیی، بەڵکو مەبەستە سەرەکیەکەی پەروەردەی مرۆڤە لەجیاتی ماڵیکردن کە جیاوازیان زۆرەو رامکردن ئیرادە تێک دەشکێنێت ومرۆڤ گوێڕایەڵ دەکات بەهۆکاری ترس بەڵام پەروەردەکردن هێز لەمرۆڤدا دروست دەکات وئاراستەی دەکات بەرەو داهێنان و رێزگرتن لەمرۆڤ خۆی.
ئەم هاوارەی نیتشە دژ بەو چاککردنەیە کەبەبیانوی دروستکردنی هاوڵاتی گوێڕایەڵ دەکرێت ولەسەر بنەمای وردوخاشکردنی زیندوێتی تاکەکانی کۆمەڵگەیە، لەبەرئەوەی ئەمە دروستکردنی "باخچەی ئاژەڵانی مرۆڤە" کەتیایدا مرۆڤ بەهای راستەقینەی لەدەست دەدات وناتوانێت ئەو وزەیەی هەیەتی بگۆڕێت بۆ بەهای جوانیی وفیکری کەخزمەت بەژیان دەکەن.
ئەمڕۆ لەسایەی ئەو جیهانەی تیایدا دەژین دونیای دیجیتاڵی ئەو "باخچەی ئاژەڵانەی مرۆڤ" چۆن بەرجەستە بووە؟
ئێستا بەزنجیرەکان مرۆڤەکان نابەستنەوە، بەڵکو بەئەلگۆریزمەکان(خەوارزمیەکان) و سیستمێکی کۆمەلایەتی نەرم ئاراستەمان دەکەن کەچیتر تاڵاوی زرەی زنجیر نەماوە بەلکو ئەگەر لەرابردودا مرۆڤ پێویستی بە قەفەس و زیندان بوبێت بۆ ماڵیکردن ئەوا لەسەردەمی ئێستاماندا لەپاڵ ئەو ئامرازانە رامکردنی دیجیتاڵی هەیە، بەنەرمی لەرێگەی شاشەکان و پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا قەفەسێکیان دروستکردوە لە شاشەی شوشەیی کە کردەی رامکردن ئەنجام دەدات، چونکە لەرێگەی شاشەکانەوە سزای مرۆڤ دەدرێت کاتێک سەرنجێک دەردەبرێت کە لە بۆچونی ئەوان ناچێت، هێرشی مێشە ئەلیکترۆنیەکانی دەکرێتە سەر، ئەوکات کۆمەڵگەی دیجیتاڵی چەکی سڕینەوەی ئەوانە دەردەهێنن کەلەوان ناچن و هێرشەکانیان دەست پێدەکەن، ئەمەش هەمان ئەو ترسە دروست دەکات کەئاژەڵەکان هەیانە لەباخچەی ئاژەڵان.
بەهەمان شێوە برینداری دەکەن وئازاری دەدەن تائەوکاتەی بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانیت بۆتە مرۆڤێکی ماڵیکراو لەئەنجامی ئەو ترس وئەشکەنجە دەرونیە دەربرینی راو بۆچونی راستەقینە سەخت دەبێت.
ئێستا مرۆڤی ئێمە ترسی لەروبەروبونەوەی کۆسپەکان هەیە، ئارامیەکی درۆینەی پێ باشترە لەوەی سەرکێشیەکی راستەقینە بکات، مرۆڤ وەک ئاژەڵەکەی ناو باخچەی ئاژەڵان، ناخی راستەقینەی خۆی دەکوژێت ودەبێتە هاوڵاتیەکی رامکراو کەئەوەش دەرئەنجامەکەی نیگەرانی ودودڵی وجودی وخەمۆکیەک دروست دەکات کە کۆتایی نایەت.
ئەم سیستمە لەبازاڕیشدا بەکاردێت کەهەمیشە پێمان دەڵێن ئەگەر ئەو بەرهەمە بەکاربێنیت باشتر دەبیت وئەم ئامرازە جوانترت دەکات کە ئەوەش جۆرێکە لەماڵیکردن و بەرهەمەکانیان دەمانکاتە بەکارهێنەرێکی ئارەزوەکانی ئەوان کەسەپاندویانە بەسەرماندا...
لەکۆتاییدا جەوهەری ئیشکردنەکەی نیتشە لەسەر ئەوەیە پەروەردە جێی رامکردن بگرێتەوە، باشترکردنی کەسێک ئەوە نیە ڕام بکرێت و کاری ببێت بە رازیکردنی دڵی ئەوانیتر، هەروەها لای نیتشە قبوڵکردنی ئازارەکان وەک مامۆستایەک گرنگە، چونکە ئەو ئازارانەی ماڵیمان دەکات هەمان ئەو ئازارە دەتوانێت مرۆڤ بکات بەپاڵەوان ئەگەر بتوانێت تێی پەڕێنێت و توشی خەمۆکی نەبێت بەهۆی ئازارەکانەوە.
PM:03:07:28/05/2026
ئهم بابهته 144
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی