یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات، خۆتان دۆستی خۆتان بن ...
د.ئاسۆ فەرەیدوون
*لە ساڵی ٢٠١١دا، دوای گەڕانەوەم لە وڵاتی بەریتانیا، وەک پزیشک لە نەخۆشخانەکانی (جمهوری شەهید د.هێمن) لە سلێمانی خزمەتم دەکرد، ئەو سەردەمە هاوکات بوو لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات، کە بارودۆخی شاری سلێمانی ڕۆژبەڕۆژ بەرەو ئاڵۆزی و نائارامی زیاتر دەچوو. بریندارانی پێکدادانەکان، چ لە هێزە ئەمنییەکان، چ لە هاوڵاتیانی سڤیل، بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی دەهێنران.
لە ناو ئەو بارودۆخە نائارامەدا کە (سەرای ئازادی) بووبووە ناوەندی کۆبوونەوە و چالاکییە جەماوەرییەکان، من و ژمارەیەک لە هاوڕێ پزیشکەکانم (دەستپێشخەرییەکمان) کرد بۆ سەردانی ژمارەیەک لە کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی سلێمانی، بە مەبەستی هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و گەیشتن بە ڕێگایەکی گفتوگۆئامێز. هەر لەبەر ئەوە سەردانی کاک (نەوشیروان مستەفا)، (هێرۆ خان) و د. (بەرهەم ساڵح)مان کرد.
لە سەردانەکەمان بۆلای کاک (نەوشیروان)، د. (سەباح هەورامی)، یەکێک بوو لە ئەندامانی ناو سەردانەکەمان ، باسێکی گرنگی کرد و وتی:
" یەکێتی نیشتمانی دووجار تووشی غرور بووە. یەکەمجار لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا، کاتێک هەولێری خستە ژێر دەستی خۆی و وترا کە پارتی دەبێت بە دوربین هەولێر ببینێتەوە، بەڵام ئەنجامەکەی ڕووداوەکانی ٣١ی ئاب بوو، کە یەکێتی نەک تەنها هەولێر، بەڵکو سلێمانیشی لەدەستدا و تا سنووری ئێران پاشەکشەی کرد" هەروەها ئاماژەی بە دووەمین هەڵەی ستراتیژیکردو ووتی:
" لە سەروبەندی دروستبوونی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی ناو یەکێتی نیشتمانی، چووینە لای (هەڤاڵ مام جەلال) و داوام لێکرد کار بکرێت بۆ ڕاگرتنی ئەو کادرو هاوڕێیانەی کە دەیانویست جیا ببنەوە. بەڵام (مام جەلال) لە وەڵامدا ووتی: ئێمە کادری زۆرمان هەیە، با هەندێکیان بچنە ئەو بەرەیەوە".
دواتر، لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری تێدا کرد، ٢٥ کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا، لە کاتێکدا یەکێتی نیشتمانی تەنها ١٨ کورسی بەدەست هێنا. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە زۆربەی بۆچوونە سیاسییەکان پێیان وابوو بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر لە ٥ کورسی بەدەست ناهێنێت.
هەروەها لە درێژەی گفتوگۆکاندا ئاماژە بەوەدا :
" ئەو پشتیوانییە جەماوەرییە فراوانەی سلێمانی نابێت ببێتە هۆی ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان تووشی غرور بکات، باشترین ڕێگا ئەوەیە (دەستپێشخەری) بۆ ڕێککەوتن بکرێت و تاکە رێگایە کە دەتوانێت دەستکەوتی زیاتر بۆ هەمووان دابین بکات".
*ئەمڕۆ، هەردوو حیزب، یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات لە بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆز و چەقبەستوودا هەنگاو دەنێن ، بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵە پەرلەمانی کوردستان کارا نەکراوە، پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو حیزب لە خراپترین ئاستیدایە، ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێم، چ لە ناوخۆ و چ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی دروستکردوە .
لە هەمان کاتدا، ئەم بارودۆخە بۆتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و نائومێدی لە ناو هاوڵاتیان و کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ئابووری و وەبەرهێنان و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک داناوە.
یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات دەبێت لە سیاسەتی غرور و لەخۆباییبوون دوور بکەونەوە و درک بەوە بکەن کە ئەمڕۆ وەک رابردوو نیە ، نە بەریتانییەکان (درۆگیدایەکی) تر ڕێکدەخەن، نە ئەمریکییەکان بانگهێشتی (واشنتۆن)یان دەکەن بۆ ناوبژیوانی و نە (مارکۆ ڕۆبیۆ، مادلین ئۆڵبرایت)ە.
لە ئێستادا، تەنها (دەستپێشخەرییەک) جێی متمانە و بەرپرسیارێتی بێت دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا (سەلاحەدین بەهادین)ە، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و ئاشتیخواز، دامەزرێنەری بزوتنەوەیەکی سیاسیی کاریگەرە.
لەم هەلومەرجە هەستیارەی ئێستادا، پێویستە یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات بە وردی لەو ڕاستییە تێبگەن کە وەک جاران هاوپەیمان و دۆستە کۆنەکانتان نەماوە، باشترین ڕێگا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی ئەوەیە خۆتان دۆستی خۆتان بن ...
PM:10:43:26/05/2026
ئهم بابهته 32
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی