تێپەڕبوونی ئەم دۆخە پێویستی بە حیکمەتی سیاسی هەیە

‌رێبین عومەر ‎

سیاسەتی تەخوین لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەستبەتاڵدەکات ، دانایی و سیاسەتی نەرم دەستپێشخەری هاوتایی ئەم دۆخەی هەرێمی تێکەوتووە نەجات دەدا، ئیرادەی گەل و ژیانی هاوڵاتیان پەیوەستە بەکارایی دامەزراوەکانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم . 

پەیامی قوباد تاڵەبانی کە داوای ئەوەدەکات کە یەکێتی و پارتی دەرگا بەڕووی قۆناغێکی نوێ بکەنەوە، خۆی بۆخۆی دۆزینەوەی دەرچەیەکە بۆ تێپەڕبوونی ئەم قۆناغە چەق بەستووەی کە هەرێمی تێکەوتووە. ئەم قۆناغە چەق بەستووە  حیکمەت و دانایی دەوێت . دیدی میانڕەوانەی قوباد تاڵەبانی یارمەتی دەری دۆزینەوەی کڵاوڕۆژنەی گەیاندنی رووناکییە بۆ تاریکی لەیەک تێنەگەیشتن. 

ئەم قۆناغە پێویستی بە سیاسەتی ژیرانەو گەڕانەوەیە بۆ تێزی چەپکەگوڵەکەی مام جەلال ، بەڕەهایی لایەنە سیاسییەکان لەناو یەک کەشتیدان و یەک چارەنوسن.

کورد لەدەرەوەی خۆی ؛ وەک یەک پاکێج سەیر دەکرێت. ئەوەی گرنگە کە بە پشت بەستن بەم جۆرە دەستپێشخەریانە کۆتایی بە دۆخی چەق بەستووی سیاسی بێت.

سڕکردنی پرۆسەی سیاسی و سیاسەتی دڕدۆنگ پێگەی کورد لە عێراق و ناوچەکە لاواز دەکات ، ئەو هەرێمەی پێشتر نموونەبوو بۆ ناوچەکە ؛ ئەمڕۆکە بەهۆی نەبوونی سەیوانێک خەریکە خۆی بۆ خۆی پێگەی رامیاری خۆی لاواز دەکات و دەبێتە بارگرانیش بۆ ژیانی خەڵک.


PM:10:16:25/05/2026

ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی