ترامپیزم - Trumpism
سیاسەت بە میتۆدی پیاوە شێتەکە
د. ئەمیر حسێن
گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ ناو کۆشکی سپی، تەنها ڕووداوێکی ئاسایی و ڕاگوزەری هەڵبژاردن، یان دەستاو دەستکردنی دەسەڵات نەبو، بەڵکو چرکەساتێکی مێژویی بو، پەردەی لەسەر ئەو وەرچەرخانە قووڵە هەڵماڵی، لە سەردەمی زاڵبونی وێنەو هەڵچونی تەوژمی پۆپۆلیستیدا، بەسەر سیاسەتی دەیالۆگ و لێکتێگەیشتنی جیهانیدا هاتوە . چونکە ترامپ مامەڵە لەگەڵ پۆستی سەرۆکایەتیدا ناکات وەک پێگەیەک لە ناوخۆی ئەمریکادا، بەڵکو بەردەوام وەک شانۆیەکی گەردوونیی کراوە لێی دەڕوانێت، یان شوێنێک لە ناویدا دەسەڵات لەگەڵ نمایشی شۆ ئامێزی سەر ستەیج، دیپلۆماسی بە بازاڕکردن، سیاسەت وەک پێشکەشکارێکی پیشەگەری تەلەفزیۆنیدا تێکەڵ دەبن.
ترەمپ، کە لە جیهانی خانووبەرەی تاوەرە هەور بڕەکانەوە هاتوە، هەر زو لەوە تێگەیشت کۆمەڵگای ئەمریکی، چیتر تینوی بیرۆکەی جۆراوجۆرو، مەوعیزەی لیبراڵ دیموکرات، لەگەڵ تیۆریزەکردنی ستراتیژو شانازیکردن بە پەیکەری ئازادیەوە نیە، بەتایبەت ئەوبیرۆکانەی، بە تونێلی دامەزراوەیدا تێدەپەڕن، لە مەتبەخی ناوەندەکانی توێژتنەوەو دامودەزگا ئەکادیمیە بیرۆکراتە فەڕمیەکاندا ئامادە دەکرێن . بەڵکو لەمڕۆدا کۆمەڵگای ئەمریکی، زیاتر تینووی هەڵڕژانی خێرای وێنەی ڕەنگاو ەنگ و کەسایەتی کاریزمیە . بۆیە دوای بردنەوەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی، سیاسەتی ئەمریکای کردە بەشێک لە درێژکراوەی کەسایەتییە شۆو میدیاییەکەی خۆی، ئەوەتا دەوڵەت بە لۆژیکی "براند" بەڕێوە دەبات، نەک دامەزراوەیی دەستوری . تەنانەت جیهان چیتر لەژێر سێبەری ستراتیژێکی درێژخایەندا بە ئارامی پێکەوە ناژیت، بەڵکو کەوتۆتە ژێر کاریگەری "میزاجێکی سیاسی" ئاڵۆزو نا جێگیر، زۆرجار بە تویتێک یان لێدوانێکی کتوپڕ هەموو شتێک سەروژێر دەکات.
لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ گۆڤاری The Atlantic، ترامپ باسی لە خۆی دەکرد، نەک تەنها وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵکو وەک کەسێک هەمو "جیهان بەڕێوە دەبات".هەر بۆیە جێگای سەرسامی نیە، لە کاتێکدا لێدوانگەلێکی دژ بەیەک دەدات، تەنانەت زۆر جار، جیاکردنەوەی گاڵتەو هەڕەشەکانی، یان تەنزو تەماحی ڕاستەقینەی لێدوانەکانی زۆر دژوارە . ئەوەتا ئارەزووی خۆی نەشاردەوە، دوای کۆچی دوایی پاپا فرەنسیس، حەزی دەکرد ببێتە پاپای ڤاتیکان، یان بەهۆی ناوبانگی لە ناو جولەکە، باس لە ئەگەری خۆکاندیدکردن دەکات، بۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە شوێنێکی تریش ئاماژە بەوە دەکات دەتوانێت فەنزوێلا بەڕێوە ببات، چونکە "کاتێکی زۆری پێویست نیە بۆ فێربوونی زمانی ئیسپانی".
ئەم لێدوانانە، لە ڕوانینی یەکەمدا، ڕەنگە بێهودەوعەبەسی دەربکەون، بەڵام لە ڕاستیدا سروشتی قۆناغە نوێیەکەی سیاسەتی جیهانی ئاشكرا دەکەن : قۆناغێک، کەسایەتیە سیاسیەکان تەنها بە بەڕێوەبردنی دەوڵەت تێر نابن، بەڵکوهەوڵ دەدەن، کایەی ڕەمزیی تەواوی جوڵەی سیاسی و ئابوری و بازرگانی جیهان داگیر بکەن، وەک بڵێی دەسەڵات تەنها بەڕێوەبردنی ئەرکێکی دەستووری نەبێت، بەڵکو دۆخێکی دەرونی بەردەوام بێت، لە هەڵکشان و داکشانی حەزو ئارەزوە بێدوایەکیەکان .
بۆ ترامپ ئەمە تەنها لەخۆباییبوونێکی کەسی نیە، بەڵکو گوزارشتێکی چڕوپڕە لەو وەرچەرخانە مێژوییەی، بەسەر خودی چەمکی باڵادەستی وهێزداهاتووە لەلای ئەمریکیەکان، بەوپێیەی سیاسەت لە پڕۆژەیەکی دامەزراوەییەوە، گۆڕاوە بۆ خولانەوە بە دەوری تاکە کەسێکدا، لە دەوڵەتێکەوە بە یاسا و بەپێی دەستور بەڕێوە دەبرێت، بۆ دیمەنێک ئێستا لەلایەن کەسایەتییەکی کاریزمیەوە ئاڕاستە دەکرێت. تەنانەت قسەکردنی بەردەوام لەسەر شایستەیی خۆی بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، یان ئاماژەکانی بۆ خۆ کاندید کردنەوە بۆ خولی سێیەم و ڕەنگە چوارەمی سەرۆکایەتی، ڕەنگدانەوەی عەقڵییەتێکە دەسەڵات بە مافێکی کەسی دەبینێت، نەک گرێبەستێکی کاتی دەستووریی، نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیان . لێرەوە سەرۆک خۆی لە پێگەکەی گەورەتر دەبینێت، ئیتر دەوڵەت دەبێتە سێبەرو درێژکراوەی وێنەکەی، نەک بە پێچەوانەوە. ئەمەش ڕێک یەکێکە لە خەسڵەتە مەترسیدارەکانی پۆپۆلیزمی هاوچەرخ : کاتێک جیاوازی نێوان دەوڵەت وسەرکردەی سیاسی، نێوان دامەزراوەکان و ویستی تاکەکەسی دەتوێتەوە، تەواوی سیستمی سیاسی دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ دەروون و هەڵچوون و داچوونەکانی خودی سەرۆک .
ترامپ سیاسەت وەک زانستی بەڕێوەبردنی هاوسەنگییەکان پراکتیزە ناکات. بەڵکو وەک هونەری زاڵبون بەسەر فەزای گشتیدا لێی دەڕوانێ . یان لە سەر ڕیتمی "تیۆری پیاوە شێتەکە" دەیەوێت پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕێکبخاتەوە، واتا چاندنی ئەو باوەڕە لە لای نەیارەکانت، تۆ ئامادەی بۆ ئەوپەڕی توندکردنەوەی ململانێکان بچیت، تەنانەت ئەگەر کارەکە جۆرێک لە خۆکوژیش بێت. چونکە باش دەزانێ سەردەمی میدیای دیجیتاڵی، پێویستی بە عاقڵترین بکەری سیاسی نیە، بەڵکو پێویستی بەوکەسانەیە، زۆرترین توانایان هەیە، بۆ خوڵقاندنی مشتومڕو بەرهەمهێنانی شۆکی گشتی، وەک ترێند و براندێکی جیهانی . هەرلەبەر ئەمەش، لێدوانەکانی بوونەتە بەشێک، لە ستراتیژییەکی بەردەوام، بۆ هێشتنەوەی جیهان لە دۆخی چاوەڕوانییەکی هەمیشەییدا. لای ئەو، پۆستێک یان (تویتێک لە ترۆس سوسیال)، دەبێتە هۆی هەژاندنی بازاڕەکان، لێدوانێکی سەرپێیی، هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی، پێش نەیارەکانی دەهەژێنێ، نوکتەیەکی سیاسی، ئەگەری هەیە بە خێرایی بگۆڕێت، بۆ قەیرانێکی دیپلۆماسیی گەورە .
ترامپ، سیاسەتی لە جیهانی "بڕیارە کۆدەنگیەکان"و، پرەنسیبی ماف و سەروەری دەوڵەتانەوە، گواستۆتەوە بۆ نێو جیهانی " نمایشی بەردەوامی بەردەم مایکەکان "، تیایدا ورووژاندن گرنگترە لە سەقامگیری، ڕاکێشانی سەرنج و سورپرایزی درۆزنانە بایەخی زیاترە لە ڕاستی. لەو چوارچێوەیەدا، هێزی ئەمریکا چیتر لە ڕێگەی دیپلۆماسییەتی هێمن، یان دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پەیڕەو ناکرێت، بەڵکو لە ڕێگەی شۆکی دەروونی، هێزی بۆمبەکانی B2، سەپاندنی باج و توانای ئاڵوگۆڕی بازرگانی، سەرلێشێواندنی بەردەوامەوە پەیڕەو دەکرێ. وەک بڵێی واشنتۆن، لە جیاتی ئەوەی زامنی سەقامگیریی جیهانی بێت، بۆتە ماشێنێکی جیهانی، بۆ بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی هەڕەشە و ترس و دڵەڕاوکێی سیاسی .
ترامپ پشت بە فەلسەفەیەک دەبەستێت، لەسەر پاڵنانی بە کۆمەڵی نەیارو هاوپەیمانەکانی، بۆ لێواری تەقینەوەو بەیەکدادان، دواتر بانگهێشت کردنیان بۆ سەر مێزی گفتوگۆکردن . لە کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێرانەوە، بۆ شەڕی بازرگانی لەگەڵ چین، پەیوەندییە پڕ لە هەڵچوون و داچوونەکەی لەگەڵ کۆریای باکوور، تا گێچەڵەکانی بە گریلاندو پشت کردنە ئۆکرانیاو سەرسامی بە پوتن، هەڕەشەی کشانەوە لە ناتۆ، بۆ فڕاندنی سەرۆکی فەنزویلا، پێشوازی بێشەرمانە، لە ئەلشەرع لە کۆشکی سپی، تا دەگاتە جەنگ و پەلاماری ئێران و قەیرانی هورمز، ئەوەتا جیهان لەژێر لۆژیکی " تا ئەوپەڕی فشار"دا دەژی، کە ددان بە هیچ جۆرە چارەسەرێکی ناوەندیدا نانێت. کێشەی سێنترالی ئەم جۆرە دیپلۆماسییەتە ئەوەیە، جیهان دەگۆڕێت بۆ کایەیەکی پڕ لە گرژیی و ئاڵۆزی هەمیشەیی. کاتێک سیاسەت لەسەر بنەمای سوپرایزو پێشهاتی چاوەڕواننەکراو بەڕێوە دەچێت، سیستمی نێودەوڵەتی توانای پێشبینیکردنی لە دەست دەدات، بۆیە مەترسی و ئەگەرەکانی هەڵە و هەڵسەنگاندنی چەوت و بەریەککەوتن، ڕۆژ بەڕۆژ گەورەتر دەبن.
ترامپیزم "هێزی دامەزراوەکان"ی بۆ لۆژیکی "هێزی کەسایەتی" گۆڕی، لە جیاتی بنیاتنانی سەقامگیری، خودی شڵەژان و پشێوی کردە ئامرازێک بۆ حوکمڕانی . ڕەنگە گەورەترین هەڵە، کورتکردنەوەی دیاردەی ترامپیزم بێت، تەنها لە کەسایەتی خودی ترامپدا. ترامپ وەکو دیاردەیەکی نوێ لە بۆشاییەوە دەرنەکەوتوە، بەڵکولە هەناوی ڕێکخراوی ماگا ( Make America Great Again - MAGA)وە هاتوە. کە لە ئەنجامی سەردەمێکی تەواو لە شکست و تێکشکان، کۆمەڵگای ئەمریکی لە ناو قەیرانی ماناو متمانەو ناسنامەدا، جارێکیتر دەخوازێت، ئەمریکا پلەی یەکەم وەربگرێتەوە. بەتایبەت لە سەردەمێکدا دەسەڵاتی ڕاستی، لە بەردەم هێزی وێنەی دیجتاڵیدا، ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر پاشەکشە دەکات، ئەوەتا سنوورەکانی نێوان سیاسەت، وەک فەزیلەت و سیاسەت وەک بازرگانی و بە بازاڕکردن، لە نێوان سەرکردەی ڕاستەقینەو ئەستێرە و بلۆگەرە ناودارەکان، نێوان دەوڵەتداری و نمایشی ناو پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە خێرایی دادەڕمێن.
ترامپ، خاڵی لاوازی لە پرسی دیموکراسیی لیبرالی هاوچەرخدا، بەرهەم نەهێناوە، بەڵکو تەنها ئاشکرای کردوە بۆمان، نیشانی داین، چۆن بازرگانێک تەنها خاوەنی لێهاتووییەکی میدیایی ناوازەیە، دەتوانێت تەواوی کایەی سیاسی، لە ڕێگەی سەرمایە گوزاری لە تووڕەیی و نیگەرانی جەماوەرو ترس و جەمسەرگیرییەوە، جارێکیتر و سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە. لێرەشەوە، ترامپیزم تەنها قۆناغێکی سیاسی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی وەرچەرخانێکی قووڵترە، بە جەستەی جیهانی هاوچەرخەوە : جیهانێک ئەوەندەی بەدوای کەسایەتییە شۆککەرو سەرنجڕاکێشەکاندا دەگەڕێت، بەدوای سەرکردەی بیرمەندو خاوەن لۆژیکی عەقڵانیدا ناگەڕێت. ڕەنگە مەترسیدارترین کاری ترامپ، تەنها بڕیارە سیاسییەکانی نەبێ، بەڵکو هەوڵەکانیەتی بۆ گۆڕینی جیهان، بۆ نمایشێکی شانۆی بەردەوام لە گرژی و ئاڵۆزی . لە سەردەمی ئەودا، سیاسەت چیترهونەری بەڕێوەبردنی سەقامگیری نیە، بەڵکو بۆتە هونەری بەڕێوەبردنی شۆکی بەردەوام . ئەوەتا جیهانی ناچار کردوە لە چاوەڕوانی پۆستێکی ناو ترۆس سۆسیالدا بژی، یان لە بەردەم میزاجی کەسێکی بازرگان لە چاوەڕوانیدا بوەستێت، کە خۆی لە سنوورەکان و لە دامەزراوەکان گەورەتر دەبینێت، دورنیە لە خەیاڵدانی خۆیدا، خۆی بە گەورەتریش نەبینێت لە کۆی جیهان !!.
PM:03:35:25/05/2026
ئهم بابهته 332
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی