رێکــکەوتن لــە دەرگایە

‌هەڤاڵ عارف

لەدوای دەیان ساڵ لە گەمارۆی ئابووری و فشاری توندی سیاسی، بەدوایدا زنجیرەیەک ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ و  مانگێک زیاتر لە دیپلۆماسییەتی ئاڵۆز، کە تاکو ئێستاش لەژێر سێبەری هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی کردەی سەربازیدا بەردەوامی هەیە، دواجار خەریکە کێشی تەرازووەکەی پاکستان نزیک دەبێتەوە لەوەی بەلای ئاشتیدا بشکێتەوەو هەردوو ڕکابەرە سەرسەختەکە، تاران و واشنتۆن لەسەر مێزی دیپلۆماسی بگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و یەکلاکەرەوە، بێگومان بە واژۆکردنی ئەمەش لاپەڕەیەکی نوێی مێژوویی لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی لە سەدەی بیست و یەکەمدا هەڵدەدرێتەوە.

هەرچەندە هێشتا زووە بۆ تێگەیشتن لەم نزیکبوونەوەیە، بەو پێیەی نازانرێت لە دواساتەکاندا چی ڕوودەدات و ئالییەتەکانی جێیەجێکردنی چۆن و چی دەبن تەنانەت ئەگەر هەردوولاش بگەنە ئەنجامێکی کۆنکرێتی وەک ئەوەی ئاماژەکانی دەرکەوتوون و ترەمپ و سەرکردە باڵاکانی ئەمریکا و ناوەندە شیکارییە بەئاگاکانی جیهان گوزارشتی لێ دەکەن هێشتا زەحمەت دەبێت وێنەکە بە تەواوی ڕوون بکرێتەوە ئەمە لەپاڵ ئەوەشدا، کە پێدەچێت لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان و خۆلادان لە هەر تێچوویەکی سیاسی و ئیحراجییەک لەبەردەم فشاری شەقام و ڕای گشتیدا، بەشێک لە بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە بە نهێنی بهێڵدرێتەوە و تەنیا هێڵە گشتییەکانی ڕابگەیەندرێت لەبەر ئەم هۆکارانە، هەر جۆرە قەزاوەتێکی پێشوەختە و قسەکردنێکی ڕەها لەسەر چۆنیەتی ئەم هەنگاوە و ئەوانەی دواتر ڕوودەدات، دەچێتە خانەی فاڵگرتنەوەی سیاسییەوە بۆیە کاتێکی زیاترمان پێویست دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنێکی قووڵ و تێگەیشتن لە ماهییەت و خاسیەتەکانی ئەم پرۆسەیە.

لەگەڵ هەموو ئەم تەمومژەشدا، ئەم هەنگاوە بە هەر ئاقار و شێوازێکدا بگاتە ڕێککەوتنێکی واژۆکراو، وەرچەرخانێکی گەورەی دیپلۆماسی دەبێت چونکە وێڕای ئەوەی ناوچەکە لە لێواری جەنگێکی وێرانکەر دەگەڕێنێتەوە، لە ڕووی واقیعیشەوە سروشتی دوو قۆڵی پرۆسەکە فۆرمێکی جیاوازتر و گەشبینانەتر لەوانەی رابردوو نیشان دەدات، چۆن؟ ئەگەر تەماشا بکەین لە ساڵی ٢٠١٥ و لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆبامادا ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) واژۆ کرا، بەڵام ئەو هەنگاوە فرەلایەن و لە چوارچێوەی کۆمەڵەی وڵاتانی (٥+١) بەڕێوەچوو بۆیە بەرگەی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی نەگرت و شکستی هێنا، ئەمجارە هاوکێشەکه پێچەوانەیەو تاران و واشنتن دوور لە قەرەباڵغی زلهێزە جیهانییەکان و تەنیا بە ڕۆڵگێڕانی پاکستان وەک پردێکی پەیوەندی، خۆیان توانیویانە لێکـنزیک ببنەوە لەوەی بگەنە سازانێکی گشتگیر و پەسەندکراو.

بەشێوەیەکی گشتی و دور لەپێشبینی حەتمی ئەگەر ئەم لێکنـزیکبوونەوە بەراییە ببێتە ئەمری واقع ئەوا لە ڕوانگە ستراتیژییەکەیەوە دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی لە چەند ڕەهەندێکی سەرەکیدا خۆیان دەنوێنن، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەبێتە زامنی ئاسایشی ئابووری و سەقامگیریی هەناردەی وزەی جیهانی لە دەروازە ستراتیژییەکانی وەک گەرووی هورمز، لە ڕەهەندە هەرێمایەتێکەشەوە، دەبێتە هۆی گەڕانەوەی سەقامگیری و متمانەی  ئەمنی و ئابووری بۆ ناوچەکە بەتایبەت بۆ وڵاتانی کەنداو، کە لە پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانەدا کەوتبوونە هێڵی پێشەوەی قەیرانەکان، هاوکات قەبارەی جەنگە بەوەکالەتەکانیش تا ئاستێکی بەرچاو دادەمرکێنێتەوە.

لەسەر ئاستی دەستکەوتی دوو قۆڵیش، ئەم ڕێککەوتنە بۆ واشنتن بە مانای کەمکردنەوەی بارگرانی سەربازی و ڕێگریکردنە لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و تەرجەمەکردنیەتی بە دەستکەوتێکی گەورەش بۆ ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا بەتایەت خودی ترەمپ و ڕەوایەتیدان بەو دروشمەی، کە دەڵێن ئاشتی لەرێگەی جەنگەوە بەدەست دەهێنین، هەرچی بۆ ئێرانیشە دەربازبوونیەتی لە خنکانی ئابووری و مسۆگەرکردنی مانەوەی سیستمە سیاسییەکەیەتی لە ناوخۆدا، لەپاڵ چەسپاندنی پێگەی خۆی وەک هێزێکی دانپێدانراوی ناوچەیی بەبێ ئەوەی باجی زیاتری جەنگ بدات، وەک دەرئەنجامێکی لۆژیکیش ئەم کرانەوەیە یاری زلهێزەکان لە ناوچەکەدا ڕێکدەخاتەوە و حەجمی پشتبەستنی قورسی ئێران بە بلۆکی ڕۆژهەڵات سنووردار دەکات ئەمەش پێگەی تاران لە وڵاتێکی گۆشەگیرکراوەوە دەگۆڕێت بۆ کارەکتەرێک، کە بتوانێت باڵانسی بەرژەوەندییەکانی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا ڕابگرێت.

لەتەنیشت ئەم حیساباتە ستراتیژییانەدا، خوێندنەوەی وردی جووڵە دیپلۆماسییەکانی پەراوێزی دانوستانەکان ئەو راستیەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە بەرجەستەبوونی ئەم لێکتێگەیشتنە تەنیا پرۆسەیەکی داخراوی نێوان دوو وڵات نییە بەڵکو نەخشەیەکی فراوانتری هەیە و تێێدا بەرژەوەندی و نیگەرانییەکانی بەشێکی زۆری جەمسەرە هەرێمایەتییەکانی وەک وڵاتانی کەنداو، میسر، ئوردن، تورکیا، پاکستان و بە تایبەتیش ئیسرائیل لەبەرچاو گیراوە،  ئەم ڕەچاوکردنەش لەسەر بنەمای چاوپۆشی و خاترگرتن نەبووە و ڕاستەوخۆ لە چوارچێوەی دیدگا و بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەمریکادا داڕێژراوە بۆ نموونە، پاراستنی سەقامگیریی وڵاتانی کەنداو ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە پارێزگاریکردن لە سەرچاوەی بەرژەوەندییە دارایی و ئابوورییەکانی خودی واشنتنەوە، ​هەڵبەتە لەم هاوکێشەیەدا، ئیسرائیل وەک حاڵەتێکی تایبەت و جیاواز هەژمار دەکرێت، چونکە پەیوەندییەکانی واشنتن و تەلئەبیب تەنیا لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی ناوچەکەدا کورت نابێتەوە، سەرباری هەندێک جیاوازی و خیلافاتی کاتی بەڵام خاوەنی یەکگرتووییەکی ستراتیژی و قووڵاییەکی ئۆرگانین، کە لەسەر ئاستی باڵادا بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە.

هەر بۆیە، لە روانگەی پراگماتیکی سیاسیدا، گەیشتن بەم تەوافوقە دەستکەوتێکی گرنگ و ئیجابییە بۆ سەقامگیری ناوچەکە و ئارامیی جیهان، بەڵام ئەبێت ئەوەش بزانین خاڵی کۆتایی ململانێکان نابێت بەڵکوو داخستنی دۆسیەیەکە بۆ کردنەوەی چەندین دۆسیەی دیکە، دووبارە پێناسەکردنەوەی چوارچێوەی ڕۆڵگـێڕانی تاران قۆناغێکە لە پڕۆژەیەکی گەورەتر بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی  و ئابووری ناوچەکە، بە دامرکاندنەوەی گرژییەکانی ئەم بەرەیەش، کاتژمێری گۆڕانکارییەکان ناوەستێت و تیشکی سەرنجی زلهێزەکان بەرەو ئامانج و گۆڕەپانەکانی دیکە ئاراستە دەبێت، ئەم چاوەڕوانییەش لەو مەنتیقەوە سەرچاوە دەگرێت، کە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک تەختەی شەترەنج وایە هێورکردنەوەی هەر خانەیەک بە مانای ئامادەسازی دێت بۆ جووڵەپێکردنی پیادەکانی دیکە و ڕێکخستنەوەی سنوور و هەژموونەکان.

ئەمەش ئەو پرسیارە قوڵە دەورووژێنێت، کە لە قۆناغی دوای یەکلابوونەوەی ئەم هاوکێشەیە، تەوژمی گۆڕانکارییەکان ڕوو لە کام وڵات دەکات؟ زریانی داهاتووی دابەشکاری و سەپاندنی سیستەمی نوێ لە دەرگای کام دەوڵەت و کام جوگرافیا دەدات؟ باجاری سەیربکەین و پەلەی شیکاری و دەرئەنجام و قەزاوەتی سەرپێییمان نەبێت، داهاتوویەکی نزیک خۆی دەرگای وەڵامەکانمان بۆ دەخاتە سەرپشت.


PM:04:21:24/05/2026

ئه‌م بابه‌ته 1056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی