لە دادگادا؛ عەجاجی جەلادم چۆن بینی

‌هێمن حەسیب

ڕۆژی پێنج شەممە 14 ئایار، ئامادەی دانیشتنی دووەمی دادگاییکردنی عەجاجی جەلادی نوگرەسەلمان بووم، لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق.

عەجاج، ئەو جەلادەی ڕۆژانێك زەوی نوگرەسەلمان لە ژێر پێی دەلەرزی، لە ناو قەفەسی تاوان، داڕوخاو و زەلیل و داماو لە بەردەم دەستەی دادوەرانی دادگا و بە بەرچاوی کەسوکاری ئەنفالکراوان ڕاوەستا بوو.

ئەو پیاوەی، ڕۆژانێك هاواری دەکردە سەر ئەنفالکراوانی زیندانیکراو لە نوگرەسەلمان، لە دادگا، وشەکانی قوت دەدا و نەیدەزانی قسەکانی خۆی چۆن ببەستێتەوە بە یەكەوە.

عەجاجی جەلاد، ئەوەندە سەرلێشواو بوو، قسەکانی دژ بە یەك بوون.. چونکە لەلایەك نکوڵی لەوە دەکرد، بەرپرسیارێتی لە زیندانی نوگرەسەلمان هەبووبێت، لەلایەکی دیکە، دەیوت، پێش هێنانی ئەنفالکراوان، زیندانیکراوانی قەڵاکەمان گواستۆتەوە بۆ شوێنێکی تر و ئینجا ئەنفالکراوان بردراونەتە نێو قەڵاکە.. کاتێکیش دادوەر لێی پرسی؛ ئەگەر بەرپرسیارێتیت لەوێ نەبووە، چۆن ئەمە دەزانیت، ئینجا عەجاج قسەی خۆی گۆڕی و وتی؛ ئەم زانیارییەم لە معاون سیاسی ئەمنی سەماوە بیستووە.

دانیشتنی دادگا، کە بە سەرۆکایەتی دادوەر (سعد خزعل جاسم محمد الامی) لە کاتژمێر 9:45 خولەك دەستی پێکرد و تا کاتژمێر 12:15 خولەکی خایاند... سەرەتا سێ شایەتحاڵی دیکەی ڕزگاربووی نوگرەسەلمان، کە لە ژنێك و دوو پیاو پێکهاتبوون، لە بەردەم دادوەر وتەی خۆیان پێشکەشکرد.

دادوەر، دەرفەتی باشی بە عەجاجی تاوانبار بەخشی، تا بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام ئەو واتا (عەجاج) لەگەڵ ئەوەی داڕوخابوو، لە هەندێكجاریشدا فێلبازانە دەیویست لە وەڵامی پرسیارەکانی دادوەر ڕابکات.. بۆ نموونە؛ لە وەڵامی پرسیارێکی دادوەر، بەوەی دەستدرێژی کردۆتە سەر ئەنفالکراوان، عەجاج وتی؛ من بەردەوام هاتوچۆی سلێمانی و هەولێرم کردووە و چەندینجار لە چەمچەماڵ ماومەتەوە.. ئەگەر کاری لەو جۆرەم کردبێت، چۆن دەتوانم بچمە ئەو شوێنانە.. ئەو شارەزایی ئەوەی هەبوو، کە شاری چەمچەماڵ، یەکێكە لەو ناوچانەی، زۆرترین کەسی ئەنفالکراوە و دەیویست، بڵێی من کێشەم نییە لەو ناوچەیە.. هەر بۆیە دادوەر بە جۆرێك لە توڕەیی و دەنگی بەرز پێی وت؛ وەڵامی پرسیارەکان وەک خۆی بدەرەوە.

ئەو جەلادە بە جۆرێك داڕوخابوو، لەلایەك نکۆڵی دەکرد لەوەی بەرپرسیارێتی لە زیندانی نوگرەسەلمان هەبووبێت، لە هەمانکاتدا دانی بە تاوانی دیکەدا دەنا، بەوەی ئەو لە ئەمنی سەماوە، کاری چاودێریکردنی رێکخستنەکانی حیزبی شیوعی و حیزبی دەعوە بووە و بەدوای ئەواندا دەگەڕا بە خێزانی.

عەجاج دوو پارێزەری هەبوو، یەکێکیان پارێزەرێکی ئافرەت بوو، کە لەلایەن بنەماڵەکەی بۆی دابینکرابوو و ئەوی دیکەیان پارێزەرێکی پیاو بوو، دادگا بۆی دابینکرد بوو.

کاتێك دادوەر بە عەجاجی وت؛ پارێزەرەکەی (ئافرەتەکە) لەو پەراوی یاساییەی (لائحة قانونية)ـی پێشکەشی دادگای کردووە، دەڵێت؛ کە تۆ بەرپرسی زیندانی نوگرەسەلمان بوویتە.. عەجاج ئاوڕدانەوەیەکی سەیر لای کردەوە و تەماشای پارێزەرەکەی کرد و ڕەنگی مۆر هەڵگەڕا، بە جۆرێك؛ ئاوڕدانەوەکەی سەرەنجی دەستەی دادوەران و تەواوی ئامادەبووانی ڕاکێشا، کاتێكیش دادوەر لێی پرسی، بۆچی وا تەماشات کرد، وتی؛ ئەو ئاگادار نییە، لە کاتێکدا ئەو پارێزەرە لەلایەن بنەماڵەی عەجاجەوە دابینکرا بوو.

کاتێكیش دادوەر، حوکمی کۆتایی خوێندەوە وسزایی لەسێدارەدانی بۆ ئەو جەلادە دەرکرد لە پای ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید، لە رێگەی پرسێتی و کوشتن و دستدرێژی، سەرتاپا خۆشی و هەڵهەڵەی کەسوکاری ئەنفالکراوان ناو بینای دادگای گرتەوە.

لەگەڵ ئەوەی دوو تیمی پارێزەر (تیمێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و تێمێکی سەرۆکایەتی کۆمار)، وەك پارێزەری بەرگری لە ڕزگاربووانی نوگرەسەلمان ئامادەبوون و دوو (لائحة قانوني)ـیان پێشکەشکرد، بەڵام کاتێك دادوەر، پرسیاری کرد، کە ئێوە یەك تیمن، وەڵامەکەیان بەڵێ بوو.. ئەمەش جێی دڵخۆشی بوو.

لە کۆتاییدا پیرۆزە لە تەواوی ڕزگاربووانی نوگرەسەلمان و کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەموو گەلی کورد، کە دادپەروەری بەدیهات و جەلادێكی ناو پرۆسەی ئەنفال، سزایی یاسایی و عادیلانەی خۆی وەرگرت لە پای تاوانەکانی بەرانبەر ئەنفالکراوان.

زۆر زانیاری و وردەکاریی دی هەیە، کە هەوڵ دەدەم لە بابەتێکی تێروتەسەلدا جێی بکەمەوە.. کە چۆن جەلادەکەی نوگرەسەلمان، نکۆڵی لە تاوانەکانی دەکرد و هەوڵی خۆدزینەوەی دەدا لە وەڵامی پرسیارەکانی دادوەر.

تێبینی: دادگایکردنی عەجاج، لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بەڕێوەچوو، کە ساڵی 2005 بۆ دادگایکردنی سەرانی ڕژێمی بەعس دامەزراوە، بەڵام پرۆسەی دادگاییکردنەکە لە باڵەخانەی دادگای تێهەڵچونەوەی بەغدا ـ رەسافە بەڕێوەچوو، چونکە هۆڵی دادگای باڵای دادگای باڵای تاوانەک


PM:04:46:15/05/2026

ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی