چیرۆکی فەزیلەی کوردان، چیرۆکی جینۆسایدی گەلێک

‌سلێمان مستەفا حەسەن

ساڵی ١٩٨٨ ساڵێکە کە لە مێژووی کورددا بە خوێن، فرمێسک، ئازار، نادادی، ستەم، جینۆساید و ئازارەکانی کیمیاباران و ئەنفال و نوگرە سەلمان نووسراوەتەوە. لە پرۆسەی ئەنفالی بەدناودا، هەزاران خێزان لە نیشتمان و لە ژیان و ماڵبات جیاکرانەوە. ١٨٢ هەزار کەس تەنیا لەبەر کوردبوون لە لایەن ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێن بوونە قوربانی جینۆساید. لە ناو شوێنە تاریکەکانی ئەو تاوانەدا، زیندانی نوگرە سەلمان ناوی خۆی وەک گۆڕستانێکی زیندووان لە مێژوودا تۆمار کردووە، سەگە ڕەشەکان، حەجاج، نوگرە سەلمان، ئەنفال ئەو ناوانەن بە ترس و مردنەوە گرێدراون لە بیرەوەری گەلی کورد بۆ هەمیشە لەبیرناکرێن.

لەوێ، ژنان و منداڵان، بەساڵاچووان بە برسییەتی، تینوویەتی و ئەشکەنجە دەدران، لە تینوویەتیی خنکان و لەبرسانا مردن، ئەوان دەکوژران و دەکران بە خۆراکی ستەم و نادادی، دەکران بە خۆراکی لمی بیابان، هەندێکیشیان بوون بە خۆراکی سەگە ڕەشەکانی بیابان، هەندێکی تر لە ناو ژوورە تاریکەکاندا بەبێ ناونیشان ون بوون چیرۆکەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا ون کردن، ئێستاش بەشێک لە دایکان لەچاوەڕێ ئازیزانیان دان و ڕۆژان بەڕێ دەکەن.

ئا لە ناو ئەو دۆزەخەدا، جەلادێکی بەعسی، جەلادێکی فاشی، جەلادێکی نازی هەبوو، ئەو لە تەواوی جەلادەکانی تری ناو ئەو دۆزەخە جیاواز بوو، ناوێک بە ترس و خوێن لە بیرەوەریی دەربازبوواندا ماوەتەوە، ناوێک هەرگیز لە بیرەوەری کەسوکاری ئەنفالکراوان جیا نەبووەتەوە ئەویش (حەجاج) جەلادەکەی نوگرەسەلمان، حەجاجێک سیما و سیفەتی بەعس و فاشی و نازیزمی هەڵگرتبوو، ئەو دێوەزمەو مرۆڤ خۆر و مەرگهێن و دۆست وبرای مردن بوو، ئەو وەحشێک بوو لە پیێستی مرۆڤدا.

لەو کاتەدا، لەناو ئەو دۆزەخەدا، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵی هەبوو، کچێک بە ناوی فەزیلە، لەیەک ساتدا هەرچی خەونی منداڵی و ئارامی، خەونی خێزان و دڵنیایی هەبوو لێی زەوت کرا. فەزیلە لە لایەن ئەو جەلادەوە هەڵواسرا، ئەشکەنجە درا، و لە هەمان کاتدا باوک و دایک و براکەی لێ جیاکرانەوە و ئەوان بوونە قوربانی ئەو مەرگەساتەی ئەنفال و کارەساتی جینۆساید، ئەوان و هەزارانی تر لە هۆڵەکانی نوگرەسەلمان لە هۆڵەکانی مەرگ ڕۆحیان بەرەو تەختی پەروەردگار گەڕایەوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵایەک و گێڕانەوەی ئەو مەرگەساتە بۆ پەروەردگار.

جەلادەکان وایان دەزانی کە ئەو کچە وەک هەزاران قوربانی تر لەژێر بارگرانی ئەو مەرگەساتە دەشکێت و کۆڵدەدات و بە کاریگەری ئەو کارەساتە سەر دەنێتەوە، بەڵام فەزیلە نەشکا و کۆڵی نەدا، ئەو شوێنپێی پێشمەرگە و شەرڤانان و گەریلاکانی نیشتمانی هەڵگرت و خەمی مەرگەساتی ئەنفالی کردە هەگبەی، ئەو بڕیاری دا ببێتە دەنگی ئەنفال و چیرۆکەکانی، ئەو بڕیاردا ببێتە بڵندگۆی دەرخستنی ڕاستییەکان.

دوای ساڵانێک، پرۆسەی ئازادی هات، دەرگای زیندانەکان کرانەوە، ڕژێم ڕووخا، بەڵام بۆ فەزیلە چیرۆکەکە کۆتایی نەهات، فەزیلە گەڕایەوە بۆ نوگرە سەلمان، نەک بۆ سەردان و بیرەوەری، بەڵکوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بیرەوەرییەکانی، بەڵکوو بۆ دۆزینەوەی ئەو بەشەی ژیانی کە لە نوگرە سەلمان ون ببوو، لە ناو ئێسک و پرووسکی قوربانییەکاندا، ئێسک و پروسکی دایک و باوک و براکەی دۆزییەوە… بەڵام لەو گەڕانەدا، سەرچاوەیەکی گرنگی دەست کەوت، جەلادەکە هێشتا زیندووە، حەجاج زیندووە.

ئەو جەلادەی ساڵانێک زۆر خۆی شاردەوە، ون ببوو، وتیان مردووە، پاش هەموو ئەو ساڵانەی لە چاوی دادگا و یاسا ڕای کرد و خۆی حەشاردا. بەڵام فەزیلە، ئەو کچەی کە ڕۆژێک قوربانی بوو، بوو بە شوێنکەوتووی داد، بوو بە شوێنکەوتووی دەرخستنی ڕاستییەکان، بوو بە دەنگی ئەنفال. شوێنپێی جەلادەکەی هەڵگرت و دۆزییەوە، بە وریاییەوە، بە پلانەوە ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردەوە، بەم شێوەیە جەلادەکەی نوگرەسەلمان ڕاپێچی زیندان و لێپرسینەوە کرا، گرتنی حەجاج گرتنی مرۆڤێکی ئاسایی نەبوو، گرتنی حەجاج گرتنی ڕاکردوێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو هەڵدانەوەی پەردەبوو لەسەر تاوانەکانی سەدە، هێنانی بکەری تاوانی ئەنفال و نوگرە سەلمان بوو، هەڵدانەوەی لاپەرەکانی چێرۆکی مەرگەساتی گەلێک بوو، نووسینەوە گوێگرتن و دۆکۆمێنتکردنەوەی مەرگەساتی ئەنفال و کارەساتی جینۆساید بوو. ئەمڕۆ، حەجاج لە بەردەم دادگایە. یەکەم دانیشتن ئەنجام دراوە، ٢٢ شاهید و سکاڵاکار ئامادەبوون، و زیاتر لە ٣٠٠ سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.

ئەوەی گێڕامانەوە و نووسیمان تەنها چیرۆکی فەزیلە نییە، تەنها ناوهێنانی ژنێکی کورد نییە… ئەمە چیرۆکی نەتەوەیەکە، ئەمە چیرۆکی کوردانە کە نە ئەنفال، نە کیمیابارن، نە بەعەرەب کردن، نە بەڕاگواستن، نەبە زیندانی کردن نە بە کوشتن توانیان بیشکێن و لەناوی بەرن، نە کات توانی بیرەوەرییەکانی بسڕێتەوە.

چیرۆکی فەزیلەی کوردان، تەنها پێویستی بە خوێندنەوە نییە، تەنها پێویستی بەوەنییە وەک کارەساتێک سەیری بکەین و هاوخەمی بین… بەڵکوو پێویستی بەوە هەیە ببێتە فیلمێکی سینەمایی جیهانی، تاکوو دنیا بزانێت کورد چی بینیوە، و ژنێکی کورد چۆن لە قوربانییەوە بوو بە دەنگی داد، ڕاستی، دەنگی ئەنفال و مێژوو، دەنگی چیرۆکی کوردان ئەو کوردانەی لەبەر کوردبوون زیندەبەچاڵکران و بوون بە خۆراکی ستەم و زوڵم و نادادی حەجاج و سەرانی بەعس، با دادگای حەجاج بهێنرێتە کوردستان، با دادوەرانی جیهان بانگهێشتی دادبینیەکە بکرێن، با هەموو چیرۆکەکانی ئەنفال لە مۆزەخانەی ئەنفال بەزیندویەتی هەڵبگیرێن، با قورسای ئەو کارەساتانە بکرێنە خاڵی هێزو هەڵسانەوە و دەست پێکی ژیان.



PM:01:38:11/05/2026

ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی