كەیسی ژمارە 534
رهحمان غهریب
كاتێ تەماشای ئەو وێنانەی دەكرد كە دادوەر لەگەڵیدا رونكردنەوەی دەدا، پێڵووی چاوەكانی لە یەكتر نزیكدەكردەوە، بەورردی تەماشای وێنە و ڤیدیۆكانی دەكرد، بە ئاماژە بێ ئاگابوونی خۆی لەو دیمەنانە دەردەبڕی، چەند جارێكیش تەماشای رێبواری هاورێ دەكرد، هەردووكیان زەدەخەنەیان دەگۆڕییەوە.
ئەمڕۆ 7ی ئایار 2026، بە رووخسارێكی گەشەوە خۆی كرد بە هۆڵی تاوانەكانی دادگای سلێمانی، دەستی راستی سڵاوی بۆ ئامادەبووان بەرز كردەوە، هەستی بەشێك لە ئامادەبووان تێكەڵەیەك بوو لە دڵخۆشی و نائومێدی. هەمووان بە پێوە وەستان بۆ پێشوازی لە سڵاوە گەرمەكەی لاهوری شێخ جەنگی.
رێبواری لەلای دەستی راستی، پۆڵاد لە پشتییەوە، 10 تۆمەتباری تریش لەگەڵی وەستابوون، كە بچوكتریانیان لەدایكبووی ساڵی 2000 بوو، ئەو گەنجە لەوە نەدەچوو تەندروستی چاوەكانی باش بن، زۆری دەتوركاند.
لەگەڵ ( عزیز رەئوف، هێمن مەحمود) چوینە هۆڵەكە، دەتوانین بڵێین دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا تەنها خوێندنەوەی وتەی هەردوو سكاڵاكار، بەڕێزان( بافل تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی)بوو، دژ بە لاهوری شێخ جەنگی و هاورێكانی، كە تۆمەتەكان هەوڵی كوشتنیان بووە ، بە قەناس و خستنە خوارەوەی هەلیكۆپتەر.
ڤیدیۆ و فۆتەكان بە داتاشۆ بە دیواری لای چەپی هۆڵەكە پیشانی ئامادەبوان درا، رەنگە شتێكی نوێی تێدا نەبێ، دیمەنی ئەو زەلامەیشی تێدابوو كە بە دوو كوباری قەد كراوە خۆی دەكات بە مەسعدی باڵەخانەیەكی نیشتجێبوون، دەوترێت بەشێكی هەوڵی كۆدەتاكەیە.
دادوەر لەگەڵ ئەوەی لائیحەی تۆمەتەكانی پێشكەش دەكرد، مامەڵەیەكی ئاسایی لەگەڵ تۆمەتباران، پارێزەران، ئامادەبووانی ناوهۆڵەكەدا كرد، هەرچەندە رێوشوێنی ئەمنی زیادەڕۆیی پێوە دیاربوو، بەڵام مامەڵەی ئەو هێزانە، هەروەك پۆلیس و فەرمابەرانی ناو دادگا شارستانی بوون هیچ رواڵەتێكی توندوتیژی پێوە دیار نەبوو.
هۆڵەكە تا دەهات گەرم دەبوو، ئاوات خانی خوشكی، لاپەڕە سپییەكەی دەستی بۆ نارد، رووخساری پێ باوەشین كرد، بەڵام ئەو دەكوڵا و خۆی بۆ نەگیرا، رووی كرد دادوەر : جەنابی دادوەر پێش ئەم رووداوانە من كێشەم لەگەڵ سكاڵاكاران هەبووە، پێنج كەسی نزیكم كوژراون، شكات كراوە، بەڵام دۆسییەكانیان نەچوونەتە پێشەوە، داوادەكەم دۆسییەكەم بنێرنە دادگای تەمییز، لاهوری شێخ جەنگی وای ووت.
لە وڵاتێكدا كە هەمووان لەبەردەم یاسا و دادوەری، وەك یەك نەبووین، كە پێشینە هەبوو بۆ بەكارهێنانی یاسا لە كڕین و فڕۆشی سیاسی، هیوا هەڵچنین بە گواستنەوەی كەیسەكەی لاهوری شێخ جەنگی بۆ دادگای ناوچەیەكی تر، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێ، كە ئێمە لەبەردەم كەسێكی سیاسیداین و سبەینێ حزب بەهەموو قورساییەكی لەژێر سێبەری دادگادا، كار لەسەر دەرئەنجامەكانی دەكات.
ئیتر وایە، كاتێك كەیسێك قاچێكی لەناو چلپاوی سیاسەتدا بێت و ئەویتریشی لەناو دەقی یاسایی لاستیك ئاسادا، لەم جۆرە كەیسانەدا گواستنەوەی دۆسییەكەی ناكاتە چاوەڕوانی موعجیزە، یان گۆڕانی دونیا، سادەتر: لەم كەیسانەدا ئەوە سیاسەتە بڕیار دادەڕێژی، نەك دادوەری، ئەوە بەرهەمی سیاسەتە كە یاسا دەكاتە موعجیزەو لە شەو ڕۆژیكا تۆمەتبار دەكاتە شەریك و هاوپەیمانی سیاسی.
ئەو سیاسەتە ناڵێم كە عیلمە، هونەرە، بۆ چاكەی گشتییە و بنچینەیەكی ئەخلاقی هەس، ئەوەیان دەڵێم كە ئەخلاقی لە سیاسەت جیاكردەوە و لە كۆتایشدا سیاسی تاجر، سیاسی و دز، سیاسی و ساختەچیت لەیەكتر بۆ جیانەكرێتەوە.
PM:02:17:07/05/2026
ئهم بابهته 2608
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی