مانیفێستی سیاسی و بەرنامەی حکومی: کامیان ونن؟
لاوک سەلاح
هاتەوە یادم... ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان، لە رۆژنامەیەکی رۆژانەدا،
وتارێکی پوختم لەسەر "گومانی داهێنەرانە" نووسی، باسم لەوە پانتاییە کرد
کە دەبێت کەسی خوێنەوار لە کەسایەتی خۆی و لە ئادا و هەڵسوکەوتیدا خاوەنی بێت بۆ
ئەوەی کەمترین هەڵە بکات، پانتایی "گومانی داهێنەرانە" لە تاوان و خۆبەزل زانین و بیڕورای رەها و
هەڵسەنگاندنی کوێرانە بەوەی هەمیشە "من راستم و تۆ هەڵەیت" دەپارێزێت.
لەم نوسینەدا ئەو چەمکە چڕتر دەکەمەوە بۆ ئەوەی سەرنجتان رابکێشم بۆ ئەو
درز و کەلێنانەی لە نێوان مانفێستی رەهای پارتی سیاسی و هەڵسوکەوتی سیاسی و ئادای
حزبیدا هەیە. مانفێستێک کە بەرەهایی نووسراوە و هەڵسوکەوتێکی حکومڕانی کە لە ئاستی
ئەو مانفێستەدا پینە کراوە. ئەو جۆرە لە گومانی داهێنەرانە یارمەتیمان دەدات
کەلێنەکان ببینین و لەخۆبایی بوون دووربین، هەروەها یارمەتیمان دەدات ئەوەی لەسەر
کاغەز دەنوسرێنەوە، کە لە مێژووی پارتی سیاسیدا نەکراوە، لەم جوگرافیایەدا، بۆ
یەکەم جار، موتوربەی واقیع بکرێت و لە شوێنێکی دیکەوە نەخوازرێت.
هاوکێشەی نێوان مانفێستی پارتی سیاسی لە لایەک و
ئادا و هەڵسوکەوتی سیاسی لە حکومەتدا، لە بەرامبەردا، تەواو ناکۆک و دژ بەیەکە،
ئەم دزر وکەلێنە کە بۆتە باو و دیاردەیەکی ئاسایی، هەردووکیان یەکتر تۆمەتبار
دەکەن بەو شکستانەی کە کۆی پارتەکە دووچاری بووە، هەردووکیان مێژووی هەڵەکان لە خۆیان
دەتەکێنن و پیرۆزییە پڕ وەهمەکان بە بەری خۆیاندا دەدروون بۆ ئەوەی بەرگری لە مێژوویەک
لە شکستی سیاسی و نەبوونی فیکری سیاسی و نەبوونی توانای سیاسی بۆ ئامادەکردن و
پیادەکردنی پلانی ستراتیژی دوورمەدا و بزربوونی ئیرادەی سیاسی بگرن. هەموو هەوڵیان
دەدا و دەدەن وەبەرهێنانێکی سیاسی لە پەند و حیکمەتی "ئاگرە سوورە لە خۆم
دوورە" بکەن.
بەرەی یەکەم دەڵێت: بەرەی دووەم دڵسۆز نەبوو بۆ مانفێستە سیاسییەکە و لە
ئاستی جێبەجێکرندا نەبوو، ئەوە ئەوان بوون لە خۆیان گۆڕان و ئاگایان لە هیچ نەما،
ئەوە ئەوان بوون تووشی شکۆک بوون کە بەسەر دونیایەکی دیکەدا کەوتن و لە خەڵک
ترازان. بەرەی دووەمیش بەرەی یەکەم تۆمەتبار دەکات بەوەی سەرکردایەتیکردنی سیاسی
ئەوان لە ئاستی گۆرانکاری و رووداوی سیاسی و پشتیوانی کادیرەکانیدا نەبوو. ئەوان
توانایان نەبوو مانفێستی سیاسی ئاوێتەی بەرنامەی حکومی بکەن و بەرنامەی حکومڕانی
بێنە کایەوە، ئەوە ئەوان بوون نەیانتوانی ناوەوەی پارتی سیاسی رێکبخەنەوە و
ئینتمای سیاسی بۆ مانفێستی سیاسی دابین بکەن.
خوێنەری بەرێز ئەم جۆرە دایالۆگانە، دایالۆگی رۆژانەن، زۆر باون و لە
ژینگەی زۆر لە پارتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا برەویان هەیە، وەک
نموونە هەندێکیانم لێرە تۆمار کردن، ئەگەر هەستت کرد لە پارتێکی دیاریکراودا هەن
کەواتە لەگەڵ قسەکان کۆکیت!
بەداخەوە، لە پاش تەمەنێک لە ئەزموونی چر لەسەر ئاستی جیا جیا بە
چاویلکەیەکی بابەتیانە و دوور لە بەرژوەندی سیاسی و لەبەر رۆشنایی کارەساتە
سیاسییە مێژوویەکاندا، ململانێ سیاسییەکان دەخوێنینەوە، ئەمە یارمەتیمان دەدات بۆ
ئەوەی بڵێین ئێمە هێشتا لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێینەوە و تەمەنێکی نازدار بە
دونیایەک وەهمی سیاسیەوە دەسڕینەوە. ئەو ئەزموونە پێمان دەڵێت ئێمە ئامرازەکانی
بەرهەمهێنانەوەی کەلتوورێکین کە ئیدارەی ململانێکان وەک ٥٠ ساڵ لەمەوبەر دەکات،
کەلتوورێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت رۆشنبیری دیاریکراو کە خۆرسکە، خۆرسک بەو
مانایەی کە چۆن لە منداڵیدا گەورە دەبین بێ ئەوەی ئیرادەمان لە پرۆسەی گەورەبووندا
هەبێت، پرۆسەیەک کە پێویستی بەوەیە چاودێری خۆی بکات بۆ ئەوەی بزانێت لە کوێدا چی
دەکات؟ یەکەم دەرئەنجامی ئەم نوسینە نەبوونی توانستی چاودێرکردنە بۆ دەربازبوون
لەو خۆرسکییە.
لە ئالەنگەرییە سیاسیی و پیشەییەکانی پارتی سیاسی کە سەرچاوەی پێکهێنانی
حکومەتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو میرات و عورف و مێژووە سیاسییە کە
خۆرسکانە کاری لەسەر دەکات و پارتە سیاسییەکە بەرێوە دەبات، میراتی سیاسی چ وەک
پەیکەر و کادیر، چ وەک ژینگەی سیاسی. پارتی سیاسی وەک وەرزشوانێکی بەتەمەنە کە
هێشتا قبوڵی ناکات وێستگەکانی ژیان تێپەڕیون و بۆ ئەو کاتی نوسینەوەی رۆژانی
رابردووی پڕ جووڵە و چالاکییە. بەداخەوە، نوێبوونەوە لە پارتی سیاسیدا پرۆسەیەکی
ئاشتیخوازانە نییە، پرۆسەیەکی ئاسایی و سروشتی لە دایکبوونی نەوەی ئاییندە نییە،
ئەمان لە نێو پارتی سیاسییدا مەحکومی مێژوویەکی تاڵن کە بەداخەوە رەوایەتی بە
قوربانیکردنی ئاییندە دەدات. ئەمە بە کورتی ئەو ژینگە سیاسییە کە پارتی سیاسی
کادیرانی خۆی لەوێوە فڕی دەداتە حکومەتەوە بۆ ئەوەی کار بکەن.
ئەو پرسیارە جەوهەری و ئەرێنیەی ئەم نووسینە دەیورۆژێنێت ئەوەیە چۆن پارتی
سیاسی ببێتە پارتی حکومڕانی؟ چۆن مانفێستی پارتی سیاسی تەرجەمە بکرێتە پلانی
تەکنۆکراتانە؟ چونکە دواجار ئەوە وێستگەی حکومەتە کە پارتی سیاسی دەبێت پێی بگات و
لە رێگەیەوە وەک ئامراز خزمەتی هاوڵاتی بکات، بەڵام سەیر لەوەدایە پارتی سیاسی زۆر
جار لە نیوەی رێگا وەک هەڵوێستی سیاسی تایبەتی بێ پاساو و وەک ئامرازی فشاری سیاسی
بێ ئامانج ئەو ئەرکە بەجێ دەهێڵێت کە پێی سپێردرا بوو، بە بەهانەی سیاسی جۆراوجۆر
کە رەنگە هەرە شاراوەترین فاکتەر نەبوونی توانای فراوانکردنی کاریگەری سیاسی بێت.
ئەمەش دەرەنجامی دووهەمی ئەم نووسینەیە، ئەویش نەبوونی ئیرادەی گەشەسەندنی
سیاسییە. لە پەتا و دەردە سیاسییە مێژوویەکانی ئێمە ئەوەیە کە هەرگیز نامانەوێت و
ناهێڵین سەرکردەی سیاسی نوێ و خوێنەواری نوێ و نوێنەری سیاسی نوێ دروست ببێت.
بگەڕێنەوە مێژوو و ئاوڕێک بدەنەوە و بە
وردی تەماشا بکەن ئەوانەی لە دانوستانە سیاسییە مێژوویەکاندا نوێنەرایەتی ئەم
نەتەوەیەیان کردووە لە پەنچەکانی دەست تێناپەرێن.
با ئەو راستییە تۆخ بکەینەوە ئەو
کاتەی پارتی سیاسی دێتە نێو حکومەتەوە دووچاری دونیایەک گرفت دەبێتەوە، چ لە نێو
خۆیدا و چ لە پەیوەندیکردنی لەگەڵ پارتە سیاسیەکاندا، پاشان لە نێو حکومەتەدا.
راستە هەندێ پارتی سیاسی شارەزان لە نوسینەوە و کۆکردنەوەی دروشمی سیاسی، بەڵام
ئەو توانایەی لە مەیداندایە بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت ئەو مانفێستە بکەنە نەخشە و
پلان و بەرنامەی عەمەلی. لەم دۆخەدا، گرفت مانفێستی سیاسییەکەیە کە رەچاوی توانای
کادیری پارتی سیاسی نەکردووە، یاخود، لانی کەم، وەک پرۆژەیەکی ستراتیژی کاری لەسەر
نەکردووە، ئەم ئالەنگەرییە سنووردار نییە بۆ پارتێکی چەپرەو یان راسترەوە، یاخود پارتێکی
نەتەوەیی یان ئیسلامی.
ئەم ئالەنگەرییە لە بنەرەتدا گرفتی ئاستی پەروەردەی سیاسی و مەعریفی کۆی
کۆمەڵگەیە، کە سەرچاوەکانی مەعریفەی هەموو لایەکە، لەم جۆرە لە ژینگەی سیاسیدا
تەنها بەرگ و دیکۆری دەرەوە جیاوازە، ناوەرۆکی سیاسی کەم تا زۆر وەک یەکە، تا رادەیەک هەموو لەیەک دەکەن و بۆ ئەوەی لەیەک
نەکەن، ئەو پارتە سیاسییە براوەیە کە کار لەسەر گەشەسەندنی راستەقینەی توانای مرۆی
و سیاسی ئەندامەکانی دەکات و هەرگیز بوار
نادات دروشمە سیاسییەکان لە رەوشت و هەڵسوکەوتی سیاسی جیاواز و
نامۆبن. هەر کاتێک درز کەوتە نێوان مانفێستی سیاسی و هەڵسوکەوتی سیاسی و بەرنامەی
سیاسیی لە نێو پارتی سیاسیدا ئەوا ماڵئاوا لەو پارتە سیاسییە بکە. ئەوە وەڵامی
ناونیشانی ئەم نوسینەیە.
خاڵێکی دیکەی پەیوەندیدار: پارتی سیاسی ئەوەندەی گوێ لە رەمزە سیاسییەکانی
دەگرێت، بایەخ بە رەمزە پیشەییەکان و تەکنۆکراتەکانی نادات، هاوسەنگی نێوان
هەردوولایان ناپارێزێت. پارتی سیاسی کە لە ئاوێنەدا خۆی دەبینێت، ترسی لێ دەنیشێت،
لە خۆی دەترسێت، لە کادیرە بەتواناکانی دەترسێت. ئەمەش خاڵێکی دیکەی لاوازی پارتی
سیاسییە کە درزی نێوان مانفێستی سیاسی و بەرنامەی حکومی فراوان دەکات. نەبوونی ئەو
هاوسەنگییە و نەزانین لە بەکارهێنانی تواناکان لە شوێنی گونجاودا بەرجەستەکردنی
لاوازی مانفێستی سیاسی و بەرنامەی حکومییە.
دوا خاڵ، پارتی سیاسی و کۆمەڵە سیاسییەکان و فۆرمەکانی دیکەی گردبوونەوە لە
عێراقدا، درێژبوونەوەی پێکهاتەی خێڵ و عەشرەت نەبوون، گەشەپێدانی ئەو فۆرمە
سەرەتاییانەی کۆمەڵگە نەبوون، پارتی سیاسی بەداخەوە هەمیشە یەکە و پێکهاتەیەکی
نامۆ بووە بە کۆمەڵگە، هەر بۆیە دروشمە سیاسییەکان لەسەر کاغەز بێ پیادەکردن دەمێننەوە و دەبنە بەشێک لە مێژوو
و لە مۆزەخانەی پارتی سیاسیدا هەڵدەگرێن تا کاڵ دەبنەوە، لە باشترین دۆخدا،
وەرزێکی سیاسی بەرێ دەکەن، بەڵام بە خوێن و قوربانی نادیارەوە. لە ژینگەی سیاسی
لەو جۆرەدا کە مانفێستە سیاسییەکان لە دایک دەبن دەبنە نەوەیەک لە هەڵگری شوناسێکی
سیاسی نامۆ، بۆ نموونە، ئیستاشی لەگەڵ بێت، عەشیرەتەکانی عێراق لە هێزەکانی دیکەی
کۆمەڵگە بەهێزترن، هەر کە پر چەک دەکرێن شورشێکی دیکەی وەک ساڵانی بیستی سەدەی
رابردوو ئەنجام دەدەن!
پوختەی قسە: مەبەستی سەرەکی ئەم نووسینە دەست خستنە سەر ئەو برینانەن کە رێگرن
لەوەی پارتی سیاسی ببێتە پارتی حکومڕانی و پارتی خزمەت. نوسینەکە دەخوازێت شێوازێکی
نوێ لە بیناکردنەوەی پرۆسەی سیاسی بگرێتە بەر، بەوەی لە مانفێستی سیاسیدا، جێگای
ئادا و جێبەجێکردنی بەرنامەی سیاسی بێتەوە، یاخود، لانی کەم، بەرجەستەی بکات. کرۆکی
ئەم نووسینە بۆ بەرگیکردنە لە بەهای دیموکراسی و پرۆسەی سیاسی تەندروست. گرنگە،
بیرکردنەوەیەکی رەخنەیی ئەرێنی بۆ پەیوەندی نێوان پارتی سیاسی و پێکهاتەکانی دیکەی
کۆمەڵگە بێتە کایەوە. پردێکی نوێ لە نێوانیاندا دامەزرێت کە کۆڵەکە سەرەکییەکانی
کۆمەڵگە ئاسایی و سروشتیانە گەشە بکەن، بوونی ئەو پردە یارمەتی ژانێکی نوێ دەدات
کە کۆمەڵگە لە خوێن رشتن و موئامەرەکردن و تەخوینکردن بەناوی مانفێستی سیاسی
رەهاوە بپارێزێت. لەو پێناوەدا، دوو پرۆسەی دیکە بایەخیان هەیە و دەبێت دامەزرێن:
پرۆسەی چاودێریکردنی کواڵیتی سیاسی و پرۆسەی گەشەسەندنی مرۆیی و سیاسی کادیرەکانی
پارتی سیاسی.
PM:08:56:04/05/2026
ئهم بابهته 88
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی