میدیای کوردی لەنێوان پیشەیی بوون و ململانێی حزبیدا
پ.د. بەناز حمەرشید
کاتێک باسی
ڕاگەیاندنی کوردی دەکەین، لە ئێستادا ڕاگەیاندنی کوردی بۆتە گۆڕەپانی ململانێکانی
نێوان حزبەکان و لەنێوان پیشەیی بون و بەرژەوەندییەکاندا قەتیس بووە، ململانێکان
تەنها لەکاتی هەڵبژاردنەکان و لەسەر سندوقی دەنگداندا نییە، بەڵکو شاشەی
تەلەڤزیۆنەکان و پەیجەکان بونەتە جێی سەنگەرگرتن لەیەکتری، شەڕکردن هەر بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی نییە، بەڵکو بەکارهێنانی
میدیاشە بۆ شێواندنی ڕاستیەکان و گەورەکردنی بابەتێکە بەمەبەست و نانەوەی
دووبەرەکی و ئاژاوەیە، میدیای کوردی نزیکەی دەیەیەکە و بەنزیکی لەشەڕی داعشەوە
ئەوکارەنەگونجاوانەی لە ڕووماڵدا کردووە، ئەویش پێدانی زانیارییە بە لایەنی
بەرامبەر، بەئێستاشەوە لە جەنگی (ئێران ئەمریکاو ئیسرائیل) دا، میدیای کوردی ڕۆڵی
زۆر خراپی لەڕووماڵکردنی ئەو جەنگەدا بینیوە، ڕاگەیاندنی کوردی بۆتە چاوساغی
دوژمنان، بەووردی پێکاندن و نەپێکاندنی ئامانج دەخاتەڕوو..
بۆ نموونە کەناڵ
هەبووە (٢٤) کاژێر ڕوماڵی جەنگەکەیکردووە بێ ئەوەی ئەم هەرێمە لەو شەڕەدا لایەن
بێت، بێ ئەوەی لایەنی دەروونی وەرگر لێک بدرێتەوە، یان لەگەڵ هەر هێرشێکی ساروخ
یان درۆن دا، ڕووماڵ و پەخشەڕاستەوخۆکان کەوتونەتەکار بێئەوەی هیچ حسابێک بۆ
لایەنی پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ئەو شوێنە بکەن بەووردی زانیاریان لەسەر ئەو شوێنە
خستۆتە ڕوو، ئاماژەیان بەوەداوە کە، ئامانجەکەیان پێکاوە ساروخەکە یان درۆنەکەتان
ڕاستەوڕاست بۆشوێنی مەبەست هەڵداوە، یان ئامانجەکە نەپێکاوە جارێکیتر هێرش بکەنەوە
بۆ ئەوەی بیپێکن، میدیای کوردی بۆتە شوێنی یەکلابوونەوەی ململانێی حزبی، تەنانەت
هێرشەکانیش بۆمەرامی سیاسی بەکاردێت،
ڕووداوی شەهیدبوونی (غەزاڵ) نزیکترین ڕووداوە
کە، هەموو هەواڵەکان ببو بە، فڵان نەخۆشخانە چارەسەری نەکردو و فڵان نەخۆشخانە
چارەسەریکرد، یان فڵان مزگەوت هێشتیان بشۆردرێت و فڵان مزگەوت ڕێی نەدا بشۆردرێت،
باسی فڵان کەس دەکرێت کە ئەو شەهیدە لەماڵی ئەو شۆراوەو کفن کراوە بێ ئەوەی لایەنی
ئاسایشی سەرو ماڵی ئەو کەسە بپارێزرێت..
هەموو بیرمانە
سەردەمی ڕژێمی حزبی بەعس، کاتێک پێشمەرگە بریندار دەبوو لە شار بوبێت یان گوند، لە
ماڵان چارەسەر دەکراو کەسیش نەیدەزانی، تۆبڵێیت هۆکارەکەی ئەوەبێت ئەوکات
کوردایەتی دەکرا نەک حزبایەتی، ئەو کات ئامانجی نەتەوەیی هەبوو نەک ئامانجی حزب،
یان وەک ئێستا سۆشیال میدیا نەبو کێبڕکێی یەکەمی نەبوو، ڕاگەیاندنی لەم جۆرەی
ئێستا نەبوو ببێتەچاوساغ، ئێستا ڕاگەیاندنەکان لە گێژاوی ململانێیەکی بێمانادان، بۆیە
دەبێت ئەم حاڵەتەو هاوشێوەکانی لەچاوی میدیا بەدوور بن و بەنهێنی بمێننەوە، چونکە
ئەمە ڕێخۆشکەرە بۆ هێرشبەران کە ئامانجیان پێکاوەو ئەوەی ویستویانە هێناویانەتەدی..
*مامۆستای زانکۆ
AM:09:35:01/05/2026
ئهم بابهته 516
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی