کاتێک کە ئەخلاقمان تاقی دەکرێتەوە!، بە بۆنەی کۆچی دوایی فارووق رەفیقەوە
د. بەهات حەسیب قەرەداخی
هەواڵی مەرگی فارووق ڕەفیق نەک هەر کتوپڕ بوو... بەڵکو پەردە لەسەر لادەریش بوو. پەردەی نەک لەسەر ژیانی خۆی، بەڵکو لەسەر دۆخی ئەخلاقیی بەشێکی کۆمەڵگەی ئێمە لادا. ساڵانێکە مەرگ و ژیانی ئەم جۆرە کەسانە بووە بە تاقیکردنەوەیەکی سەختی بەهاو نەریت و پێوەرەکانی ئیمانداری و کوردەواریمان.
ئەمڕۆ لە جێی خۆمەوە ماڵئاواییم لەو نووسەر و بیرمەندەی کورد کرد کە زۆرجار بۆچوون و شیوازی بیرکردنەوە و لێکدانەوەکانیم لا پەسەند نەبووە و لە هەندێ هەڵوێستیشی ڕازی نەبووم. زۆر لە مێژ بوو یەکترمان دەناسی بەڵام لەم پازدە ساڵەی ڕابوردوودا نەمتوانیوە تەواو لەگەڵیدا تەبا بم،بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش، وای دەبینم کە ئەوەی ئێستا لە هەندێ پۆست و کۆمێنتی سەر پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا ڕوودەدات ناتوانرێت ناوی ڕەخنەو جیاوازیی فیکرییان لێ بنرێت ... بە داخەوە ئەوەی ڕوودەدات بە تەواوی شتێکی دیکەیە.. ناکۆکیی فیکری نییە، دیبەیت و جیاوازیی بۆچوون نییە بەڵکو بەداخەوە دابەزینە بۆ ئاستێکی زۆر نزمی ئەخلاقی.
چەندی لە تواناتدایە دژایەتیی بیرۆکەیەک بکە، بۆچوونێکی من یان ڕەفیق یان هەر نووسەرێکی تر بە دیدگایەکی جیاواز پووچەڵ بکەرەوە ، بە نووسینێکی سەنگین و ئارام نووسینی هەر کەسێکی تر ڕەتبکەرەوە - هەموو ئەمانە نەک هەر ڕەوان ، بگرە لە پێناو برەودان بە ئەدەبیات و فیکری زانستییدا، بۆ چەقنەبەستن و هێنانە ئارای گوتارێکی فیکریی زیندوو کە خزمەت بە کوردبوون و ئینسانی بوونمان بکات، زۆر پێویستن. بەڵام کاتێ کار دەگات بەوەی مەرگی مرۆڤێکی نووسەر یان هونەرمەند تەنانەت سیاسییش ببێتە دەرفەتێک بۆ گاڵتەجاڕی،کافراندن و سووکایەتیپێکردن و هەڵڕشتنی رك وکینەو بوغزاندن... ئەوا هیچمان لەبارەی مردووەکەوە نەگووتووە، بەڵکو پەردەمان لەسەر ڕێژەی داتەپینی پەیکەری کەسایەتی و ئاستی داڕزانی گوتارو دنیابینیمان لاداوە.
پەلاماردانی مردووەکانمان ( ناسراو بن یان نە ناسراو) بەڵگەی ئەوەیە کە ئێمە هێشتا بێتوانا و کڵۆڵ و دەستەپاچەین لە بەڕێوەبردنی جیاوازییەکانماندا بەبێ ئەوەی ئینسانییەتی خۆمان لەدەس بدەین .. بەڵگەیە لەسەر ئەو ڕاستییە تاڵەی کە هێشتا بەرگەی هەبوونی کەسێک و فیکرێکی جیاواز لەخۆمان و بیرکردنەوەمان ناگرین... بگرە تەنانەت بەرگەی کۆچی دواییشیان ناگرین و شکۆی مەرگیش نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئەنگێزەی بەربەریمان.
ئەو ڕاستییەی کە دەبێت هەموومان بە ڕوونی بیزانین و بڕوامان پێی بێ و نەوەی نوێی پێ گۆشبکەین ئەمەیە: ناکۆکی و ناتەباییمان لەگەڵ کەسێک و بیرو بۆچوون و فیکرێکدا، بە واتای نکووڵی کردن لە بەهاو نرخی هەوڵدان و ڕەنجی خاوەنەکەی نییە و نابێ ڕێ بدەین لە ڕێزو شکۆی هیچ مرۆڤێک کەم بکرێتەوە.
بە درێژایی ساڵانێکی زۆر، نووسین و هەڵوێستەکانی فارووق ڕەفیق، جێی مشتومڕ بوون چونکە سرووشتی نووسین و هەڵوێستەکانی،پرسیار وروژێن بوون و فەزایەکی فراوانیان بۆ گفتوگۆ دەکردەوە. دڵنیام وەک هەر بیرمەندێکی تر ڕەنگە زۆر هەڵەی کردبێت بەڵام خۆ هەڵەکردن تاوانێکی فیکری نییە... بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە سرووشتی هەموو هەوڵ و ئەزموونێکی مرۆڤایەتی بەتایبەتی فیکری و سیاسی، کە خەون بە تێگەیشتن لە بوون و نەبوونەوە دەبینێ و بەنیازە شتێک لەم دنیایە بگۆڕێت.
هەرگیز ساتە وەختی مەرگ و دوا ماڵئاوایی،شیاوو گونجاو نین بۆ یەکلاکردنەوەی حیساباتی ڕابووردوو، ئەوەی وا دەکات ئەوپەڕی لاوازیی شەخسیەتی خۆی نمایشدەکات!
مردن، لە سادەترین مانایدا، بۆنەیەک نییە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕە تاڵەکانی ئەزموون.
مردن ئەوەندەی ماڵئاوایی یەکجارەکیی مردووەکانە، ئەوەندەش تاقیکردنەوەیەکی بێدەنگە بۆ ئەخلاق و ویژدانی زیندووەکان.
لەم ساتە وەختەدا بەتەواوی ئەوە ڕەتدەکەمەوە کە هێرش بکرێتە سەر کەسێک کە لە ناوماندا نەماوەو ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات.
دەشێت هەم جیاواز بین و هەم ناکۆکیش... هەر بەڕاستی، بۆ بەردەوامیی ژیان ئاستێک لە جیاوازی و ناکۆکی ناچارین و دەبنە پێویستی. بەڵام کاتێک لە ساتەوەختی دوا ماڵئاواییدا کەمترین و سادەترین بنەماکانی ڕەوشت لەدەست دەدەین، ئەوا خۆمان و کۆمەڵگەکەیشمان ڕووبەڕووی گەورەترین شکست و دۆڕان دەکەینەوە.
مامۆستا فارووقی هاوڕێم ماڵئاوا ... تەبا بوو بین یان ناتەبا، تۆ بیرمەند و خاوەن خامەو دنیابینییەکی جیاواز بوویت کە شایانی خوێندنەوە و ڕێز و تاووتوێی جددین. تۆ مرۆڤێکی سەرکێش و نیگەران و نائارامی ئەم سەردەمە بوویت !
PM:09:20:30/04/2026
ئهم بابهته 124
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی