جیاوازی نێوان کەسایەتییەکی سیاسی و چەقۆکێشێکی سیاسی

‌شوان عەباس بەدری

دوو قسەی باوی تەنزئاسا لەبارەی هونەری دبلۆماسییەوە هەیە کە یەکەمیان بریتییە لە؛ دیبلۆماسییەت واتە هونەری پاککردنەوەی مۆزێک لە پێستەکەی بەبێ ئەوەی مەیموونەکە بێزار بکەیت.

دووەم قسەش بەم جۆرە راڤەی هونەری دیبلۆماسییەت دەکات؛ هونەری دیبلۆماسی واتە بە شێوازە زمانێک بدوێت بە بەرامبەرەکەت بڵەیت بەنەفرەت بیت ئەی دۆزەخی کە بەرامبەرەکەت بۆ ڕۆیشتنە ناو دۆزەخەوە بکەوێتە هەلەکە سەما.

لەم سەردانەی شا چارڵزی سێیەم پاشای بەریتانیا بۆ ئەمریکا و گفتۆگۆکانی لەگەڵ دۆناڵدترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەتەواوی هونەری دیبلۆماسییەتی پاشای بەریتانیا و لەقاڵبدانی سەرۆکی ئەمریکا و کەمکردنەوە لە پێگەی ئەمریکا وەک زلهێزێک و وەبیرهێنانەوەی ڕاستی و ڕووداوە مێژووییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هەستی پێکرا بەتایبەتیش لە کاتی وەبیرهێنانەوەی سووتاندنی کۆشکی سپی لەلایەن سوپای بەریتانیا لە ساڵی 1814 و هەروەها لەبارەی قسەکەی ترەمپ کە وتبووی؛ گەر ئەمریکا نەبوایە ئەوا ئەوروپا بە زمانی ئەڵمانی قسەیان دەکرد، پاشای بەریتانیا بە زمانێکی تەنز و لەناودڵی واشنتۆنەوە لەبەردەمی سەرۆکی ئەمریکا و دەیان میوان و ملیۆنها بینەری تەلەفزیۆنی وتی؛ گەر بەریتانیا نەبوایە ئەوا ئەمریکییەکان بە زمانی فەرەنسی قسەیان دەکرد.

ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ جەنگەکانی نێوان ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیا و فەرەنسا لە ساڵەکانی 1812 تاوەکوو 1814 و هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر کەنەدا لەو ساڵانەدا کە لەدوای شکست پێهێنانی ناپلیۆن و سەرکەوتنی بەریتانییەکان بەسەر فەرەنسییەکاندا لە وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئەمریکا و سووتاندنی پەرلەمانی کەنەدا بە هێزێکی بێشوومارەوە هێرشیان کردە سەر ئەمریکا بەجۆرێک کە جیمس مادیسۆن و لێپرسراوە سەربازی و حکوومییەکانی ئەمریکا ڕایانکرد و لە شارۆچکەیەکی بچووک بە ناوی بروکفیل لە ئەیالەتی ماریلاند خۆیان شاردەوە.

بە کورتی و بە کوردی پاشای بەریتانیا بە زمانێکی دیبلۆماسی تێکەڵ بە تەنزێکی سیاسی بەڵام لە هەمان کاتدا قووڵ غرور و لۆمپەنییەت و چەقۆکێشییە سیاسییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای لەبارەی جیهان و بە تایبەتیش کەنەدا و ئێرانەوە لە پەنجەرەی کۆشکی سپی سەمبولی دەسەڵات و زلهێزی ئەمریکا بەسەر جیهانەوە فڕێدایە دەرەوە و تاوێک بە ئارامی لەبەر چاوی هەموانەوە مۆزەکەی دەستی لەناو کۆشکی سپی پاککردەوە بە بێ ئەوەی مەیموونەکەی بەرامبەری بێزاربکات و تاوێکیش بە زمانی تەنزەوە بە سەرۆکی ئەمریکای ووت ; بە نەفرەت بیت بچۆرە دۆزەخەوەو سەرۆکی ئەمریکاش تەنها بە زەردەخەنەیەکەوە وەڵامی دایەوە و لە دڵەوە کەوتە هەلەکەسەما !

لە کۆتاییشدا شا چارڵزی سێیەم پاشای بەریتانیا لە پەیامێکی شاراوە و ناراستەوخۆدا پێی وتین؛ جیاوازی نێوان کەسایەتییەکی سیاسی بە هزر و خوێندنەوەی قووڵ و دیبلۆماسییەتی ناو کۆشکی پاشایەتی وڵاتەکەی و لێدوانی پۆپۆلیستی و لۆمپەنی و چەقۆکێشی سیاسی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ئیدارەکەی لە کۆشکی سپی چییە و بۆچی جیهان بەرەو ئەم ئاقارە مەترسیدارە تاریکە ڕۆیشتووە!


PM:04:38:30/04/2026

ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی