تەرازووی پیشە لەنێوان ویژدان و چاودێریدا
د. سەڵاح عەزیز
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: کنێر عەبدوڵا
ساتەوەختی گواستنەوەی هەواڵەکان سەبارەت کۆچی دوایی کەسێک لە ئەنجامی رێکارێکی نەشتەرگەریی دوور لە
ووردبینی یان وەرنەگرتنی چارەسەر لەدۆخی لەناکاودا، یاخود نەزانی فێرخوازێک کەپاش
چەندین ساڵ خوێندن بەزانست چەکدارنەبووبێت سەرەڕای وەرگرتنی بڕوانامەی دەرچوون،
یان ڕووخانی شەقام یان پردێک پاش ماوەیەکی کورت یان بەهۆی بارانبارینەوە، یان
ساختەکاری لە بەرهەمێکی هاوردەکراو یان دروستکراوێکی خۆماڵیدا؛ هیچ دەرفەتێکمان بۆ
نامێنێتەوە تەنها ئەوەی بەتاڵیی وناخۆشییەوە بپرسین: ئایا کەموکوڕییەکە تەنها لە نەبوونی چاودێری
حکومەتدایە، یان لە شکاندنی ویژدانی ئەخلاقی وپیشەیی خودی مرۆڤدایە؟ لەمڕۆدا ئێمە ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبینەوە کە ئاستی
بەڕێوەبردن دەبەزێنێت تا گەیشتن بە قووڵایی ئەو بەهایانەی ڕەفتاری پیشەییمان بەڕێوەدەبەن
لە کوردستاندا.
بەها پیشەییەکان تەنیا پێناسەی تیۆری دەستپاکی و لێهاتوویی و
بەرپرسیارێتی نین بەڵکو پەیمانی کۆمەڵایەتی نەنووسراون کە هەستی ئاسایش بە
هاووڵاتی دەبەخشێت لە ژینگەی کار و ژیانیدا وەکاتێک ئەم بەهایانە پێشێلدەکرێن،
بۆشاییەکی ترسناک دروست دەبێت لە نێوان هاوڵاتی و ئەو خزمەتگوزاریانەی وەریدەگرن لە قوتابخانە، شەقام، نەخۆشخانە و
کارگەکانماندا. ئەم واقعە تاڵە ڕەنگدانەوەی رکابەرییەکی ڕوونە لە بوارە جیاجیاکانی
ژیاندا، کە وامان لێدەکات ڕووبەڕووی پاشەکشەی دڵەڕاوکییانە ببینەوە لەسەر ئاستی
تاکەکەسی، کۆمەڵایەتی و نیشتمانیدا.
لێرەدا دەبێت جەخت لەوەبکرێتەوە کە جەوهەری هەر پیشەیەک لە ئامانجە
پیرۆزەکانی مرۆڤدا خۆیدەبینێتەوە پێش ئەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی
دەستکەوتی ماددی. ئەو پزیشکەی ژیانێک ڕزگار دەکات، ئەو ئەندازیارەی تەلارێکی
سەلامەت دروست دەکات، و ئەو مامۆستایەی عەقڵ دروست دەکات، پەیامێکی باڵا ئەنجام دەدەن کە زمانی ژمارە و
داهاتی دارایی تێدەپەڕێنێت. وەکاتێک هەوڵەکان بۆ قازانج بەسەر بەها مرۆییەکانی کاردا زاڵ دەبێت، پیشەکە
پیرۆزی خۆی لەدەستدەدات ودەگۆڕێت بۆ تەنها بازرگانیکردن بە مرۆڤ و تواناکانێوە. بەرزنرخاندنی
نیشتمان پێویستی بە گێڕانەوەی ئەم چەمکە هەیە؛ بەشێوەیەک دڵسۆزی بۆ پەیامی پیشەیی جوڵێنەری
یەکەم بێت، و پارە دەرەنجامی بەدواداچوون بێت، نەک ئامانجی کۆتایی کە لە پێناویدا هەمووبیروباوەڕەکان بکرێنە قوربانی.
بۆیە بەهێزکردنی بەها پیشەییەکان لەکوردستاندا بۆتە پێویستییەکی بوون
کە پێویستی بەهەوڵە هاوبەشەکان هەیە. تا
ئەو ڕادەیەی چەند لە لایەنەکانی حکومەت
پێویستیان بە دەرکردنی یاسا توندەکان و چالاککردنی چاودێری ڕاستەقینە هەیە کە هیچ
کەسێک پەراوێز نەخات ، ئەوەندەش ئەکادیمی و ڕۆشنبیر و پیشەگەران پێویستمان بە
چەسپاندنی کلتوری "شارەزایی" هەیە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی.
چاکسازی بەو باوەڕبوونە دەستپێدەکات کە گۆڕانکاری بەردەوام تەنها بە یاسا سەرکوتکەرەکان
بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو بە ئیرادەی ڕاستگۆی هەموو پیشەگەرێک لە شوێنی کارەکەیدا .
بونیادنانی ژینگەیەکی پیشەیی تەندروست بە هەنگاوی تاکەکەسی بچووک و ڕاستگۆ دەست
پێدەکات، تا لە کۆتاییدا تەوژمێکی گشتگیر
پێکبهێنێت کە پیرۆزی و بەها بۆ کارەکە بگەڕێنێتەوە.
PM:03:13:21/04/2026
ئهم بابهته 648
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی