ئەرێ بەراست ئێران، ململانێی ئەمریکا دەکات یا کورد؟!

‌بارزان شێخ عوسمان

کەس ناڵێت کۆماری ئیسلامیی ئێران پێگەیەکی گرنگی نییە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیی ، کەسیش پێگەی ئێران نادیدە ناگرێت بە حوکمی شارستانییە بەردەوامەکەی لە ناوچەکەدا ، بەڵام کاتێك گڕ دەئاڵێنێت لە کورد جا لە ئێران بێت یا لە عێرااق ، پرسیار لە ئاست ئەو پێگەیەی ئێرانی ئیسلامیی دراوسێمان دروست دەکات!.

ئێران خۆی بە هێزێکی ئیقلیمیی دادەنێت کە لەبەرامبەر هەژمونی ئەمریکای زلهێز و ئیسراییلدا دەوستێتەوە ، خۆی وا لەقەڵەم داوە کە دەتوانێت ببێتە ئەو هێزەی ململانێ لەگەڵ ئیستکباری جیهانییدا بکات و کۆسپ دروست بکات لەبەردەم پلانەکانیدا .!.

جا هێز و دەوڵەتێك ئەمە سروشت و پێگەکەی بێت ، پێویستە هەندێك هێز بە حەریفی خۆی نەزانێت ، لەوانە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە پەرت و بڵاو و لێك ترازاوەکەی وەك ئەوەی لەمەڕ ئێران ، لە ناو ئەوانیشدا کوردی ئێران کە رێژەی لەسەدا دەی ئێران پێك دەهێنێت.

کەچی لەوەتەی ئەمریکای (ابر قدرت) باسکی بەهێزی لە باسکی ئێران گیر کردوە ، ئەم دەوڵەتە گڕی ئاڵاندوە لە کوردستانی عێراق بە حسابی واشنتن و ئۆرشەلیم ، وەك ئەوەی گوایە موشەکی ئەو فڕۆکە زەبەلاحانە و موشەکە وێرانکارییەکانی تر کە تێی دەگیرێت لە کوردستانی عێراقەوەن ، فڕۆکەوان و موشەک هاوێژەکانیش پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و دیموکراتن !.

ئەگەر لێکدانەوەکەی سەرانی ئەو وڵاتە گرنگە ، وا نییە ؟، ئەی بۆچی لەگەڵ ژەمەکانی نانخواردن و پێنج فەرزەی نوێژدا درۆنە مرۆڤ کوژەکانیان بەردەدەنە گیانی ئەو کوردە بێ دیفاعانەی کەمپی ئاوارەکان ؟!. باشە کوشتنی مناڵ و ژن و پیاوی کوردی ئێران کە پەنایان هێناوە بۆ لای خوشك و براکانیان لە هەرێمی کوردستان چی لە مەسەلە و هاوکێشەکان دەگۆڕێت ؟!.ئایا بەو پەلامارانە سەرانی ئێران ئیتر ئەمریکا کۆڵ دەدات ؟ئایا کۆنترۆڵی موشەكە دور هاوێژەکان ، یا بۆمبی فڕۆکەکان بەدەست ئەو کوردە کڵۆڵانەوەن ؟ئایا سەرانی ئێران بە جدییانە کە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران گەرەکێتی رژێم بڕوخێنێت و بەو هێزانە ئەو رژێمە دەڕوخێت ؟!، یا خود بۆ ئەوەیە رێگری بکەن لەو لەشکرە ملیۆنییەی لە کوردستانی عێراقەوە بەڕێوەیە بۆ گرتنی تاران ؟!. ئەگەر نا ئیتر ئەم گڕ ئاڵاندنەیان لە چییە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و کوردی ئێران کە هانایان بۆ ئەم هەرێمە هێناوە؟! ئایا سەرانی ئێران مەرامیانە تۆڵەی ئەو سەروگوێلاك شکاوییەیان لە گورزەکانی ئەمریکا و ئیسراییل لە کورد بکەنەوە ؟ ئایا سەرانی ئێران کە بە پەلامار دانەکانی خۆیان داناسکنێن هانی وەکیلەکانیشان دەدەن هەرێمەکەمان بۆردومان بکەن ،مەرامیان ئەوەیە تۆڵەی شکست و تارومارکردنی حزب اللە ی عراق و لوبنان و حوسییەکانی یەمەن ، بە کوژرانی چەند مناڵ و ژن و پیاوێكی بێوەیی ئاوارە ، بکەنەوە و بەوە دڵیان ئاو دەخواتەوە؟!، بۆچی سەرانی ئێران هێندە دڕندە و بێ ئیمانن کە لاسایی هیتلەر و صدام بکەنەوە ؟! . دەی کەواتە ئەگەر خۆیان کە جێی ئەو دو دڕندەیە دانانێن با بچن هەق و حسابیان لای کێ یە سەودا و مامەڵەی خۆیانی لەتەکدا بکەن !، نەك داخی دڵیان بە جەوانێکی وەك غەزاڵ یا بە سەرقەبرانی گوێزەڵە برێژن !.


PM:12:04:19/04/2026

ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی