غەزاڵ و ھەندێک پرسی تر

‌ئاراس فه‌تاح

شەھیدکردنی غەزاڵ مەولان ھەژانێکی گەورەی لە ویژدانی ھەر تاکێکی بەرپرسیاری کوردی باشووردا دروستکرد. ھاوکات مشتومڕێکی زۆریشی لەناو ڕووبەری گشتییدا بەرھەمھێنا. بێگومان ئەم ھەژان و شێوانە زیاد لە ھۆکارێکی سیاسیی و سایکۆلۆژیی ھەیە. ھەوڵدەدەم لەم کورتە نووسینەدا خاڵە سەرەکییەکانی دیاریبکەم.

یەکەم، بێدەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان لە پاراستنی ژیان و کەرامەتی مرۆڤدا:

ھەرێمی کوردستان لەنێو ئەم ھاوکێشە ناوخۆیی، عێراقیی، ئیقلیمیی و جیھانییە ئاڵۆزەدا پێگەیەکی لەرزۆکی ھەیە. باس لە حکومەتی ھەرێم ناکەم، چونکە بە فیعلی و یاسایی بوونی نەماوە، بەڵام نە یەکێتی و نە پارتی ناتوانن ھاونیشتیمانییانی خۆیان بپارێزن، چ جای ئەوەی زەمانەتی ژیان و پێداویستییە سەرەتاییەکانی پێشمەرگەی ڕۆژھەڵات و خەڵکی مەدەنیی کەمپەکانیان بکەن. ئەوەی پێویست بوو و لە داھاتووداشدا پێویستە بکرێت، دروستکردنی چەترێکی نێونەتەوەیییە بۆ پاراستنی دانیشتووانی کەمپەکانی پێشمەرگە و پەناھەندە مەدەنییەکانی ڕۆژھەڵات و دابینکردنی چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆیان. گەر ئەم کارە لە کاتی ڕێککەوتنی ئێران-عێراق و ھەرێمی کوردستاندا بکرابایە، دەشیا ژیانی ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنیی ناو کەمپەکان پارێزراوتر بن.

دووەم، بێدەسەڵاتی و ھەستی شەرمەزاریی:

بێدەسەڵاتی بەرامبەر شەھیدکردنی غەزاڵ ھەستێکی قووڵ بە شەرمەزاری بەرھەمدەھێنێت. ھەستی شەرمەزاری لەوەوە دێت کە ئێمە ناتوانین ئەم مرۆڤانە بپارێزین. لە ڕاستیدا بێمۆڕالیی پیشەیی چەند دەزگایەکی تەندروستیی نابێت ببنە پێوەری بابەتیی بۆ ھەڵسەنگاندن یان مەحکومکردنی کۆمەڵگایەک. بە بۆچوونی من ئەوەی دەبێت شەرمەزاربکرێت و ڕوبەڕووی یاسا بکرێتەوە ئەو دەزگایانەن کە تاوانێکی پێشەییان ئەنجامداوە کە لێخۆش بوونی نییە، نەک مەحکومکردنی کۆی خەڵکی باشوور و خۆبەشەرمەزارزانین. ئێستاش فۆکەسەکە لەبەر زیاد لە ھۆکارێکی سیاسیی و حیزبیی لەسەر سلێمانییە، دەبێت بڵێین کە لەم شارەدا زۆرترین و گەورەترین خۆپیشاندانی پشتیوانیی بۆ رۆژاڤا و ڕۆژھەڵات سازکراوە. گەر دۆخە ئەمنییەکە بەو شێوەیە نەبووایە سەدان کەس بەڕێزەوە لە بەخاکسپاردنی غەزاڵ و پرسەکەیدا بەشداردەبوون.

سێیەم، بێدەسەڵاتیی بەرامبەر شەڕێکی نابەرابەر:

ئەوەی لەم ناوچەیەی ئێمەدا ڕوودەدات جەنگێکی سەرتاسەریی نابەرابەرە، لە جەنگی ئیسرائیل و غەززە و لوبنانەوە بگرە بۆ جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران. دەوڵەتانی کەنداو بە ھەموو توانا ئابووریی، مادیی، سەربازیی و تەکنەلۆژییەکانیانەوە ناتوانن بەپێی پێویست بەرگریی لەخۆیان بکەن، دەبێت دۆخی ھەرێمی کوردستان بەو شلوشێواوییەی کە لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە بەڕێوەدەبرێت، چۆن بێت. لەناو ھەناوی ئەم جەنگەدا ھەرێمی کوردستانیش بە بێ ویستی خۆی لە شەڕێکی نابەرابەردا تێوەگلاوە. ڕۆژانە بە درۆن و مووشەک ھێرش دەکرێتە سەری. بۆ ئێمەی کورد ئەم شەڕە نابەرابەرە کە ڕژێمی ئێران دژ بە ھەرێم ھەڵیگیرساندووە ھەستێکی قووڵی ناعەدالەتی بەرھەمدەھێنێت، چونکە ئەو چەکانەی کە بە تەکنەلۆژیای نوێ دروستکراون و ئێران بۆ کوشتنی بە ئەنقەست و ھەڕەمەکیی بەکاریاندەھێنێت، زۆر لە چەکی بەرگریی پێشمەرگە پێشکەوتووتر و کاریگەر ترن.

بێدەسەڵاتی خەڵکی مەدەنیی و ھێزی پێشمەرگەی ئێمە لەم ھاوکێشەیەدا ھاوشاندەبێت بە بێدەسەڵاتی سەربازیی پێشمەرگەکانی ڕۆژھەڵات بەرامبەر بە ھەڕەشە و ھێرشەکانی ڕژێمی ئێران و شەھیدکردن و بریندارکردنی پێشمەرگە و مەدەنییەکانیان. ئێران ئەم ھێزە سیاسییانە وەک لەشکری ئیحتیاتی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبینێت کە ھەر کاتێک بیانەوێت بۆ خزمەتکردن بانگیاندەکەن و دژ بە ئێران بەکاریاندەھێنن. ئەوانیش لەناو دۆخێکی زۆر ئاڵۆزی ڕێکخراوەیی و نەبوونی روئیایەکی سیاسیی و سەربازیی ڕووندا دەژین. بەبۆچوونی من گەر دۆخی سەربازیی و سیاسیی و ڕێکخراوەیی حیزبە سیاسییەکانی خۆرھەڵات بەو شێوەیەی ئێستا ھەیە بەردەوامبێت، بەداخەوە دەبێت چاوەڕێی قوربانیی زیاتر و خوێنڕشتنی زیاتر بین.

چوارەم، نەبوونی ئەمانەت:

ئەو ھێزگەلە سیاسیییەی ڕۆژھەڵات کە لێرە خەباتی سیاسیی دەکەن، ئەمانەت لە ھەرێمەکەماندا نادۆزنەوە. لە ڕاستیدا ھیچ شوێنێک نییە کە تیایدا دژ بە درۆنەکانی ڕژێمی تاوانکاری ئێران پارێزراوبن و ھەست بە ئەمانەت بکەن. ئەم نەبوونی ئەمانەتە و نەتوانینی پاراستنی ھاونیشتیمانیانمان لە پارچەکانی تر تەنھا مانای ئەوە نییە کە ژیانی ئەوان لەژێر مەترسیدایە، بەڵکو لەڕاستیدا مانای ئەوەیە کە بوونی کۆی ھەرێمەکەی ئێمەش لەژێر مەترسیی زۆر جدییدایە. ئەم مەترسییە توڕەیی و ترسێکی گەورە بەرھەمدەھێنێت کە بەچەندین شێواز تەعبیر لە خۆی دەکات. نھێنیی نییە کە ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتی قوڵاییی ستراتیژی ئێرانە و ناوچەی دەسەڵاتی پارتیش ھی تورکیایە. بۆیە لە ھەموو تاوانێکی ئێران پەنجەی تۆمەت بۆ یەکێتی درێژدەکرێت. بەپێچەوانەشەوە، لەکاتێکدا تورکیا تاوانێک لەناوچەکانی ژێردەسەلاتی پارتیدا ئەنجامدەدات پەنجەی تاوان بۆ پارتی درێژدەکرێت. ئەم دڕدۆنگییە بێ سەمەر نییە. بۆیە سەیر نییە یەک ھەڵەی پیشەیی کارەساتئامێز دەتوانێت ئەو ھەموو ھاوپشتیی، ھوکاریی و ھاوسۆزییە بان-حیزبییە ھەڵوەشێنێتەوە کە پێشتر بۆ پرسی سیاسیی و ئینسانیی پارچەکانی تری کوردستان بینیمان و بووە ھۆی یەکدەنگییەکی نیشتیمانیی بێوێنە.

یەکەمجارە لە مێژووی ھەرێمی کوردستاندا سیاسەتێک پەیڕەو بکرێت کە بڕێک لە عەقلانییەتی تێدابێت، ئەویش ڕاگەیاندنی بێلایەنیی بوو لەم جەنگە نابەرابەرەدا. ئەم بێلایەنییە مانای ئەوە نییە کە بەرامبەر بە پرسە ئینسانییەکان لە وێنەی خزمەتی بریندار و ئاوارەکان بێلایەن بین. ئەم دۆخانە رەھەندی ئینسانیی و ئەخلاقیی و پیشەیین و ھیچ پەیوەندییەکیان بە ئینتیمای سیاسیی، دینیی یاخود ئەتنییەوە نییە. بۆیە ئەوەی لە کەیسی شەھید غەزاڵدا ڕوویدا کارەساتێکی ئینسانیی گەورەیە لەڕووی پیشەییەوە کە دەبێت بەدواداچوونی یاسایی بۆ بکرێت، بۆئەوەی ئەم ڕووداوانە نەبن بە شەرمەزارییەکی نیشتیمانیی.



PM:08:37:17/04/2026

ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی