سەرکۆمار و بەڵامێک

‌شوان داودی

دوای 6 مانگ لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، نزیکەی چوار مانگ لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ ، مانۆڕێکی دوورودرێژ لە ململانێی حزبی تەسک ، کێشمەکێشی سیاسی کورتبین ، خۆبەزلزانین و لوتبەرزی پارتی و یەکێتی، دواجار لە ڕۆژی شەممە 11ی نیسان ئەو پۆستە لەلایەن هێزە عێراقییەکانه‌وه‌ بۆ بەرژەوەندی کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکلایی کرایەوە ، بەمەش یەکێتی جارێکی تر و بۆ چوار ساڵی ئایندە ئەو پۆستەی بەدەستهێنایەوە.

لەم خولەدا بەندە وەک کاندێکی ئەو پۆستە لە ناو گۆڕەپانی یارییەکەدا بووم لە نزیکەوە کەم تا زۆر ئاگاداری جموجۆڵ و هاوکێشەکان و گۆڕانکارییەکان بووم و ڕاو بۆ چوونی هێزە سیاسیە عێراقییەکانم دەزانی.

بۆیە زۆر نائومێدبووم لەوەی یەکێتی و پارتی لایەکیان لە کەلی شەیتان بێنە خوارەوە سازش بۆ یەکتر بکەن ، لە کاتێکدا نزیکه‌ى ساڵ و نیوێکە نەیانتوانیوە پەرلەمانی کوردستان کارا و حکومەتی هەرێم تازە بکەنەوە ، دیار بوو ئەو پۆستەش بە دەردی ناوچە جێناکۆکەکان ئەبەن.

یەکێتی و پارتی گەر لە سەر هەموو شتێک ناکۆک بان ، دەبوایە لەپرسی ناوچە جێناکۆکەکان و پۆستی سەرۆک کۆماردا تەبا بن و سودیان لە ئەزمونی ڕابردوی شکست و لوتشکانی عینادی سیاسی وەرگرتبا.

لە بری قۆڵبادانی یەکتر و ملدان بۆ نەیارەکان پێکەوە دەیانتوانی قۆڵی نەیارەکان بادەن و ملکچەیان بکەن.

لەم دۆخە هەستیارەی ئێستا کە ڕەسمی جیۆسیاسی ناوچەکە لەبەردەم داڕشتنەوەی نوێدایە ، بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی پارتی و یەکێتی دروستیان کردوە، دۆخی کورد لەو پەری مەترسیدایە.

ڕاستە ئێستا پارێزگار لە کەرکوک کوردە بەڵام لە ژێر هەژمونی شیعەدایە ، گەر پارتی و یەکێتی سازشیان بۆ یەک کردبا و پێکەوە بۆ پرسی ناوچە جێناکۆکان تەبا بان پارێزگاری کەرکوک بۆ سەردانێکی هەولێر ئاهی هەڵندەکێشا.

لە پرسی سەرکۆماریشدا ئەو پۆستە لەگەڵ ئەوەی پارێزەری دەستورە ،هێمای بەشداری کوردە لە دەوڵەتی عێراق و پرۆژە سیاسیەکەیدا ، گەر پێکەوە لەوێ باین نەیارەکان نەیاندەتوانی لە درزی نێوانمانەوە بێنە ژورەوە و ببنە هاوبەشمان و لەگەڵماندا برابەش دابەشی کەن.

ڕاستە یەکێتی جارێکی تر پۆستەکەی بردەوە ، بەڵام بردنەوەیەک بە تامی دۆڕان.

بۆیە لێرەدا من پرسیارێک دەکەم و پرسیارەکەم بۆ یەکێتی و پارتی و هەموو کوردە ، شەراکەتی یەکێتی و پارتی باشە یان شەراکەتی حەلبوسی و خەزعەلی و کلدانی و عامری و مالکی هتد..

لە کەرکوک یەکێتی و پارتی لە یەک بخۆن باشە یان سوننە و شیعە لە کورد بخۆن.

لە بەغدا کەسێک بە ڕەزامەندی هەردوولا ببێتە سەرۆک باشە نوێنەرایەتی هەمووان بکات، یا حەلبوسی وخەزعەلی و کلدانی ببنە شەریکە بەشی کورد لەو پێگەیدا؟

وەڵامەکەی بۆ ویژدانی خۆتان جێ دەهێڵم.


PM:12:26:15/04/2026

ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی