دەربارەی سەرۆک کۆمار و هەڵوێستی کاک مەسعود
توانا عوسمان
لە رۆژگاری ریفراندۆمی کوردستانەوە "25 ئەیلولی 2017" بەغدا وا تەماشای پارتی دەکات کەهەڵگری پڕۆژەی جوداخوازیە، ئەمەش درزێکی سیاسی لەنێوان پارتی و لایەنە عێراقیەکاندا دروستکردوەو ئەم درزەش سەریکێشاوە بۆ بێ متمانەیی و جەنگێکی سارد.
لێرەدا پێویست نیە سەرنج و ڕەخنەی خۆمان لەسەر کات و شێوازی ڕیفراندۆم باس بکەینەوە، ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە کەلایەنی عێراقی دوای 9 ساڵ بەسەر ریفراندۆمدا تا ئێستاش بەنەفەسی سزادانەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا دەکات.
بەهاری ساڵی 2022 پارتی لەگەڵ سووننە "حەلبوسی" و مقتەدا سەدر دا چوە ناو هاوپەیمانێتیەکی سێقۆڵیەوە، ئەمەش لەلایەن ئێران و بەتایبەت ماڵی شیعەوە "چوارچێوەی هەمەئاهەنگی" وا تەفسیرکرا کە تێکدانی ماڵی شیعەیە بەڕێبەرایەتی کاک مەسعود، چونکە ئەوکاتە نە حەلبوسی یاریزانێکی سەرەکی بوو نە موقتەدا سەدر بەتەنها خۆی ئەم جوڵەیەی پێدەکرا بەبێ بارزانی.
دوای شکستهێنانی هاوپەیمانیە سێ قۆڵیەکە، حەلبوسی تەسلیمی ماڵی شیعە بۆوەو مقتەدا سەدریش بۆ تەقوا گەڕایەوە بۆ نەجەف و وازی لەسیاسەت هێنا، ئەوەی مایەوە بەتەنها بارزانی بوو، ئیتر شیعەش ئەوەندەی تر وەک نەیارێکی سیاسی تەماشایان کرد.
مانگێک پێش ئێستا کە بەغدا لێی قەوما و داوای لەهەرێمکرد نەوتەکەی لەڕێگای بۆریەکانی هەرێمەوە بفرۆشێت، حکومەتی هەرێم "بەسەرکردایەتی پارتی" ڕەتیکردەوەو لەکاتژمێری سفردا داوای کۆمەڵێک مەرجی لە بەغدا کرد، ئەمەش لایەنە عێراقیەکانی ئەوەندەی تر نیگەرانکرد و دیسان پارتی وەک هێزێکی تۆڵەسێن دەرکەوت.
ئەمڕۆ پارتی زۆربەی دۆستەکانی لەعێراق دەستداوە، تەنانەت خەریکە شەقامی عێراقیش پارتی وەک هێزێکی نەیار و جوداخواز تەماشادەکات و درزەکە شۆڕئەبێتەوە، بەمەش ئەو وێنە پۆزەتیڤە ئەشێوێت کەرۆژگارێکی درێژ کاک مەسعود لەنێوەندی جەماوەری عێراقدا هەیبوو.
پێشتر هەموو سەرکردە عێراقیەکان بەگرنگیەوە تەماشای ڕۆڵی کاک مەسعودیان دەکرد و وە عەرابێکی عێراقی نوێ تەماشایان دەکرد، هەموو بەڕێگەوە بوون بۆ پرس و ڕاوێژ بۆ سەری ڕەش و هەریەکەشیان لەقۆناغێکدا هاوپەیمانی بوون.
بەڵام ئەمڕۆ پارتی کاندید دوای کاندیدی لەبەغدا دەشکێن و نەفەسی دژایەتی گەیشتۆتە شوێنێک سەرۆکی پەرلەمان بەپەنجەی هەڕەشە قسە لەسەر هەموو هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام لەڕاستیدا ئەم دۆخەی ئێستا پارتی لەبەغدا تێیکەوتوە، هۆ نیە بەڵکو دەرئەنجامە، چنیننەوەی بەروبومی زنجیرەیەک سیاسەتە کە ئێستا پێگەییوە.
بەبۆچونی من کاتی ئەوەهاتوە پارتی چاوخشاندنەوەیەکی جدی بەم سیاسەتەیدا بکاتەوە،
ڕاستە کەعینادی سیفەتی مرۆڤی بەهێزە، بەڵام عینادی کەدرێژە دەکێشتێت وەک عینادی ئێرانی سەردەکێشت بۆ ماڵوێرانی.
ئێمە تا لەعێراقدا بین ناچارین خۆمان بگونجێنین و لەبەغدا پێگەمان بەهێزبکەین، ناکرێت بێ ئەوەی ئاسۆی سەربەخۆی هەرێم و زەمینەی دەوڵەتمان هەبێت، پارتی دوورمانبخاتەوەو بەدیلێکشمان نەداتێ.
ناکرێت ناکۆکی و کێبەرکێمان لەگەڵ بەغدا تەرجومە بکرێتە سەر ناکۆکی ناوخۆیی لەهەرێم، بۆ نمونە کەپارتی لەگەڵ بەغدا ناکۆکە نابێت تۆڵەکە لەیەکێتی بکاتەوە.
کاک نزار کادرێکی پێشکەوتوەو نوێنەری حیزبێکی سەرەکی هەرێمە و بەشێوەیەکی یاسایی هەڵبژێردراوە، ناکرێت بۆ ڕاستکردنەوەی ناکۆکیت لەگەڵ بەغدا بایکۆتی سەرۆک کۆمار بکەیت و تۆڵەکە لەیەکێتی بسەنیت.
پارتی کەرەستەی سیاسی زۆرە و حیزبێکی بە ئەزمونە، کاک مەسعود عینادی لێ جوانە بەڵام نەختێک، عینادی تا ئەوشوێنەی بچێتە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیەوە گرنگە، بەڵام کە سەربکێشیت بۆ نەخوێنەوەی واقعی سیاسی و بەزەرەری بەرژەوەندی گشتی بشکێتەوە، کێشەیەکی جدیە.
ئەم چەقینە سیاسیەی پارتی لەبەغدا تێیکەوتوە بەگرفتی ئەزانم بۆ ژیانی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کەپارتی هێزیکی سەرەکی هەرێمی کوردستانەو سیاسەتەکانی ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر هەموومان، بۆیە وەک چاودێرێکی سیاسی داوام وایە کاک مەسعودی بەڕێز خاڵێک بۆ هەڵسەنگاندن پاشان چاوخشاندنەوە بەسیاسەتی پارتی و حکومەتی هەرێمدا بکات بەرامبەر بەبەغدا.
یەکەم هەنگاویش حەق وایە بەپیرۆزبایی لەسەرۆک کۆمار و بانگهێشتکردنی بۆ هەولێر دەستپێبکات.
PM:03:40:12/04/2026
ئهم بابهته 1612
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی