سەرۆکی نوێی عێراق و دونیا دەوران دەورانە!

‌دلێر محەمەد نوری

بەر لە پرۆسەی ڕوخاندنی ڕژێمی سەددام و بەر لە ڕێککەوتننامەی ئاشتی نێوان پارتی و یەکێتی کە بە ڕێککەوتننامەی واشنتۆن ناسراوە، بەندە و هەندێک کادر و کارمەندی پڕۆژەکانی یەکێتی نیشتمانیی ئەو کات، دەست و پەنجەمان نەرم بوو لەگەڵ کاربەدەستانی لەتە حکومەتی هەرێم لە سلێمانی.

ئەو دەم، دوور لە ئێستای، یەکێتی هەم لە حوکمڕانی و بواری خزمەتگوزاری و ئابوری و چالاکی دارایی و بازرگانی و ڕێ و بان و بیناسازی، هەم لە خاوەنداری ڕاگەیاندنی کاریگەر و بەهێزدا، گەلێ لە پێش پارتییەوە بوو.
یەکێک لەو پڕۆژە ناوازانەی ئەو کاتەی ئیدارەی گشتی یەکێتی، نۆژەنکردنەوەی هۆتێل سەلامی جاران بوو لە ژێر ناوی هۆتێل ئاشتی لە شەقامی سالم. ئەو دەم، هۆتێل ئاشتی وەکو یەکێک لە هەرە هۆتێلە هەم گرانبەها و هەم خاوەن ئەمن و ئاسایش بوو، بە تایبەتی بۆ دیپلۆمات و کەسایەتییە بیانی و کارمەندانی ڕێکخراوە بیانی و ناحکومییە جیهانییەکان. هۆتێل ئاشتی ئەو دەم دەکرێ وەکو دایکی پڕۆژەی گەشتوگوزاری مۆدێرن لە سەرتاسەری هەرێم لە دوای ڕاپەڕین تەماشا بکرێت. دوا بە دوای ئەم پڕۆژەیە، یەکێتی دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گەشتوگوزاری دیکەی وەکو سلێمانی پاڵاس و ئەزمەڕ پاڵاس و کۆیە پاڵاس و کابینەکانی دوکان و بازاری دۆلارەکەی سلێمانی و کوردتێل و زۆر پڕۆژەی ناوازەی دیکەشی ئاوەدان کردەوە. کە ئەگەرچی ئەو پڕۆژانە حزبی بوون، بەڵام بژێوی چەندین هەزار خێزانی سنووری ئیدارەی سلێمانی لەسەر بوو، جگە لە داهاتی زۆری بۆ خودی ئیدارەی گشتی و یەکێتی و بازاڕیش بە گشتی.

ئەو دەم، بەندە چەند سیفەتێکی حزبی و حکومیشم هەبوو لە یەکێتیدا؛ لە سەرەتای نەوەدەکانەوە کادیری پێشکەوتووی یەکێتی بووم و دواتریش کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجا کارمەندێکی جێگیری هۆتێلەکانی یەکێتی بووم. ئەو هۆتێلانە بە بەردەوامی چاوی میت و ئیتیلاعات و ئیستیخباراتی ڕژێمی سەددام لەسەر بوو بۆ تەقاندنەوە و زەفەر پێبردنیان.

ئەو دەم زۆربەی کات، بەندە یەکێک بووم لە ئیدارییەکانی ئەو پڕۆژانە، بە تایبەتی لە هۆتێل ئاشتی و هۆتێل سلێمانی پاڵاسدا.

هەر بۆیە، ئێمە وەکو ئیدارییەکانی ئەو هۆتێلانە هێڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆمان بە سەرجەم سەرکردایەتی یەکێتی و خودی سکرتێرەکانی مام جەلالیشەوە هەبوو. ڕۆژانە پەیوەندی جۆراوجۆرمان هەبوو، بە جۆرێک کە هەموو میوانداری میوانانی خودی مام جەلال بۆ حەوانەوە و مانەوە، یان ڕێکخستنی میوانداری و خوان و کۆنفرانسە حزبی و حکومی و نێودەوڵەتییەکان، لەو هۆتێلانەدا لە ڕێگەی ئیداری هۆتێلەکان و سکرتێرەکانی ڕەوانشاد مام جەلالەوە ڕێکدەخران. یەکێک لەو سکرتێرانەی جار و بار دەنگی دەبیسترا بۆ دابینکردنی ژوورێک بۆ میوانێکی سکرتارییەتی مام جەلال، بەڕێز نزار ئامێیدی بوو. ئەو دەم، لە هەرە سکرتێرە چالاک و دیارەکان ئاراس شێخ جەنگی بوو. ئێمەی کارمەندی هۆتێلەکان و کادری حزبی، ئاراسمان وەکو گەورەی سکرتێرەکان تەماشا دەکرد. بە حوکمی ئەوەی هەم برازای مام جەلال بوو و هەمیش لە هەمووان باوەڕپێکراوتر و نزیکتر لە چەقی دەسەڵاتی یەکێتییەوە دەرئەکەوت.

وەکو ئەڵێن، دونیا هەمیشە لە گۆڕاندایە و ئەوەی ئەمڕۆ خەیاڵە، ڕەنگە سبەی ببێتە ڕاست. بیر بکەرەوە کە ئەگەر ئەو ڕۆژەی سەددام ئیمزای لەسەر لێبوردنی گشتی بۆ کوردە عاسییەکان کرد و تەنها مام جەلالی لەو لێبوردنە جیاکردەوە، لە پەنا گوێی سەددامدا پێت بگووتایە ڕۆژێک دادێت ئەو مام جەلالەی تۆ لە لێبوردن دەبەخشیت، جێگەی تۆ لەم بەغدایە بگرێتەوە، گاڵتەی بە عەقڵتدا دەهاتەوە، بەڵام دواجار ڕووی دا.

خۆ ئەگەر لە یەکێک لەو تەلەفونانەی کاک نزار بۆ منی دەکرد بۆ دابینکردنی ژوورێک بۆ میوانێکی مام جەلال، پێم بگووتایە: کاک نزار، ڕۆژێک دادێت و تۆ دەبیت بە سەرۆکی عێراق، ڕەنگە بیگووتایە: خوا دەکات تۆ ژوورێکی بەتاڵت بۆ ئەم میوانە دابین کردبێت، من لە کوێ و سەرۆکی وڵاتێکی وەکو عێراق لە کوێ؟ ڕاستە، پێشینان وتوویانە: مرۆڤ گا نیە تا لە پێستێکدا بمێنێتەوە.

بەڵام، ئاخۆ ئەم پەندە بۆ دۆخی هەمووان هەر ڕاستە، یان ململانێی سیاسی و ناکۆکیی ناوخۆ و ڕێکەوتنە ژێربەژێر و ئاشکراکانە کە کام شانەی پێ خۆش بێ، بازەکەی لە هەڵنیشێنێت، بەدەر لەوەی لەسەر ئەو کورسییە ئەنوویت یان دادەنیشیت، یان بڕیاری درووست دەدەیت؟


PM:01:53:12/04/2026

ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی