میهری (میهرەبان ساڵەیی) لە دەقە شیعرییەکاندا، ئەو ژنەی ئازاری شەرمەزار کردو ژیانی ژیاندەوە
ڕەنگین مەلا سەمەد
بۆ جوانبینی خانمێکی تر، قەڵەمم ڕاسپارد وەکو خۆی بینووسێتەوەو پێناسەی بکات، ئەو خانمە هێندە پڕە لە وشە هیچ تاڤگەیەک بەری پێ ناگرێت.
ئەو ! زمانی ئازارەکانی ژنبوونە، کانیی میهرەبانییەو چیرۆکێکە ڕاستەقینە، ڕۆمانێکە پڕە لە پەندو واقعییەت و ڕاستگۆیی و مرۆڤدۆستیی و خۆبوون، چەند لێی بخوێنیتەوە هێندە چێژی لێ وەردەگری،
وشەو قسەو دێڕو دەربڕینی، چەشنی نمەی بارانەو گوڵ ئەڕوێنێ، ڕۆح ئاسوودەو ویژدان زیندوو ئەهێڵێتەوە.
ئەو( با)یەکە بەنێو دارستانێکی پڕ نهێنیدا گوزەر دەکات، کاتێک دەجوڵێت، وەک گەڵا وشکەکانی پایز وشە ئەوەرێنێ و ئازار لەگۆڕ دەنێ.
کەم ئەدوێ و زۆر دەبیستێ، کاتێک دەست بۆ قەڵەم دەبات، ئاسمان لە بەردەم مەزنیی دەربڕینی بێدەنگ دەبێ، ئەستێرەکان چاوکراوەتر دەبن.
کاتێک قەڵەم دەگرێ، شوێنێک ناهێڵێتەوە لە بۆشاییدا،
ڕۆح بە بەر هەموو وشەکان دەکات و، دێڕەکانی ئاوێنە ئاسا مرۆڤایەتیی نیشاندەدەن.
نەرم دێتە گۆ، بەڵام توند ئەیپێکێ،
هەر شیعرێکی! برینێکی سەر جەستەی و تاڵیی ژیان و ژنبوونییەتی، خەم هەمووکات وەک مناڵێکی لاسار بەرۆکی گرتووەو گیرۆدەی دەستی واقعێکی تاڵی کردووە.
ئەو بۆ داهێنان و جوانیی دروستبووە، هیچکات ڕادەستی دۆڕانی گەمەی ڕۆژگار نابێت،
چانسی ژنێتیی ئەو، قەڵەمە پڕ بڕشتەکەیەتی کە بیرو ڕۆح و ڕووانینی وێنا دەکات و بووەتە گەوهەری گەردنی ناسکی.
گەرچی میهرەبان لاوەو خاوەنی هیچ کتێبێکی چاپکراو نییە، بەڵام بەرینیی هزرو حەوسەڵەی قەڵەم و جوانیی نووسینی و مەودای ڕۆشنبیرییەتی تا کەشکەلانی فەلەک باڵایە، گەردوون ئەم بەهرە نایاب و سروشتییەی بە شایستە زانیوە.
جۆرێک دەنووسێ، تامت پێدەبەخشێ و تێربوونت لێ دەسێنێ، ئیشتیهای چاوەڕوانیت دەکاتەوە، تا تامەزرۆی دەقە شاراوەو پەنهانەکان بین،
ئازار ئەوی کردووەتە قەڵا،
بە وشەکانی تابلۆی دونیایەکی جوان دەکێشێت و بە دێڕەکانی دونیایەکی تاریک ڕووناک دەکاتەوە.
هاوڕێ و هاودەمی، کتێب و پێنووس و تێنووسەکەیەتی
ئەو دەزانێ چۆن هاوارو ئازار لە تێنووسێکدا بەبێدەنگیی بنووسێتەوەو، بۆ باسکردنی ڕازەکان متمانە بە پێنووس بکات و، بۆ بێباکبوون لە تێرکردنی هزریش کتێب بکاتە هاوڕێی هەمیشەیی.
میهرەبان بەڕادەیەک هۆگری مرۆڤدۆستییە، پێیوایە تاکە عیبادەتە کە پێویستە هەموو مرۆڤەکان پەسەندی بکەن، ئایینی ئەو مرۆڤایەتی و عیبادەتیشی پەیڕەوکردنییەتی.
بۆ سەلماندنی ئەم جوانییانەی (میهرەبان ساڵەیی) نموونەیەکی شیعریی ئەوم بە ناوی ( با ئیدی بزانی کێم)م هەڵبژاردووەو بەوردیی شیکردنەوەم بۆ کردووە..
لەژێر باری خەما بوونییەتی خۆی بە پیتەکان ئەسپێرێ و هەر ئازارێکی لە وشەیەکدا دەردەبڕێت، ئەو خۆی دەناسێ کە کێیە، بەڵام لەگەڵ ئەو کاڵفامەدا دەئاخڤێ، کە سنووری جوانیی و جیاوازییەکانی بەزاندووەو پیرۆزییەکانی ڕەتکردووەتەوە.
ئەو پێنووسی کردووەتە سەلمێنەری بەهای کەسێتیی خۆی و، بەرامبەری کە ناحاڵییەکە، پێ ئەشکێنێت.
میهرەبان دەروونی خۆی خەمناکانە دەکاتەوەو لێزانانە دێڕە قووڵەکان بۆ گوزارشتکردن لە گلەیی و توڕەبوونەکانی دەنووسێتەوە، جوانیی ئەو لە چۆنییەتی دەربڕینەکانییەتی، کە ژیرانە ناخی هەڵەڕێژێ و هێمنانە بەرامبەرەکەی سەرکۆنە ئەکات.
میهرەبان پێیوایە بەڕادەیەک شکاوە، هەمووجارێک گۆڕەشار دراوە بۆ ئەوەی فەرامۆشبکرێ و بەو ئازارەوە بتلێتەوە تا ئاستی لەناوچوون و چوونە ژێر خاک.
لەبەر ئەوەی کاڵفام بوویت،
کوفری بەراوردەکانت کردو
منت گۆڕەشاردا
ئەم خانمە شاعیرە جۆرێک ڕۆحی ئازاردراوەو شکێندراو تا ئاستی وردوخاشبوون، قسەکانی ئاراستەی ئەو کەسە دەکات کە نەیتوانیوە میهرەبانی و هەقی ژنێتیی پێ بدات و پیاوانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، موتڵەقانە دێتە قسەو ئۆقرەی نامێنێ، بێمنەتانە بڕیار دەدات لەوەی که چیتر نابێتەوە بەو مرۆڤەی پێشووتر هەبووەو، هەرگیز جارێکی تر دەستی تەڕی پڕ ئەوینی ئەمی بەرناکەوێت، کاتێک دەڵێت کاسەی سەرم
کوڵا مەبەستی لەو ئازارەیە کە چەشتوویەتی بەهۆی نەبینین و نەخوێندنەوەی هێزو خۆڕاگریی و، بێڕێزیکردن بە نرخی مرۆڤبوونییەوە، هۆش و بیرو عەقڵی لە تێنەگەیشتنی بەرامبەر لە ئاستی، وەڕسبووە.
دەڵێ: حەسرەتی خۆشەویستیم بەهۆی قەدرنەزانینمەوە پووکایەوە، هەڵکردنی میهرەبان لەگەڵ ئازارو بێباکییەکان وایکردووە گەردوون هەستی پێبکات و لێی حاڵیبێت، وایکردووە ئاسمان کە زۆر بەرینە، سەبری ئەو کارەساتە پڕ لە تراژیدیایانەی نەمێنێ و تووشی ڕامان و بێهیوایی ببێ، دەڵێ:ئاسمان و گەردوون لێم گەیشتن کەچی تۆ هەر تێنەگەیشتی.
ئەپرسێ تۆ ئەزانی بەم ناحاڵیبوونەت چیت کرد ؟ مەبەستی هەڵەو دڵشکان و ئازارو خەمەکانییەتی کە پێیداوە.
چیشت نەکرد؟ مەبەستی پاساو هێنانەوەو باشکردنی دڵی بوو بەرامبەر کارەکانی بەڵام نەیکرد، لەکاتێکا ئەبوو دڵی چاک بکاتەوەو وەڵامی بۆی هەبووایە بەڵام نەیبوو، نەیکرد.
نابمەوە خۆم و، نامبینیتەوە چیتر نزیکت بم
کاسەی سەرم کوڵا هێندە بڵێم لاواز نیم
تاسەی ئەوینم پژا، ئەوەندە بڵێم نرخم بزانە
گەردوون جوڵەی گۆڕا لە بێ مەیلیت
ئاسمان دۆش داماو تاقەتی چوو
لێ تۆ هەر حاڵی نەبوویت
تۆ ئەزانی چیت کردو
ئەشزانی چیت نەکرد؟
میهرەبان دڵی بە عەقڵێکی تەپیو شکێندراوە، لە لۆمکردن هێندە لێزانانە ئەنووسێ، ئاگری دڵی بە دەربڕینی وشەی قووڵ نەبێ دانامرکێتەوە، لۆمەی ئەوە دەکات کە میهرەبانیی چەندە جوان و پێویستە، بە دڕندەیی وەڵامی دراوەتەوەو مامەڵەی لەگەڵدا کراوە،
هەست بە گاڵتەجاڕی و، سۆزیش بە شێتیی لێکداوەتەوە، بەهۆی ئەم جۆرە ڕەوتارانەوە هەزار خەونی سەوزی ژنبوونی لەگۆڕناوە،
لەبەرئـەوەی هێمایە بۆ ژیانەوەو جوانی و، ئاماژەیە بۆ گەشەکردن و باڵایی، بۆیە لەگەڵ خەوندا وشەی (سەوز)ی بۆ هیواو ئاواتە ڕەنگاوڕەنگەکانی بەکارهێناوە.
ئەمە لێکدانەوەی کۆمەڵێ خووی بەرزو پەسەندە کە پێچەوانەکەی کراوە بە کردار،
ئەمەیە وایکردووە هەرگیز نەبێتەوە بەو مرۆڤە زیندووەی کە دەمێکە بە دەستی هەستکوژێک شەهید بووەو، دڵنیایدەکاتەوە لەوەی نابێتە ئەوەی پێشووتر متمانەی پێکردووەو پێیدەڵێ خۆشەویستیت بەسەرچوو، کۆتاییهات.
بۆ ئەمەش ئەو پەندەی هێناوەتەوە کە دەڵێ: (کنگرو ماست لە وادەی خۆی) مەبەستی لەوەیە هەموو شتێک لە کاتی خۆی پێویستە بکرێت، نەک بیرلێکردنەوەی لە کاتێکی هەڵەو بێ بەهادا.
میهرەبان لێرەدا مەرگی سۆزو ئەوینێک ڕادەگەیەنێت کە بە هەڵە هەڵیبژاردووە، ئازادبوون و سەبەخۆیی خۆی وەردەگرێت لەو ئەوینەی کە ببووە شکست بۆ خەونەکانی.
بەراوردی میهرەبانی بە دڕندەیی و
هەست بە گاڵتەجاڕی و
سۆز بە شێتی کردو
هەزار خەونی سەوزمت زیندە بەچاڵ کرد
نابمەوە خۆم و نابیتەوە ئەوەی هەبووی لەژیانم
ئەوینت گوزەشت
وەک ئەوەی ئەڵێن کەنگرو ماست لەوادەی خۆی.
AM:10:24:11/04/2026
ئهم بابهته 396
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی