عەرەبی 48

‌د. نازەنین عوسمان

ئەم ناوە و چەندین ناوی تر، بەو هاوڵاتییە عەرەبانە دەوترێت کە پێش دامەزراندنی وڵاتی ئیسرائیل لەو شارانەدا بوون کە ئێستا ئیسرائیلە و هاوڵاتیی ئیسرائیلن. هەروەها بە ناوەکانی: هاونیشتمانیی عەرەب لە ئیسرائیل، فەلەستینیی ناوەوە، عەرەبی ئیسرائیل، فەلەستینیی نێو هێڵی سەوز ناو دەبرێن، بەڵام خۆیان زیاتر نازناوی هاونیشتمانیی فەلەستینی لە ئیسرائیل بەکار دەهێنن.

زۆربەی ئەو هاوڵاتییانە، ئیسلامی سوننەن. ژمارەیان دوو ملیۆن دەبێت، کە دەکاتە لە سەدا بیست و یەکی دانیشتوانی ئیسرائیل. زۆربەیان جگە لە زمانی دایک، بە زمانی عیبرییش دەدوێن. ئەمانە زیاتر لە ناوچەکانی "موسەلەس" سێگۆشە: جەلیل، جۆلان، قودس و باکووری نەقەبدا دەژین.

لە 1948 کاتێک فەلەستین لەژێر ئینتیدابی بەریتانیادا بوو، وڵاتی ئیسرائیل دامەزرا. شەڕی 1948 هەڵگیرسا لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییەکان (ئوردن، لوبنان و میسر). لە ساڵی 1949، بۆ راگرتنی شەڕ؛ لە روودووس، فەلەستین دابەشی سێ ناوچە کرا بە هێڵێکی سەوز. ئەو هێڵە، بە قەڵەمی سەوز لەسەر نەخشەی فەلەستین کێشرا. دەوڵەتی ئیسرائیل رەسم کرا و لە زەفەی غەربی و ناوچەی غەزە جیا کرایەوە. زەفەی غەربی خرایە ژێر دەسەڵاتی ئوردن، ناوچەی غەزەش لە رووی بەڕێوەبردنەوە بە میسر سپێردرا. لە سەدا هەشتای عەرەبەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل زەوییەکانیان بەجێ هێشت و بوون بە پەنابەر لە وڵاتە عەرەبییەکانی تر، بەتایبەتی لە ئوردن. ئوردن لە هەموو وڵاتەکانی تر کارئاسانی بۆکردن و رەگەزنامەی ئوردنیی پێ دان. ئەوانەی نەڕۆیشتن و لەو ناوچانەدا مانەوە کە بۆ ئیسرائیل دانرابوون، ئەوانەن کە ئێستا پێیان دەڵێن "عەرەبی 48".

هاونیشتمانیی عەرەبی ئیسرائیل، بەپێی یاسای کنێسێتی ساڵی 1952، دەتوانن رەگەزنامەی ئیسرائیل وەربگرن وەک هەر ئیسرائیلییەک. هەندێک لەو عەرەبانە نەیانویستووە رەگەزنامە وەربگرن، بەڵام ناسنامەی ئیسرائیلییان هەیە و کارتی مانەوەی هەمیشەییان دراوەتێ. ئێستا یاساکەیان قورستر کردووە بۆ ئەو کەسانەی داوای رەگەزنامەیان نەکردووە، گەر داوا بکەن، دەیدەنە ئەو پیاوانەی تەمەنیان لە 35 ساڵ بەرەو سەرەوە بێت و ئەو ژنانەش کە تەمەنیان لە سەرووی 25 ساڵەوەیە.

تا ساڵی 1966 ژیانی عەرەبی ئیسرائیل زۆر قورس بوو، چونکە ئیسرائیل لەژێر حوکمی سەربازیدا بوو، بەڵام لەو ساڵەوە ئەو حوکمە لابرا و دوای شەڕی 1967 ژیانیان باشتر بوو و توانییان حزبی تایبەتی بە خۆیان دابمەزرێنن و بەشداریی هەڵبژاردن بکەن بۆ هەڵبژاردنی کنێسێت و شارەوانی.

دواتر لە رێگەی ئەو رێکخراوانەوە داوای مافی زیاتریان دەکرد و ناڕەزاییەکان گەورەتر دەبوون بەهۆی داگیرکردنی زەویی زیاتر و دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلی لەسەر خاکی عەرەبەکان. ئەوە بوو لە 30ی ئازاری 1976 لە نێو ئەو عەرەبانەدا راپەڕین رووی دا، کە بە رۆژی زەوی "یوم الارض" ناونرا و هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە. پەیوەندییان لەگەڵ فەلەستینییەکانی غەزە و زەفە باشە و پشتگیریی مادی و مەعنەوییان دەکەن، بەتایبەتی لە راپەڕینەکانی یەکەم 1987 و دووەم لە 2000.

ئەو عەرەبانە کۆمەڵگەیەکی گەنجن و رێژەی لەدایکبوون تیایاندا زۆر بەرزە و لە جووەکان زیاترە، تەنیا جووی حەریدیمەکان نەبێت، کە ئەوانیش رێژەی لەدایکبوون تێیاندا بەرزە. رێژەی لەدایکبوونیان (3.8و لە سەدا چل و دووی دانیشتوانی عەرەبی ئیسرائیلی، لە خوار تەمەنی 15 ساڵیەوەن، رێژەی تەمەنی سەروو 65 ساڵییش، تەنیا لە سەدا سێیە بەراورد بە جوو، کە لە سەدا دوازدەیە، ئەوەش مانای ئەوەیە ژیانی عەرەبەکان خراپە. رێژەی ئیسلام لە نێو ئیسرائیل، لە (17.8)ە، لەکاتێکدا لە ساڵی 1948 لە (9.5%) بووە، ئەمەش زۆربوونی ژمارەی عەرەبی 48 دەردەخات.

ژمارەی عەرەب لە جەلیل و موسەلەس لە بەرەو زیادبووندان و وا پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2030 ببنە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو شارانە، ئەمە ترسی خستووەتە نێو دڵی ئیسرائیلییەکان و وەکوو "بۆمبی دیمۆگرافی" دادەنرێت. ئیسرائیل هەوڵی دا جێگۆڕکێ بەو دانیشتوانانە بکات لەگەڵ جوو، بەرەو ئەو شوێنانەی نزیکن لە غەزە و زەفە، بەڵام بۆی نەکرا.

زۆربەی ئەو عەرەبانە لە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل دەژین، 122 زۆنی عەرەبی هەیە و زۆربەیان لە شاری ناسرەن، لە قودسیش لە سەدا سی و سێی دانیشتوانەکەی عەرەبن. پێشکەوتووترین ناوچەیان لە رووی خوێندنەوە، لە حەیفایە و لە سەدا چواردەی دانیشتوان پێک دەهێنن و لە سەدا دەش لە تیبەن. لە رووی کولتووری و رۆشنبیرییشەوە، عەرەبەکانی ناسرە و حەیفا چالاکترینن.

لە سەدا شەستی ئەو عەرەبانە، عیبریی باش دەزانن، لە سەدا حەڤدە ناتوانن بیخوێننەوە و لە سەدا دوازدەش نازانن بەباشی پێی بئاخفن.

لە رووی ئایینداریەوە؛ لە سەدا چل و حەوت تەقلیدین، لە سەدا سی و دوو زۆر دیندارن و ئەوەی دەمێنێتەوە دیندار نین. بەگشتی، عەرەبی 48، کەمتر دیندارن وەک ئەوانەی غەزە و زەفە. دین لای ژنەکان گرنگیی زۆرترە وەک لای پیاوەکانیان.

رێژەی هەژاری لە نێو عەرەبی 48 زۆر بەرزترە لە چاو پێکهاتەکانی تر. کرێ و حەقدەستی کرێکاری عەرەب لە سەدا بیست و نۆ کەمترە لە کرێکارێکی جوو. سەربازییان لەسەر نییە مەگەر بە خۆبەخشی نەبێت، ئەوەش زۆر کەمە. لە سێکتەری سەربازیدا هەلی قەرز و خوێندن زۆرە و عەرەب لەوە بێبەشن.

رێژەی دەرچووی زانکۆ لە سەدا سی و چوارە بەرانبەر بە لە سەدا چل و حەوت بۆ جووەکان و لە سەدا حەفتا و یەک بۆ مەسیحییەکان. باشترین خوێندکاریان لە خوێندنگەکانی مەسیحییەکان دەردەچن.

بەراورد بە جوو، مەسیحی، درووز و شەرکەس، دامەزراندن و هەلی کار بۆ عەرەب زۆر کەمترە؛ رێژەی بێکاری لە جووەکاندا لە سەدا شەش و نیوە بەرانبەر بە لە سەدا بیست و پێنج لە نێو عەرەبی 48دا. تاکە سێکتەر هەلی کار و دامەزراندن بۆ عەرەبی 48 بەرز بێت، سێکتەری تەندروستییە، وەک پزیشک و دەرمانساز، زۆر بەرزترە لە چاو رێژەی دانیشتوانیان. شاری عەرابە، شارێکە زۆربەی دانیشتوانەکەی عەرەبە، بەرزترین رێژەی دەرچووی پزیشکی هەیە لە هەموو جیهاندا بەراورد بە رێژەی دانیشتوانی.

لە ئیسرائیل قوتابخانە حکومییە و دوو جۆری هەیە؛ جۆرێکیان زمانی فەرمی عیبرییە و ئەوی تر عەرەبییە. لە هەردوو لا هەردوو زمانەکە دەخوێنرێن، بەڵام لە قوتابخانە عەرەبییەکاندا زمانی عیبری دەبێت زیاتر گرنگیی پێ بدرێت و لە تاقیکردنەوەی بەکەلۆریدا تێیدایە. لە وانەکانی ماتماتیک، زانست و ئینگلیزی، هەمان مەنهەجە، هەرچی وانە وێژەیەکانیانیانە، جیاوازن. خوێندن لە زانکۆش، بە ئینگلیزی و عیبرییە.

گرنگیدان بە قوتابخانە عیبرییەکان زیاترە وەک لە قوتابخانە عەرەبییەکان. بەپێی راپۆرتی هیومەن رایتس، حکومەتی ئیسرائیل ساڵانە 1100 دۆلار بۆ قوتابییەکی جوو سەرف دەکات. بەرانبەر بەوە، تەنیا 192 دۆلار بۆ قوتابییەکی عەرەبی 48.

بەپێی ئاماری دەرچووانی بەکەلۆرییە لە ساڵی 2008، رێژەکانیان بەو شێوەیە بووە: لە سەدا چل و نۆ ئیسلام، لە سەدا چل و حەوت درووز، لە شەست و حەوت مەسیحی و لە سەدا پەنجا و شەش جوو.

تا ئەو چەند ساڵەی دوایی، ئیسرائیل بە باشترین وڵاتی دیموکراتیی رۆژهەڵاتی ناوەند دەژمێردرا. عەرەبی 48، خاوەنی چەند حزبێکی سیاسی بوون و بەشێکیان هەماهەنگییان لەگەڵ حزبەکانی ئیسرائیلدا هەبووە، یاخود بەشێک لەو عەرەبانە لە نێو حزبە چەپەکانی جوودا کاریان کردووە و لە نێو ئەو حزبانەدا داوای مافی زیاتریان کردووە.

ئەو حزبانەی کار دەکەن:

-(حداش) بەرەی دیموکراتی بۆ ئاشتی و یەکسانی؛ عەرەب و جووی تێدایە. بنەچەکەی پارتی کۆمۆنیستی ئیسرائیلە، دژی زایۆنیزمە، حزبێکی چەپ و عەلمانییە.

-(بلد) کۆمەڵی نیشتمانی و دیموکراتی؛ حزبێکی نەتەوەیی عەلمانییە، داوای دەوڵەت بۆ هەموو هاوڵاتییەک دەکات.

-بزووتنەوەی گۆڕانی عەرەبی؛ زۆرترین دەنگیان هەیە لە کنێسێت بە سەرۆکایەتی ئەحمەد تیبی، دیدگایەکی نەتەوەیی میانڕەوی هەیە.

-بزووتنەوەی ئیسلامی - بەشی باشوور؛ بە سەرۆکایەتی مەنسوور عەباس، تاکە حزب بووە کە بەشداری لە حکومەتدا کردووە لە ساڵی 2021.

ئێستا حزبە عەرەبییەکان بە هاوپەیمانی لەگەڵ هەندێک لە حزبەکانی جوو لە کنێسێتدا بەشدارن، نەک وەک کیانێکی سەربەخۆ، بەڵام بە ژمارەیەکی کەم. لە کنێسێتی ئێستادا تەنیا 10 ئەندامی عەرەب هەن.

عەرەبەکان کەم بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن و لە سەدا سی دەنگ بۆ حزبە چەپەکانی ئیسرائیل دەدەن.

لە ساڵی 2015 بۆ یەکەم جار حزبە عەرەبەکان هاوپەیمانییان لەنێوان خۆیاندا کرد و توانییان 13 بەربژێریان بچێتە کنێسێت لە کۆی 120 ئەندام. ئێستا دەنگەکانی عەرەب زۆر پەرشوبڵاون و هاوپەیمانی نابەستن، ئەمە وا دەکات دەنگیان پەرشوبڵاو بێت. دەنگی پەرلەمانتارێکی عەرەب، یەکسانە بە دەنگی پەرلەمانتارێکی جوو، بەڵام یاسایەک هەیە لە کنێسێت، گەر سێ لەسەر چواری ئەندامانی کنێسێت دەنگیان دا، دەتوانن ئەندامێتی لە ئەندامێک بسەننەوە گەر وەلائی تەواوی بۆ ئیسرائیل نەبێت.

بە یاسای ئیسرائیل، هاوڵاتی هەموو نەتەوەکانیان یەکسانن، بەڵام ئەرکیان جیاوازە، بۆ نموونە؛ عەرەب سەربازیی لەسەر نییە. عەرەبەکان دەڵێن حکومەت بە هاوڵاتی پلە دوو ئەژمارمان دەکات. لە بودجەی ساڵانەدا، لەکاتێکدا عەرەب لە سەدا بیستی دانیشتوانە، بەڵام لە سەدا حەوت بودجەیان بۆ خەرج دەکات.

یوسف مونیر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی قودس، دەڵێت: "هەر جوویەک لە هەر وڵاتێک بێت مافی کڕینی موڵکی هەیە لە قودس، بەڵام پەنابەرێکی فەلەستین ئەو مافەی نییە".

رەگەزنامە نادرێتە فەلەستینییەک گەر لە غەزە بێت یاخود زەفە و هاوسەرگیری کردبێت لەگەڵ هەر هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی، هەرچەندە ئەم تێکەڵییە زۆر کەمە. هەروەها مۆڵەتی ئۆتۆمبێلیان پێ نادرێت.

ئێستا راستڕەوەکانی حزبی لیکۆد (بنیامین نەتانیاهۆ) بە 32 کورسی، (شاش) 11 کورسی، (یهدوت هتورات) حەوت کورسی، زایۆنیزمی دینی (سموتریتش) حەوت کورسی و عوتسما یهودیت شەش کورسی لەسەر حوکمن بە 68 کورسی. حزبەکانی (یش عتید) بە 24 کورسی لەگەڵ حزبەکانی ناوەڕاست و چەپ، وەک (شین و سپێ) بە هەشت کورسی و عەرەبەکان، ئۆپۆزسیۆنن. لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا پێویست دەکات جارێکی تر هەڵبژاردن بکرێتەوە و بەپێی پێشبینییەکان، نەتانیاهۆ ناتوانێت زۆرینە دروست بکاتەوە.

ئیسرائیل دەستووری نییە، بە 14یاسای بنەڕەتی کار دەکات. یەکێک لەو یاسایانەی ئەمساڵ حکومەتی نەتانیاهۆ دەری کرد، حوکمی لە سێدارەدانە، کە تاکوو ئێستا ئەو حوکمە لە ئیسرائیل نەبوو بۆ ئەو فەلەستینییانەی ئیسرائیلییەک بکوژن، بەڵام ئەم حوکمە ئیسرائیلی ناگرێتەوە گەر عەرەبێک بکوژێت. ئەمە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی دوودڵ کردووە و ئیسرائیل بەرەو دواوە دەبات، بەڵام ئەوەی باشە ئەم یاسایە ئەسەری رەجعی نییە و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە ئێستا لە بەندیخانەکاندان، یان ئەو کەسانە کە بەشدارییان لە هێرشی 7ی تشرینی یەکەمی 2023یان کردووە، لە کاتێکدا ئەگەر بگیرێن.


PM:09:10:09/04/2026

ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی