دەرکەوتنی تارماییەکانی رێککەوتن
هەڤاڵ عارف
دواجار تەمومژی سەر ئاسۆکانی جەنگ لە نێوان سێگۆشەی واشنتۆن و تەلئەبیب وتاران لە لێواری ڕەوینەوەدایە و خەریکە ئاماژەکانی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی جێگەی زمانی هەڕەشە و مووشەک و ئامرازە کاولکارییەکانی جەنگ دەگرێتەوە ئەم زەمینەیەش فەزایەکی لەبار دەهێنێتە کایەوە بۆ جۆرێک لە لێکتێگەیشتنی واقیعی لە نێوان جەمسەرە دژبەرەکان ئەوەی ئێستا لە ئارادایە ئەگەر بچێتە باری عەمەلییەوە دەکرێت دواتر بگۆڕدرێت بۆ ڕێککەوتنێکی ستراتیژی گشتگیر لەسەر بنەمای کۆمەڵێک دید و پێشنیاری قووڵتر چونکە ئەم وەرچەرخانە جەوهەرییە لە بنەڕەتدا گۆڕینی پارادایمی ململانێیە لە فەلسەفەی تێکشکاندنی ڕەها و هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ چاخی بەردین و سڕینەوەی جیوپۆلەتیکی بەرەو جۆرێک لە ئەقڵانییەتی سیاسی، کە تێیدا ژیریی ستراتیژی جێگەی کەرەستە سەرەتاییەکانی تۆقاندن دەگرێتەوە ئەمەش تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە دراماتیك و توندڕەوانەیەی جەنگە، کە تێیدا ئێران وێرانکاریی ناوچەیی و ئەمەریکاو ئیسرائیل سڕینەوەی شارستانییان وەک تاکە بژاردە دەبینی ئێستا خەریکە بەرەو بژاردەیەکی پیچەوانەتر هەنگاو دەنێن،کە تێیدا دابەشکردنی پشکەکانی مانەوە لەسەر داروپەردووی جەنگەکان دەبێتە ئەولەویەتی باڵا.
تارماییەکانی ئەم پێشهاتە نوێیە ئەگەر لە ئاستی ئاماژەوە بەرەو کردەی سیاسی هەنگاو بنێت خودی ئەم پرۆسەیە بۆ دۆزینەوەی پاساو بۆ ڕاگرتنی شەڕ دەبێتە ئەو دەرفەتە جەوهەرییەی، کە هەردوو میحوەرەکەی جەنگ وەک تاکە دەرچە بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان بەدوایدا دەگەڕان تا لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی چیرۆکێکی سەرکەوتنی گونجاو شکۆی دەوڵەت لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بپارێزن و ڕێگری بکەن لە وێناکردنی هەر لایەک وەک جەمسەرێکی تێکشکاو لەم ململانێیەدا بە دێوێکیتریشدا چیتر واقیعی سیاسی ڕێگە بە درێژەپێدانی ئەم دۆخە نادات بەو پێیەی تاران گەیشتووەتە ئاستی هەڕەشەی ڕووخاندنی سیستم و بۆ واشنتۆنیش بووەتە هۆی زیانی ئابووری قورس و تێوەگلانی لە دۆحێکی پێشبینینەکراو و بۆ ئیسرائیلیش دابەزینی توانای لۆجستیی سوپا و زیانە گیانی و ژێرخانییەکان و بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی شەقام، کۆبوونەوەی ئەم فشارە هاوتەریبانەش پاڵنەری پشت دەنگۆی ئەو ڕێککەوتنەن، کە ئێستا سێبەری دەرکەوتووە وەک تاقە دەرچە بۆ خامۆشکردنی ماشێنی جەنگ و دوورکەوتنەوە لە کارەساتێکی گشتگیر، کە هەمووانی گرتووەتەوە.
ئەوەی هێزی زیاتر و ڕەوایی جێبەجێکردن دەبەخشێتە ئەم نەخشەڕێگەیە ئەو وەرچەرخانە جەوهەرییەیە، کە لە هەڵوێستی دەوڵەتانی ناوچەکەدا دروست بووە چونکە ئەو ئەکتەرە ئیقلیمییانەی ئەگەر پێشتر وەک پێویست هەنگاویان بۆ ئاشتی و ڕوونەدانی ئەم شەڕە نەنابێت ئێستا لەبەردەم هەقیقەتێکی تاڵدا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، کە درێژبوونەوەی جەنگ دوای ئەو هەموو زیان و کاولکارییانە هیچ دەرچەیەک بۆ بەرژەوەندییەکانیان ناهێڵێتەوە ئەمەش وایکردووە پشتیوانییەکی سیاسیی هەمەلایەنە بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە وەک تاکە بەدیلی کارەساتەکان چەکەرە بکات و ببێتە بژاردەیەکی ستراتیژیی دیفاکتۆ بۆ ڕێگری لە هەرەسی هاوسەنگییەکان و کۆتاییهێنان بە سەرکێشییە سیاسییەکان و دامەزراندنی نەزمێکی نوێ لە سەربنەمای دیبلۆماسییەت و هۆشمەندیی سیاسی ئەگەر ئەنجامەکەی لەدەرەوەی جەنگ هەرچییەک بیت.
لە ئەنجامدا جەنگ وەک میکانیزمێکی نائەقڵانی بە هەر بارێکدا بشکێتەوە تەنها فۆرمێکی شکستە و لە هەر شوێن و ساتێکیشدا بوەستێت ئینجازو سەرکەوتنە، بۆیە ئاماژەکانی ئێستا نیشانەی تێپەڕاندنی ئەو بنبەستە جیوپۆلیتیکییەن، کە ئاسایشی ناوچەکەو ئاشتی لە گەرووی ململانێ و کەشتییەکانی لە گەرووی هورمزدا کردووەتە بارمتەی کێبڕکێیەکی تێکشێنەر و ئەم وەرچەرخانە گەڕانەوەی ژیرییە بۆ ناو کایەیەک، کە خەریک بوو لە ناو مەنتیقی سڕینەوەی ڕەهادا بگاتە دۆخێکی نەخوازراو دواجار ئاماژەکانی وەستانی ئەم جەنگە چەسپاندنی ئەو ڕاستییە ڕەقەیە، کە مانەوە لە سازانێکی سارددا زۆر بەهێزتر و پڕ بایەخترە لە سووتانی هەمووان لە ناو ئاگرێکی بێ ئامانجدا، کە تێیدا هیچ کام لەم هێزانە ناتوانن وەک براوەی کۆتایی لە ناو کاولکارییەکاندا بمێننەوە.
PM:05:42:08/04/2026
ئهم بابهته 556
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی