هەر کورد دەبین، دوربینییەکی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بو

‌بارزان شێخ عوسمان

راستە مامۆستای مەزنی کوردایەتیی و کوردستانیی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بیست و شەش ساڵە لە ناوماندا نییە ، بەڵام پەیامە مەزنەکانی کە تەواوی ژیانی خۆی بۆ بەدیهێنانیان تەرخانکرد ، هەر بە زیندویی لە نێوماندا ماوەتەوە ، رۆژ لە دوای رۆژیش نوێ دەبێتەوە.

وا زیاتر لە نۆ دەیەیە ، نەوە دوای نەوە پەیامەکانی بە کتریی دەسپێرن . ئەگەر سەیری سەرەتای دەستپێکردنی گەیاندنی ئەم پەیامەنەی مامۆستا بکەین کە دەستپێکەکەی لە شیعر و نوسینەوە بوە لە رۆژنامەی (ژیان) ی پیرەمێردی نەمرەوە بوە ، راستەخۆ پەی بە فیکر و بیرکردنەوە نەتەوەیی و مرۆڤانەکەی دەبەین ، کە بە کوردایەتیی کوردبون زاخاو دراوە.

کوردبون لای ئەم رۆڵە هەڵکەوتوەی گەلەکەمان ئەو هەقیقەتە مێژوییە کە سەرباری هەمو دژواریی و جەور و ستەمەکان ، هەر بە زویندویەتیی ماوەتەوە . سیاسییەکان ، روناکبیرەکان ، خوێندکار و کاسبکاران ، هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردستان بیرکردنەوە و روانینەکانیان چەندە جیاواز و دوریش بێت بەڵام لە کوردبون و شانازیی کردن بەوەی یەك نەتەوەی لێك دانەبڕاون ، یەك دەگرنەوە و کۆکن.

هەر لەو پێناوەشدا بو کە کۆلیژی حقوقی هەڵبژارد تا مافی ئەوەی هەبێت خاوەنی رۆژنامە یا گۆڤارێك بێت و فیکر و خەمە گەورەکەی تیادا بخاتە رو ، قەڵەم و فیکری هاوشێوەش لە خۆی کۆبکاتەوە.

ئەوەبو گەلاوێژ بوە ئەو سەکۆ و مینبەرە کە لە هەمو بەشەکانی کوردستانەوە هانای بۆ ببرێت ، پێشتریش لە نامیلکە بەناوبانگەکەیدا (کوردو عەرەب-١٩٣٧) کە بە هۆیەوە روبەڕوی دادگابوەوە،،( جا کەی مامۆستا ی مەزن لەسەر ئەم هەڵوێستە نەگۆڕانەی روبەروی دادگا و بەندیخانە نەبوەتەوە)، بە شێوازێکی زۆر زانستیانە هاوبەشیی راستەقینەی کوردی لە عێراق و بەشەکانی تریشدا خستوەتە بەرچاو ، بە ئامانجی هوشیارکردنەوەی رۆڵەکانی گەلەکەی و بەدرۆخستنەوەی بوختانی نەیارانی کورد و هەڵوەشانەوەی پیلانەکانیان بە نکووڵیی کردن لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد . لە هەمان کاتدا بۆ پوچەڵکردنەوەی هور تۆمەتێك کە بدرێتە پاڵ کورد بەوەی دابڕاوە و دژ بە گەلانی ترە . شاکارە ئەدەبیی و سیاسییەکانی تریشی لە هەمان ئامانجەوە سەرچاوەیان گرتوە . ئەو گەنجینە سیاسیی ، ئەدەبیی و فیکرەیەی برایم ئەحمەد لە بن نایەت تا لە بەرهەمەکانی ورد ببینەوە هزری نوێی تیادا دەبینین.

مامۆستای رابەری کوردایەتیی هەمیشە هاوارەکەی بۆ یەکگرتویی کورد بوە ، کە تاکە هەتوانی ساڕێژ کردنەوەی زامەکانی پارچە پارچە بونیەتی . هەمیشە هانی رۆڵەکانی گەلەکەی داوە کە کوردبونیان بە شانازیی لە نێو کۆڕو کۆبونەوەکاندا بخەنە رو ، چونکە ئەوە راستییەکی مێژویی حاشا هەڵنەگرە ، ئەوەشی بە بیر هێناونەتەوە کە لە هەر تەنگانەیەکدا هەر کوردبون دەبێتە رێنما بۆ بەدەنگەوە چونی یەکتر . ئەوەش دوربینیی ئەم رابەرە مەزنەی گەلەکەمان دوپات دەکاتەوە . ئەوە بەو مانایە نەبوە کە گەلانی ترمان لا کەم بایەخ بێت بە پێچەوانەوە بۆ پێکەوە ژیان بوە لەگەڵ تورك و عەرەب و فارس و ئەوانی دیکەشدا ، بە ئامانجی سڕینەوەی نەتەوەی سەردەست و نەتەوەی ژێردەست ، ئەوەش کرۆکی پەیامە مرۆڤایەتییەکەی بوە.

بۆیە هەمیشە لە هەر سەکۆیەکی بۆی رەخسا بێت داکۆکیی لەو بیر و ئایدۆلۆژیایەی کردوە . لە کۆنگرەی نیویۆڕکی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق (٣٠/ئۆکتۆبەر -٢ی نۆڤەمبەری ١٩٩٩)، کاتێك لە گفتۆگۆی راپۆرتی سیاسیی کۆنگرەدا هەوڵ دەدرا لەبەر خاتری ئەم و ئەو ، خۆ بدزرێتەوە لە مەسەلەی پەیڕەو کردن و چەسپاندنی شێوازی فیدراڵیی لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئایندەی عێراق دا ، پارێزەرەکەی کوردایەتیی لە مورافەعەیەکی لۆژیکیی و زانستیییدا ، هەموانی سەرسام کرد . ئەوەش لەو روانگەیەوە بو کە کورد مافی خۆیەتی بڕیار بدات.

لە کۆتاییدا ، هەموان ئەو راستییانەمان بە بیر دێتەوە کە لە هەمو کۆستەکانماندا لە هەر بەشێك لێمان قەومابێت کورد بون بەفریای یەکتری خستوین . تازەترین بەڵگەش ئەو یەك دەنگییە بو کە سێ مانگ لەمەوبەر هەمو کورد نواندنی بۆ پشتتوانییکردن لە خوشکو براکانمان لە سوریا(رۆژئاوا) . سرودە مەزنەکەی هەر کوردەبین بوە سیمبول و دروشمی تەواوی خۆپیشاندان و رێپێوانەکانی پشتیوانیی ، بە مەش ئەو دور بینیی و بیرتیژییەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەهەر کاتێکی تر بەرجەستە بو ، کە کورد بون و هاوخوێنیی بۆ هەمولایەکی سەلماند کورد یەك مەسەلەی هەیە و چەندە جیاواز بن و لەیەکتر دوربن ، بەڵام وەك بەردەوام مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دوپاتیکردوەتەوە ، هیچ سنورێك لەبەردەمیدا نییە کە بتوانێت ببێتە رێگر لەبەردەم ئەو راستییەی کە کورد یەك مەسەلەی هەیە لە هەمو بارو دۆخێکدا ، ئەویش کورد بونە کە هەمومان کۆدەکاتەوە.


PM:01:40:08/04/2026

ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی