جەنگاوەرەکانی پێنتاگۆن و تیۆری ڕۆژی قیامەت

‌ئاراس فه‌تاح

لە رۆژی پێنجی مارسدا سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینگە تایبەتەکەی خۆی لە کۆشکی سپی، پێشوازی لە بیست سەرکردەی ئاینیی مەسیحیی کرد. ئەم پێشوازییە ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو ڕێوڕەسمێکی ڕەمزیی بوو کە ھەڵگری چەندین مانا و سروتی ئایینییە. لەم ڕێوڕەسمەدا ژمارەیەک لە کەسایەتییە ئایینییەکان، لە دەوری مێزی بەهێزترین پیاوی جیهان وەستاون و دەستیان لەسەر شانی ترەمپ داناوە، پێکڕا چاویان نوقاندووە و نزادەکەن کە سەرۆکەکەیان لە جەنگەکەیدا دژ بە ئێران سەرکەوتووبێت.


پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، کتێبێکی بەناوی شەڕ دژی جەنگاوەرەکان”The War on Warriors" بڵاوکرووەتەوە، کە دەکرێت وەک قوتابییەکی میدیایی فەیلەسوفی ئەڵمانیی کارل شمیت تەماشابکرێت. ھەروەک چۆن ھەردوو کتێبە بەناوبانگەکەی شمیتتیۆلۆژیای سیاسیی" وچەمکی سیاسیی" گرنگترین کتێبی تیۆریی نازییەکان بوون، ئاوھاش ئەم کتێبەی هێگسێت لە ئێستادا بووە بە مانیفێستی ئایدۆلۆژیی و سیاسیی پێنتاگۆن. پشتئەستوور بە چەمکی دووفاقەییدۆست" ودۆژمن"ی کارل شمیت و کردنی سەرباز بە بوونەوەرێکی عەقائیدی، هێگسێتیش دەڵێت: ”ئامانجی سوپا تەنها یەک شتە: ئامادەکردنی پیاوانە بۆ ئەوەی لە مەیدانی جەنگدا دوژمن بکوژن و سەرکەوتن بەدەستبهێنن. هەر شتێکی تر کە دەبێتە ڕێگر لەمە، خیانەتە لە جەنگاوەرەکانمان."

هێگسێت ماناکانی سیاسەت و جەنگ دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕەگوڕیشە ئایینییەکەی: ھەم شەڕی ئێران و ھەم شەڕی ناوخۆیی دژ بە لیبڕاڵەکانی وڵاتەکەی، ھاوشێوەی ھەڵمەتی خاچپەرستەکانی سەدەی ناوەڕاست وەکشەڕێکی پیرۆز" Crusade وێنادەکات. هێگسێتیش وەک کارل شمیت، پێی وایە دین و چەک، سەرباز و عەقیدە لەیەکتر جیانابنەوە. ھەر وەک چۆن شمیت ڕای وایە کە دەزگای دەوڵەت پێویستی بە پیرۆزییەکە بۆئەوەی جەنگاوەر دروستبکات و ئامادەی بکات لە پێناویدا بجەنگن و بمرن، ئاوھاش هێگسێت بڕوای وایە لە ئەمریکا نابێتخاچ" وچەک" لە یەکتر جیابکرێنەوە.

هێگسێت وک فەیلەسوفە نازیییەکەی ئەڵمانیا (کارل شمیت) جیهان بەسەر دوو بەرەی دژبەیەک دابەشدەکات کە ناکۆکییەکانیان قابیلی چارەسەر نییە. ئەوانەی پارێزەری بەها مەسیحیی و نیشتمانییەکانن دەبنەدۆست" و ئەوانەشی لە ناوخۆن وەک لیبراڵەکان و لە دەرەوەن وەک ئێران، هەڕەشەن بۆ سەر ئەو بەهایانە و شوناسیدوژمن" وەردەگرن. هێگسێت دەڵێت: ”پێشکەوتنخوازیی" ولیبڕالیزم" سوپای ئەمریکایان کردووەتە دەزگایەکی تاقیگەی کۆمەڵایەتیی کە بووەتە ھۆکاری ئەوەی دەزگاکە ئیرادەی شەڕکردن و ناسنامەی جەنگاوەریی خۆی لەدەستبدات. ئەو بڕوای وایە، کاری سوپا ئەوە نییە ببێت بەدیپلۆماتکار"، بەڵکو دەبێت تەنهائامێرێکی بێبەزەیی تێکشکاندنی دوژمنەکانمان بێت".

بە بۆچونی ئەو ئەرکی بنەڕەتی سوپا دەبێت ئامانجێکی دیاریکراوی ھەبێت و بە شتی لابەلاوە سەرقاڵ نەکرێت، وەک دروستکردنی نەتەوە و دەوڵەت بۆ دەوڵەتانێکی داوەشاو یان کاری خێرخوازیی بۆ دەوڵەتانێک کە ئالودەی شەڕی ناوخۆیی بوون. ئەو بڕوای وایە ئەرکی سوپا تەنهاکوشتنی دوژمن و سەرکەوتنە لە شەڕدا". ھاوکات بڕوای وایە کە جەنگاوەر دەبێت رەھەندێکی پیاوانەی ھەبێت و لە ھەموو ڕەگەزەکانی تر پاکبکرێتەوە، بۆ نموونە ژنان دەبێت لە هێزە شەڕکەرەکان(Combat roles) دووربخرێنەوە، چونکە کاریگەرییان لەسەر توانای کوشندەیی سوپا دەبێت. لە کۆتاییدا هێگسێت رەھەندێکی تر دەخاتە ناو دیدگا سەربازییەکەیەوە و بڕوای وایە سوپا نابێت تەنھا لە ڕەگەزی تر دووربخرێتەوە، بەڵکو دەبێت ھەرچی فەرماندەلیبڕاڵەکان" و ئەو جەنەڕاڵانەی پشتگیریی لە ئەجێندای سیاسیی دەکەن، لە کارەکانیان دووربخرێنەوە.

تاتۆکانی سەر جەستەی هێگسێت (وەک خاچی قودس) و تێڕوانینە مەسیحییە توندڕەوەکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پیاوە لایەنگریجەنگی خاچپەرستی"یە و بڕوای تەواوی بەوە ھەیە کە ئەمریکا دەبێت لە دۆخی بەرگرییەوە ھەنگاو بۆ ھێرشبردن بنێت، وەک چۆن وەزارەتەکەی لە وەزارەتی بەرگرییەوە کرا بە وەزارەتی جەنگ.

ھەموو جەنگێک پێویستی بە ڕەوایەتییە. ھیچ جەنگێک بە بێ پاساوھێنانەوە و رەوایەتیبەخشین بە توندوتیژیی، ڕوونادات. گرنگترین ئەو پاساوانەی کە بۆ ڕەوایەتیبەخشین بە جەنگ دەھێنرێنەوە سێ خاڵە. یەکەم دەرەکییە، واتە پاساوی بەرگریکردن دژ بە ھێرشی دەرەکیی.

دووەم یاساییە، واتە پاساوھێنانەوە بۆ جەنگ لەناو ڕووبەری گشتیی نێونەتەوەییدا، بۆ نموونە ھەڕەشە لە ئاساییشی نێونەتەوەیی و کۆمەڵکوژیی و تاوانی جەنگ و وەدەستھێنانی چەکی ئەتۆمیی و ھتد. سێیەمیشیان دۆزینەوەی ڕەوایەتیی ناوخۆییە. یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی بەرھەمھێنانی ڕەوایەتیی بۆ جەنگ، دینە. بۆ ھەر سێ پاساوەکەش دین دەبێتە بزوێنەر و پاڵنەر و ئەو ھێزە ڕۆحی و مەعنەوییەی کە بەردەوامیی بە جەنگ دەدات.

لەوەتەی مرۆڤ ھەیە بەرگری لەخۆی دەکات بەرامبەر بە ھێرشی دەرەکیی. بۆیە ڕەھەندی بەرگریی لەخۆکردن وەک مافێکی سروشتی ھەموو کەس و گەل و دەوڵەتێک دەبینرێت بۆ پاراستنی ماڵ و نیشتیمان و خاک. ھەموو بڕیارێکی سیاسیی بۆ دەستپێکی جەنگ تێچوونێکی زۆری مادیی و گیانیی و سەربازیی ھەیە. دین دەتوانێت ببێت بە ھۆکارێکی زۆر گرنگی کەمکردنەوەی تێچوونی ئەخلاقیی بڕیارە سەربازییەکان. ڕەھەندی لاھووتی سیاسیی و سەربازیی لە جەنگە نوێکاندا ئایین دەکات بە ڕەگەزێکی زۆر گرنگی بەرھەمھێنانی شەرعییەت بۆ توندوتیژیی.

جەنگ تەنھا ڕێکخستنێکی گەورەی سەربازیی و مرۆیی نییە، بەڵکو ھاوکات ڕێکخستنێکی گەورەی ماناکانی پشت بڕیاری جەنگگێڕانە.
ھەر ململانێیەکی توندتیژ کە دین تیایدا ببێت بە گوتاری سەرکیی، مانای گواستنەوەی ململانێیە لە ڕەھەندە زەمینییەکەیەوە بۆ ڕەھەندە ئاسمانییەکەی. ئەمەش یەک ئامانج و بەرھەمی ھەیە، ئەویش دابەشکردنی دونیایە بەسەر کافر و ئیماندار، دوژمن و دۆست، باش و خراپ، چاکە و خراپە، تاریک و ڕووناکیی، ھتد. لە پشت ھەموو ئەم جۆرە دابەشکردنە لاھوتییانەی سیاسەتەوە پەیامێکی ئەخلاقیی ئامادەیە کە ڕەوایەتی دەبەخشێت بە بەکارھێنانی توندوتیژیی بۆ لەناوبردنی دوژمن.

دین، دەشێت بۆخودی خۆی لەم سەردەمەی ئێستاماندا ڕاستەوخۆ ھۆکاری ھەڵگیرسانی جەنگ نەبێت، بەڵکو ھۆکاری بەخشینی زمانێکی ڕەمزیی توندوتیژ بێت بە گوتارە سیاسییەکە و بوونی بەو ھێزەی کە خەڵک ھانبدات بۆ خۆپڕچەککردن و گیانفیدایی و ڕەواتیبەخشین بە جەنگەکە لەناو ڕووبەری گشتیی یان وشیاریی دەستەجەمعیدا. یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەفسانە ئایینەکان بریتییە لە ”ڕۆژی قیامەت" کە ھەر ئاینەی لە دیدگای خۆیەوە شەرعییەت بە شەڕ و جەنگەکانی دەدات.

دیدگای قیامەتگەرایی ئەو چەشنە گوتارە پۆپۆلیستییە ناسیۆنالیستیی و دینییەیە کە بانگەشەی ئەوە دەکات کات بۆ مرۆڤایەتی نەماوەتەوە و جیھان لە لێواری داڕمانێکی ئەخلاقیی گەورەدایە. ئەمەش وا دەکات کە ڕەھەند و قوڵایی ململانێکان لە ململانێی مەدەنییەوە بگۆڕێت بۆ ململانێی نێوان ئەو ئایینانەی کە کار بە چەمکی ”جەنگی پیرۆز" دەکەن.

چاوەڕوانییەکانی مرۆڤ گۆڕانی قووڵی بەسەردا ھاتووە، چیدی مرۆڤ چاوەڕێی شتی گەورە و پۆزەتیڤ ناکات، بەڵکو چاوەڕێی ڕووداوی خراپ و کارەساتئامێز دەکات. قیامەت لە ڕاستییدا کۆتایی کاتی مرۆڤ نییە لە ژیاندا، بەڵکو کۆتایی فەنتازیای مرۆڤە لە دۆزینەوە و داھێنانی داھاتوویەکی باشتر و ڕۆشنتر بۆ مرۆڤایەتی. مرۆڤی دینیی مەسرەفگەری سەردەمی مۆدێرن، چارەسەری خێرا و کورتخایەنی دەوێت بۆ ھەموو کێشەکانی.

ڕۆژی قیامەت لە دیانەتی جوولەکەدا بریتییە لەو زەمەنەی کە تیایدا دادپەروەریی دەردەکەوێت. لەم دیدگایەوە مرۆڤ بوونەوەرێکە خۆی ناتوانێت دادپەەروەریی بھێنێتەدی و دابینبکات، بۆیە ناچارە پەنا بۆ ھێزێکی لەخۆی گەورەتر و سەروو-مرۆیی ببات کە ئەویش خودایە.
واتە تەنھا لەڕێگای دەستتێوەردانی خوداییەوە دەتوانرێت مرۆڤ لە بەڵا و کارەساتەکان ڕزگاربکرێت. بۆیە زەمەن لەم تێڕوانینەدا وەک پرۆسەیەکی مێژوویی دەەبینرێت کە دادپەروەریی لە ڕێگای دامەزراندنی دەسەڵاتی پاشایەتی خوداوندەوە لەسەر زەوی بنیاتدەنرێت.

بەشێوەیەکی گشتیی جوولەکەکان زیاتر جەخت لەسەر ”دەرکەوتنی مەسیح" و ”چاککردنی جیهان" (
Tikkun Olam) دەکەنەوە، کە پەرستگای قودس (هەیکەلی سێیەم) دروستدەکاتەوە، هەموو جوولەکەکان لە جیهانەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ خاکی ئیسرائیل و لەکۆتاییشدا ئاشتییەکی جیهانیی بەرپادەبێت کە تێیدا شەڕ وەک کردەیەک کۆتایی دێت.

لە ئایینی مەسیحییەتدا ڕۆژی قیامەت گۆڕاوە بۆ ئومێدێکی گەردوونی. بەم شێوەیە قیامەت بریتیی نییە لە ڕۆژی کۆتایی، بەڵکو دەبێت بە دووبارەلەدایکبوونەوە، بەو مانایەی مەسیح دووبارە دەردەکەوێتەوە و پەیامی تێکشکانی ھێزە شەیتانییەکان لەگەڵ خۆیدا دەھێنێت. دیارە ھەم ڕەنگی ئەسپەکانی چوار ئەسپسوارەکە و ھەم جەنگی ئەمەگیدۆن کە دوو ئەفسانەی مەسیحیین و رەگەزێکی دینیی جووشیان ھەیە، دوو ھێمان بۆ پاکبوونەوەی جیھان لە گوناھ و خراپەکاریی. دەرکەوتنی چوارئەسپسوارەکە واتە دەستپێکی تێکچوونی ھاوسەنگیی جیھان. ئەسپە سپییەکە نیشانەی داگیرکاریی و نەخۆشییە، ئەسپە سوورەکە نیشانەی جەنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە کە کوشتار دەبێت بە کولتوورێکی باوی ژیانی ئێستامان. ئەسپە رەشەکەش ھێمایە بۆ برسێتیی، واتە داڕمانی سیستەمی ئابووریی، ئەسپە زەردباوەکەش ھێمایە بۆ مردن کە گوزارشت لە کۆتایی ژیان دەکات بەھۆی جەنگ و برسێتی و نەخۆشییەوە.

جەنگی ئەرمەگیدۆنیش ئەو جەنگەیە کە مەسیحییەکان بروایان پێیەتی و وەک جەنگی کۆتایی نێوان چاکە و خراپە وێنایدەکەن. بەپێی سەرچاوەکان گوایە ئەم جەنگە لەسەر گردی مەگیدۆ لە فەڵەستین - ئیسرائیلی ئەمڕۆ روویداوە و ژمارەیەکی زۆری جەنگە گەورە مێژووییەکانیش ھەر لەو ناوچەیەدا بوون.

لە ئیسلامیشدا وەک دینێکی ئیبراھیمیی، چەمکی ”قیامەت" یان ”ڕۆژی دوایی" تەنھا وەک عەقیدەیەکی ئایینیی مامەڵەی لەتەکدا ناکرێت، بەڵکو گەورەترین سەرچاوەی ”ڕەوایەتی ئەخلاقی و سیاسییە" بۆ ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵ جیهان، جەنگ و دەسەڵاتدا. وەک بۆ ھەمووان ئاشکرایە کە لە ئیسلامدا دونیا و قیامەت دوو شوێنگەی جیاواز نین، بەڵکو تەواوکەری یەکترن. واتە مرۆڤی موسڵمان دونیا وەک شوێنی تاقیکردنەوە دەبینێت و قیامەتیش وەک شوێنی لێپرسینەوە و حەق و حیساب. ئەمەش وادەکاتھەموو جەنگاوەرێکی خودایی کە جیھاد دەکات، هەست بکات کە لەژێر چاودێرییەکی باڵادایە. جیهاد یان شەڕکردن کردەیەکە بۆ خودا، واتە ”فی سەبیل اللە"، ھەر بۆیە ئەگەر جەنگاوەرێک لە جەنگی پیرۆزدا گیانی بەخت بکات، قیامەت (بەهەشت) دەبێتە شوێنی پاداشت بۆی.

کاتێک کەسایەتییەکی وەک پیت هێگسێت باس لەجەنگی پیرۆز" و گەڕانەوەی مەسیح دەکات، کە بۆ ئەوان لە خودی ترەمپدا بەرجەستەدەبێت، لەولاشەوە ئیسلامی شیعیزمی ئێرانیی باس لە نزیکبوونەوەی کاتی دەرکەوتنی مەهدی دەکات. جیهان لەناو ئەم دوو بەرە جەنگاوەرە دینییەدا دەکەوێتە ناو بەرداشی حیکایەتی پێکدادانی قیامەتە دژبەیەک و جیاوازەکان. ھەردوو بەرە دینییەکە پێیان وایە شەڕەکە پێویستیەکی ئەخلاقیی و ئیلاھییە، بۆئەوەی قیامەت زووتر بێت و ھەردوولا توندوتیژیی وەک ئامرازێکی پاککردنەوەی ئینسان و جیھان دەبینن و ڕەوایەتیش لە دین وەردەگرن تاوەکو ئەم جیھانە نوێیەی ئەوان دەیانەوێت، دروستیبکەن.


لەگەڵ ھاتنی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و بوونی بە سەرۆکی بەھێزترین ھێزی سەربازیی و ئابووریی لە جیھان، کۆکتێلێک لە تەوژمی توندڕەویی ئاینیی و گوتاری ناسیۆنالیزمی ئەمریکیی سەرھەڵدەدات کە رەھەندێکی مەترسیدار لە سیاسەتی نێودەوڵەتیی دروستدەکەن. ئەم کۆکتێلە بانگەشەی سەرھەڵدانی رۆژی قیامەت دەکات کە مەسیحە نوێکەی خودی ترەمپە.


PM:08:40:25/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی