ئێران لە (ڕۆحانیەتی سیاسی) فۆکۆوە، بۆ (فەزای گشتی) هابرماس
د. ئەمیر حسێن
فۆکۆ پێچەوانەی زۆربەی فەیلەسوف و بیرمەندانی سەردەمەکەی تەنها بە تیۆریزەکردنی چەمک و ڕەهەندەکانی مۆدێرنێتە نەوەستاوە ، بەڵکو بەردەوام وەک توێکارو ڕەخنەگرێکی جدی کاری لەسەر دۆزینەوەی درز و کەلێنەکانی ئەم سیستەمە دەکرد ، هەر بۆیە ساڵی 1978 کاتێک سەردانی ئێرانی کرد وەکو شاهیدێکی زیندوی ڕوداوە دراماتیکیەکانی سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران ، دواتر سەرجەم نوسین و ڕاپۆرتەکانی لە چوارچێوەی دۆزینەوەیەکی فکری و فەلسەفی نوێدا تیۆریزەکرد . بەسەر شۆڕشێکدا کەوت، پاڵنەرەکانی کلاسیکی نەبون، چونکە نە لە شۆڕشی فەڕەنسی دەچو، نە لەشۆڕشی ئۆکتۆبەر . ئەگەر ئەم شۆڕشانە پاڵنەری مادی و ئایدیۆلۆژی و ململانێی چیناتەتیان لەپشت بوبێت، ئەوەی لەوکاتەدا ئەوەی لە ئێران ڕویدەدا زۆر دەگمەن و جیاوازبو.
فۆکۆ پێیوابو گەلانی ئێران لەم کاتەدا تەنها نایانەوێت دەسەڵاتەکە بگۆڕن، بەڵکو مەبەستیانە زیاتر شێوازی ژیانکردنیان بگۆڕن، لە سایەی سیستەمێکی خوازراوی مۆدێرندا، کە خودی ( بون )ی لە هەمو ماناکانی بەتاڵ کردۆتەوە، تەنانەت دەیانەوێت شێوازی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەوانیتردا، لەسەر فۆڕمێکی نوێ ڕێکبخەنەوە، ڕەگەکەی دەچێتەوە سەر قوڵایی شارستانیەت و کلتورو ڕۆشنبیریەکی ئەستورو دێرین، نەک مانەوە لە سێبەری سیستەمێکی سەپاو بە بیانوی ئازادی ودەوڵەتی مۆدێرن، سەرەتا فۆکۆ زۆر سەرسام بو کاتێک دیاردەیەکی زۆر جیاوازی بەدیکرد، بینی ئەمە شۆڕشێکی گشتیە واتا تەنها چینێک یان توێژێک نەهاتۆتە سەر شەقام، بەڵکو کۆی گشتی گەلانی ئێران، بەئیرادەیەکی بەهێزەوە لەسەرشەقامن، بە دەستی بەتاڵەوە ڕوبەڕوی بەهێزترین سوپاو دامودەزگای سەرکوتکەر دەبنەوە، پێیوابو ئەم جۆرە لە یاخیبون و هەڵگەڕانەوە، لە مێژودا حاڵەتێکی پارادۆکسە، لە ناهاوسەنگی هێزە کلاسیکیەکان.
لێرەوە فۆکۆ شۆڕشی گەلانی ئێرانی، وەکو دیاردەیەکی دەگمەنی مێتافیزیکی دەبینی، نەک داخوازی بۆ نان و ئازادی یان گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی ، چونکە تا ئەندازەیەکی زۆر دەسەڵاتی ڕەزا شا، لە فۆڕمی پارادایمی دەسەڵاتێکی مۆدێرنی ڕۆژئاوایدا خۆی نمایش دەکرد، لەسەر بنەمای بانگەشە بۆ پابەندی بە ماف و ئازادی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی، تەنانەت هەندێک ناوەند، ئێرانی ئەوکاتیان بە یەکێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەچواند، فۆکۆ لە پێناو کۆکردنەوەی دیاردە و ڕەهەندە زۆرو جیاجیاکانی ئەم شۆڕشە، چەمکی ( ڕۆحانیەتی سیاسی، Political Spirituality ) بەکاردێنێ، ئەگەرچی لە پێرستی فەلسەفەی فۆکۆدا، ڕۆحانیەت تەنها ئاماژەنیە بۆ هەندێک تەقس و مەراسمی ئاینی ، بەڵکو وەک جۆرێک لە توانای پراکتیزەکردنی ئەو تەکنیکە ناوخۆییەیە، بەردەوام لەڕێگەی ئەپدەیتی ڤێرژنی نوێوە، توانای ئەوە بە مرۆڤ دەبەخشێ، دەستی بگاتە ڕاستیەکان.
فۆکۆ لە خۆپێشاندانەکاندا بەردەوام تێبینی ئەوەی دەکرد، دروشمەکان داواکاری گۆڕینی دەستور، یان چاککردنی هەلومەرجی کارو بەرزکردنەوەی کرێ و ئاستی ژیان نین ، بەڵکو خواستی سەرەکیان گۆڕینی ڕیشەیی شێوازی ژیانکرنە بەگشتی ، ڕۆحانیەتی سیاسی لێرەدا ئەو چرکە ساتەیە تاک بڕیاردەدات، تەواو چیتر دەرفەت بۆ درێژەدان بەم فۆڕمەی ئێستا نەماوە، ئارەزو مەندانە دەستبەرداری خود گەرایی دەبێت، بە توندی دەگەڕێتەوە بۆ سود وەرگرتن لە هێزو توانا کۆگا کراوە بە کۆمەڵەکانی، لە ڕوی کلتوری و ڕۆشنبیری وئاینی و شارستانی ، بۆ ئەوەی شوناسێکی نوێ بەدەستبێنێ توانای ڕوبەڕو بونەوەی ئایندەی پێببەخشێ . هەروەها پێیوایە مۆدێرنە، سیاسەتی لە گۆشەیەکدا گەمارۆداوە، ئەو ناوی ناوە ( عەقڵانیەتی ئامرازگەرا )، خۆی لە دامو دەزگاو بەڕێوەبەرایەتیە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و یاساییەکاندا دەبینێتەوە ، ئەم جۆرە عەقڵانیەتە ئەگەرچی لەسەرەتادا سەرنجڕاکێش و پڕشنگدار دەردەکەوێت، بەڵام دواجار لەگەڵ تێپەڕبونی کات مرۆڤ دەگۆڕێ بۆ پارچەیەکی بێ گیانی وەک ئامێرێک، لە سیستەم و هەیکەلی دەوڵەتدا ، بۆیە ڕۆحانیەتی سیاسی لێرەدا، وەک بانگەوازی پرۆتستۆی ئەم حاڵەتە دۆگم و بە ( شت ) بونە دێت ، وەکو هەوڵێک بۆ هێنانە ناوەوەی ڕەهەندی ” ترانسێندێنتاڵ " موتەعالی، یان ” مێتافیزیکی " بۆ ناو دڵی کردەی سیاسی ڕۆژانە . ئاین بەلای فۆکۆوە بەتایبەت لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا، تریاکی گەلان نیە، وەکو مارکس بانگەشەی دەکرد ، بەڵکو ئاین لێرەدا ڕوحێکی بزێو زیندوی ئەرێنیە، لە دونیایەکی بێ ڕوح و مردوی نەرێنیدا . بۆیە پێیوایە سیاسەت ناکرێ بەتەنها لە نان و ماف و ئازادی و یاسادا، کورت بکرێتەوە ، بەڵکو پێویستی بە ( واتا یان مانا )ی نوێ هەیە، مرۆڤ ناچار بکات ئامادەبێت قوربانی لە پێناودا ببەخشێت.
ڕۆحانییەتی سیاسی لە لای فۆکۆ، بانگەوازێکە بۆ گێڕانەوەی ڕەهەندە ئەخلاقی و وجودیەکان، بۆ ناو دونیای سیاسەت . وەبیرهێنانەوەی ئەو ڕاستیەی پێیوایە : مەرج نیە گەلان، تەنها لە پێناو ( ماف ) ە مادی و ئایدیۆلۆژیەکانیان ڕاپەڕین بکەن، بەڵکو دەکرێ لە پێناو مسۆگەرکردنی ” وجود و کەرامەتیان " لەپاڵ پێناسەکردنەوەی پەیوەندیەکانیان، لەگەڵ ڕاستی و پیرۆزیەکاندا شۆڕش بکەن و ڕابپەڕن.
تەنگژەی قوڵی چەمکی ڕۆحانیەتی سیاسی، لە ڕوی فەلسەفیەوە لای ڕەخنەگرانی فۆکۆ، دوای چەند ساڵێک لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی هێدی هێدی بەدەرکەوت، هەندێک پێیان وایە فۆکۆ تێزەکەی لە چرکەساتی تەقینەوەدا داڕشتوە، بێ چاوەڕوانی پراکتیزەکردنی لە ئایندەدا، بەتایبەت کاتێک ڕۆحانیەتی سیاسی، لە هێزێکی تیۆری و ئیدیاڵی ئەفسانەیی، وەک ڕوخێنەری ڕابردوەوە دەگۆڕێ بۆ سیستەمی حوکمڕانی، دواجار لە فۆڕمی پڕۆژەیەکی سیاسی ئەبستراکتی ئاینیدا، وەک ئایدیۆلۆژیا جێگیر دەبێت، لێرەوە کەلێنێکی گەورە لە تێزو ئەرگومێنتەکەی فۆکۆدا دەردەکەوێ، تا ئەو کاتە شاراوەو نادیار بو: ئایە ڕوحانیەت دەتوانێت تەنها لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی سیاسیدا بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی بخلیسکێ و بخزێتە ناو سیستەمێکی سیاسی تیۆکراسی ( دەسەڵاتی ئاینی ) ؟. کە بێگومان شیمانەی هەڵگەڕانەوەی بۆ ستەمکاری، لە هەموو کات زیاتر لە بەردەمدا کراوەیە.
لە بەرامبەر فۆکۆدا، یۆرگن هابرماس لە سەردانەکەیدا بۆ تاران ساڵی ( 2002 ) دوای 23 ساڵ لە سەرکەوتنی شۆڕشەکە، جەختی لە ” عەقڵانییەتی پەیوەندیی " کردەوە . پێی وابوو کۆمەڵگای ئێرانی پێویستی بە ( فەزای گشتی ، Public Sphere) هەیە، چونکە گەنجانی ئێران لەم قۆناغەدا، دەستیان کردوە بە تێپەڕاندنی دروشمە ڕۆحانیەکان، بەرەو داواکارییە مەدەنییەکان، واتا گواستنەوە لە موقەدەسێکی سیاسیەوە، بۆ ناو ژیانێکی سروشتی، لانیکەمی فەراهەمکردنی ئازادی و خۆشگوزەرانی، وە گێڕانەوەی تایبەتمەندی و شوناسە کەسیەکان، بەرە بەرە دورکەوتنەوە لە توانەوەی تاک لە ناو کۆمەڵدا، هابرماس دەریخست ئەفسانەی ڕۆحانیەتی سیاسی بەبێ عەقڵانییەت و دیموکراسی، تەنها دەبێتە پەرژینێک بۆ پاراستنی دەسەڵاتێکی ستەمکار .
PM:01:59:25/03/2026
ئهم بابهته 356
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی