چەل و مەل بە نادانیی

‌ڕەنگین مەلا سەمەد

تێر و پڕ بە! بە هزرو هەست، تا نەکەویە داوی نەفامی و ساویلکەیی ڕەوتارو گەمژەیی لە لاساییکردنەوه، کەموکورتیی لە دەستخستنی زانست و تێرنەکردنی مێشک، هەست و بیر بەرەو برسییبوون دەکات و ئامانج و ئایدیاکان بەرەو مشەخۆریی و سواڵکردن و لاساییکردنەوەو دەبات، بەڕادەیەک چاو هەمیشە تینووی پەیبردن و جۆرێک لە ئیرەیی ناپەسەندو ناڕەوا دەبێتەوە، بەو ئەندازەیەی تا ڕادەی کوێربوون و نەبینینی ڕاستییەکانی دەبات.

خۆهەڵواسین و خۆداپۆشین بە بەرگ و باڵای چمکی کەوای کەسانی دی، تووشی ڕووتبوونەوەو داماڵینی بەها مرۆییەکانت دەکات، تەفسیری ئەم جۆرە کردارە ناباوەش، بە لێکدانەوەی جۆرێک لە ئاڵۆزیی دەروونیی و هەستی خۆبەکەم دانان و شەپڕێویی ناخ و کردار لێکدەدرێتەوه.

هەوێنی سەرکەوتن و سەرفرازیی دەروون لە ڕکابەرییەکی تەندروستدایە، هەڵپەکردن و هەڵوەدابوون بۆ پڕکردنی هۆش و عەقڵ، چێژی ژیریی و داناییت پێدەبەخشێت، بەڵام خۆهەڵواسین و نادانیی، تام و تاسەی داهێنان و هێنانە کایەی جوانی و ڕکابەریی ئەخلاقیی ناهێڵێت، ئیرادە تێکدەشکێنێت، لە بەردەم هەموو هەنگاوێکی ژیان بۆ داهاتوو، تاسەی ناقۆڵا دروستدەکات.


با لەباربین، گەشە بە کارامەییەکان بدەین، بە فێربوون تێربین، بە جیاوازیی و چەلەنگیی پێشەنگبین، لەبری پاشکۆیی خاوەندارییەتی بکەین، ڕووناککەرەوەی بیرکردنەوەمان بین نەک سێبەری کەسانی تر، لەبری منەت و مەینەتباریی، بە چاندنی تۆوی بلیمەتیی شکست بە شکست بهێنە، کۆیلەبوون بۆ ناوبانگێکی بۆش و بەتاڵ، لە سڕبوونەوە بەرەو سڕینەوەت دەبات.

ئاوبازێ لە ئاوێک بە نەزانیی، نووقمت دەکات و هەناسەی ژیانت لێ قەتیس دەکات، هەندێ جار لاڵبی باشترە لەوەی بێسوود گۆ بکەی.


AM:10:17:23/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی