جەنگی ئێران لەنێوان ”گرێکوێرەی گۆردیۆن“ و ”سندوقەکەی پاندۆرا“دا
ئاراس فهتاح
کێشەی ئێران لەڕووی سەربازییەوە بووە بە ”گرێکوێرەی گۆردیۆن" بۆ ترەمپ و ناتانیاھۆ و لەڕووی دەرئەنجامە سیاسییەکانیشیەوە وەک ”سندۆقەکەی پاندۆرا"ی لێھاتووە. بۆئەوەی مەبەستەکەم باشتر بگات بە ڕوونکردنەوەیەکی خێرای پاشخانی ئەم دوو ئەفسانە یۆنانییەی ”گرێی گۆردیۆن" و ”سندوقەکەی پاندۆرا" دەستپێدەکەم.
دەستەواژەی ”گرێکوێرەی گۆردیۆن"، ئاماژە بە کێشەیەکی ئاڵۆز دەکات کە چارەسەرکردنی ئەستەمە، بەڵام بە بڕیارێکی ڕادیکاڵانە کۆتایی پێدەھێنرێت. ڕوودای ئەم داستانە لە پایتەختی ئیمپراتۆرییەتی ”فریجیا" ڕوویداوە کە ناوی "گۆردیۆن"ە. فرجینیا دەکەوێتە ئاسیای بچووک، ئەوکات یۆنانییەکان پێیان دەگوت ئەناتۆلیا، واتە ئەو شوێنەی خۆری لێ ھەڵدێت. پاشای ئەم ئیمپراتۆرییەتە ناوی ”میداس" بووە. ئەم پاشایە لە ”دیۆنیسۆس"ی خوداوەندی پیتوبەرەکەتەوە توانایەکی خودایی پێبەخشرا، بە چەشنێک دەستی بەر ھەر شتێک بکەوتایە دەیکرد بە ئاڵتون. ئەم توانا خوداییەی میداس لە نیعمەتەوە بووە نەفرەت، چونکە دەستی بۆ ئاو و خواردنیش ببردایە ھەر دەیکرد بە ئاڵتوون، تەنانەت کاتێک کچەکەی خۆشی لە باوەشگرت، کردی بە ئاڵتون. لە پایتەختی ئیمپراتۆرییەتەکەشیدا داستانێکی بەناوبانگ بووبوو بە وێردی سەر زمانی خەڵکی ناوچەکە. داستانەکە باس لە گالیسکەیەکی کۆن دەکات کە بە گرێیەکی ئاڵۆز بە دارێکەوە بەستراوەتەوە. گوایە ھەر کەسێک بیتوانیایە ئەو گرێیە بکاتەوە، دەبوو بە پاشای ھەموو ئاسیا. ساڵانێکی زۆر، پاڵەوان و کەسانێکی دیار و دانا ھەوڵیان دابوو گرێکە بکەنەوە، بەڵام ھیچیان سەرکەوتوو نەبوون و شکستیان ھێنابوو.
لەو سەردەمەدا کەس نەبوو ھێندەی ”ئەلکسەندەری مەزن" خەونی دەستبەسەرداگرتنی ئاسیا و بوون بە پاشای ئەو سەرزەمینەی ھەبووبێت. ھەر بۆیە لە ساڵی ٣٣٣ی پێش زاییندا و لەکاتی لەشکرکێشییەکەی بۆ داگیرکردنی ئاسیای بچووک، ئەلکسەندەری مەزن دەگاتە گۆردیۆن و دەچێتە ئەو شوێنەی کە گرێکەی لێیە، تاوەکو ئەویش بەختی خۆی تاقیبکاتەوە. ئەلکسەندەری مەزن کە دەگاتە ئەوێ، لەبری ئەوەی خەریکی کردنەوەی گرێکە بێت و بێھوودە بیر و کاتی خۆی بەفیڕۆبدات، شمشێرەکەی ھەڵدەکێشێت و بەیەک گورز گرێکە دەبڕێت و دەیکاتەوە، بەم چەشنە بە بەشێوەیەکی رادیکاڵانە کۆتایی بە نھێنیی و پرسی گرێکوێرەکەی گۆردیۆن دەھێنێت.
بەبۆچوونی من لێکچوونێکی دەلالیی سەرنجڕاکێش لە نێوان جەنگەکەی ترەمپ - ناتانیاھۆ دژ بە ئێران و داستانی گرێکوێرەی گۆردیۆندا ھەیە. ترەمپ و ناتانیاھۆ دەیانەوێت بەم جەنگەیان گرێکوێرەی ئێران بە میتۆدە رادیکاڵەکەی ئەلکسەندەر بکەنەوە و بە زەبری ھێزی یەکلاکەرەوە ببن بە سەرداری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لەوێشەوە نەخشەی ناوچەکە و جیھان بگۆڕن.
یەکێک لە گۆڕانە بنەڕەتییەکانی نەخشەی سیاسیی و سەربازیی جیھانی باستان لە لەشکرکێشییەکەی ئەلکسەندەرەوە بۆ سەر ئاسیای بچووک دەستیپێدەکات. بردەنەوەی ”شەڕی گرانیکۆس" دژ بە ھەخامەنشییەکان لە ئەناتۆلیا سەرەتای ئەم لەشکرکێشییە بوو. قۆناغی دووەمیش بە تێکشکانی داریوشی سێیەم لە ”نەبەردی ئیسۆس" (کە دەکەوێتە باکووری کوردستان و نزیک شاری ئیسکەندەرون) کۆتاییپێھات و لە کۆتاییشدا لە نەبەردی بەناوبانگی ”گاوگامێلا"دا (کە دەکەوێتە کوردستانی باشوور - لەنێوان دھۆک و ھەولێر) بۆ دواجار کۆتایی بە دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی ھەخامەنشییەکان ھێنرا و لەشکرە زەبەلاحەکەیان بۆدواجار تێکشکێنرا. دوای دۆڕانی شەڕەکە، داریوشی سێیەم، لە مەیدانی جەنگەکە ھەڵدێت و لە ئەکباتان (هەمەدانی ئێستا) خۆی دەشارێتەوە. دوای ماوەیەک لەلایەن خزمێکییەوە کە پاڕێزگاری ویلایەتێک بوو، بەناوی (بیسوس) خیانەتی لێدەکرێت و دەکوژرێت.
با لەوەوە دەستپێبکەین کە ترەمپ خۆی بە میداس (پاشای فریجیا) دەزانێت، چونکە بە شێوەیەکی سیستەماتیک وا خۆی نماییشدەکات کە سەرۆکێکی دەستڕەنگینە و دەست بۆ ھەرشتێک ببات دەیکات بە پارە. ئەو پلانێکی گەورەی بۆ ناوچەکە و جیھان داناوە کە دەتوانێت ملیاردەھا دۆلار بچنێتەوە. بۆ نموونە دەست بەسەر نەوتی ڤێنزوێلادا دەگرێت، دەیەوێت لە ڕێگەی پرۆژەی ئاوەدانکردنەکەی بۆ غەززە، کە بە ”سەودای سەدە" Deal of the Century ناسێنرا، بڕی ٥٠ ملیارد دۆلار لە غەززەدا وەبەرھێنان بکرێت و ئەمەش ببێتە خێروبێر بۆ فەڵەستینییەکان. دیارە لەتێگەیشتنی ترەمپدا کێشەی فەلەستییەکان، بە سەرمایەگوزارییەکی زەبەلاح چارەسەردەبێت. لە ئێستاشدا لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی نەوتی ئێرانەوە، بانگەشەی ئەوەدەکات مەزنێتی بۆ ئێران دەگێڕێتەوە و دەیکاتەوە بەو دەوڵەتە نایابەی کە ئەو دەیەوێت.
ترەمپ و ناتانیاھۆ بڕوای تەواویان بە مۆدێلی چارەسەرەکەی ئەلکسەندەرە بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، کە بە تێگەیشتنی ئەوان، کردنەوەی گرێ کوێرەکەی لە تارانی پایتەختەوە دەستپێدەکات. بە بڕوای ئەوان، کۆتاییھێنان بە گرێکوێرەی ئێران باشترین ڕێگایە بۆ بڕینی گوریسی پەیوەندیی ستراتیژیی ئێران لەگەڵ حەماس و حیزب اللە و حەشدی شەعبی و حوسییەکان. ترەمپ و ناتانیاھۆ بە ھەموو جەبەرووتی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازیی خۆیانەوە دەستیانکرد بە جەنگێکی دەستپێشخەرییانە، تاوەکو چارەسەرێکی بنەڕەتیی بۆ ئەو سەرئێشە موزمینەی، کە گرێ کوێرەکەی ئێران لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا دروستیکردووە، دابینبکەن.
جگە لەم پەیامە سەربازییە، ترەمپ و ناتانیاھۆ ڕێککەوتوون کە وەک چۆن ئەلکسەندەری مەزن توانی لە شەڕی گاوگامێلا کۆتایی بە ”ئیمپراتۆرییەتی فارسەکان" بھێنێت، ئاوھاش ئەمان دوای دووھەزار و سێسەد و چل و نۆ ساڵ دوای ئەلکسەندەر، جارێکی تر وەک ترەمپ دەڵێت کۆتایی بە ”ئیمپراتۆرییەتی خراپەکاریی" سەردارە ئێرانییەکان بھێنن. مۆدێلی چارەسەری گرێکوێرەی گۆردیۆن لەگەڵ ئێراندا مانای پەسەندکردنی بژاردەی ئەو چارەسەرە رادیکاڵەیە کە گفتوگۆ و دانوستان بە پێویست نازانێت و بە کات بەفیڕۆدانی دادەنێت، بۆیە بە زەبری سەربازیی یەکلاکەرەوە کێشەکە چارەسەردەکەن.
کێشەی دووەم ئەوەیە کە ترەمپ و ناتانیاھۆ سەرەڕای ئەوەی دەیانەوێت بە موشەک و بۆمب گرێکوێرەکەی ئێران بکەنەوە، بەڵام لەپاڵیدا ”سندۆقەکەی پاندۆرا"شیان بۆ ناوچەکە و جیھان کردەوە. بەپێی ئەفسانەکە سندوقی پاندۆرا چیرۆکی خوداوەندی گەورە (زیۆس)ە کە گوایە سندوقێک بە پاندۆرا (پاندۆرا یەکەم ژنە لای یۆنانییەکان کە وەک دایکی مرۆڤایەتی تەماشادەکرێت، ھاوشێوەی حەوا لای ئایینە ئاسمانییەکان) دەدات و فەرمانی پێدەکات کە بەھیچ کڵۆجێک سندوقەکە نەکاتەوە. بەڵام پاندۆرا گوێی لێناگرێت و حەزی زانینی ھێندە گەورە دەبێت، کە وای لێدەکات سندوقەکە بکاتەوە بۆئەوەی بزانێت نھێنییەکەی چییە و چی تێدایە. پاندۆرا نەیدەزانی کە بە کردنەوەی سندوقەکە ھەرچی دەرد، نەخۆشیی، جەنگ، دوژمنایەتیی و ئازاری دونیا ھەیە لێی دەردەچێتە دەرەوە و بە جیھاندا بڵاودەبێتەوە. کاتێک بە پەلە سندوقەکە دادەخاتەوە، تەنھا شتێک کە لەناو سندوقەکەدا دەمێنێتەوە، بریتییە لە ”ھیوا".
ترەمپ و ناتانیاھۆ جەنگێکیان بەرپاکردووە کە چەندە تیایدا ڕۆڵی کردنەوەی گرێکوێرەی گۆردیۆنی ئێرانی وەک ئەلکسەندەری مەزن دەگێڕن، ھێندەش بە جەنگەکەیان سندوقەکەی پاندۆرایان واڵاکرد و ھەرچی دەرد و بەڵا ھەیە لە ناوچەکە و جیھاندا بڵاویانکردەوە. بەکورتییەکەی پاش کردنەوەی سندوقەکەی پاندۆرای ئێران لەم جەنگەدا، ئەوەی ماوەتەوە تەنھا ”ھیوا"ی ئەوەیە کە دۆخەکە لەوە زیاتر خراپتر نەبێت و ئازار و نەھامەتی و جەنگ و کارەساتی گەورەتر بۆ گەلانی ناوچەکە و جیھانیش دروستنەبێت.
یەکێک لە ترسناکترین دەرئەنجامەکانی ئەم هاوکێشە سیاسییە ئاڵۆزە بریتییە لە پێشبینیینەکردنی دەرئەنجامەکانی ئەم لەشکرکێشییەی ترەمپ و ناتانیاھۆ بۆ سەر ئیمپراتۆرییەتی ئیسلامیی ئێران. گرفتی ستراتیژی ترەمپ و ناتانیاهۆ ھەرئەوە نییە کە پێیان وایە کردنەوەی گرێکوێرەی ئێران بە شمشێر کۆتایی چیرۆکەکەیە، بەڵکو لەڕاستیدا گرفتە گەورەکە لە ساتەوەختی بڕینی گرێکوێرەکەوە دەستپێدەکات، کە سندوقی پاندۆراش لەگەڵ خۆیدا دەکاتەوە و ھەموو بەستەرەکان دەپسێت. واتە ئەو شمشێرەی کە قفڵی ”گرێی ئێران" دەبڕێت، هەمان ئەو شمشێرەیە کە قفڵی سندوقی بەڵاکانیش دەشکێنێت.
لە ئێستاشدا دوای واڵاکردنی سندوقەکە، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا ھیچ هیوایەک لە ناو سندوقەکەدا ماوەتەوە، هیوایەکی ڕاستەقینە بۆ گەلانی ناوچەکە بۆ ژیانێکی ئازاد و ئاشتیی و ئارامیی، یان تەنها سەرابێکی سیاسییە کە بەڵا و نەهامەتییەکی گەورە بەدوای خۆیدا دەھێنێت؟
PM:07:41:18/03/2026
ئهم بابهته 772
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی