هەڵپەڕکێ لە نەورۆز دا نیشانەی شای و شادییە یان بەرگریی و بەگژاچوونەوە؟

‌شێرکۆ کرمانج و هەڵکەوت پشدەری

نەورۆزی ئەمساڵ لە دۆخێکدا ساز دەکەین کە ڕۆژاڤا خۆڕاگریی نواند، باشوور بوو بە گۆڕەپانی یەکبوونی کوردستانیان، ڕۆژهەڵات لە چاوەڕوانیی ڕزگاری و ئازادیدایە و باکوور ئارەزووی ئاشتییەتی. لە سۆنگەی ئەو دۆخەی ئێستا کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بەتایبەتی ڕۆژهەڵات، بە چاکی دەزانین کە فۆرم و شێوازی ئاهەنگگێڕان بە نەورۆزی ئەمساڵ ڕەنگدانەوەی دۆخی نیشتمان بێت. بۆیە واچاکە نەورۆزی ئەمساڵ نەورۆزی خۆڕاگری و پشتیوانی بێت لە ڕۆژهەڵات.

واچاکە لە نەورۆزدا ئاهەنگی خۆڕاگری بگێڕین و شایی بۆ پشتیوانی ڕۆژهەڵات بکەین. لەڕاستیدا، ئەمە ئەمڕۆ نییە کە نەورۆزی کوردان نەورۆزی بەرخودان و ڕاپەڕین و بەرەنگاربوونەوە بووە. کورد لە دێرزەمانەوە کە دەست لە دەست شایی کردووە، کە ژن و پیاو ڕەشبەڵەکیان بەستاوە، ویستویانە یەکبوونی نەتەوەیی نیشانی نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان بدەن. کاتێک کوردان بەڕیز قاچیان لە عەرد دەدەن و ڕمبەی پێیان دێت، بەداگیرکەران دەڵێن ئێمە بە ناخی ئەو زەوییەدا ڕۆچووین و کەس ناتوانێت ڕەگوڕیشەمان دەربێنێت.

کورد، نە وەک فارس، نە وەک عەرەب، نە وەک تورک، بە تەنیا سەما ناکات، ئەگەر ئەوان بۆ خۆشی سەما بکەن، ئەوا کورد هەڵپەڕکێ بۆ جەنگ، بۆ کار و تێکۆشان؛ بۆخەم و شیوەن؛ بۆ شادی دەکات. نەورۆزی کوردان هەمیشە بۆ هەموو ئەوانە بووە و هی ئەمساڵیش لەسەر هەمان ڕیتم و نەریت بۆ جەنگ و بۆ کار و بۆ خەم و بۆ شیوەن و بۆ شادییە.

کوردان لە نەورۆز دا کە شایی دەکەن و سەرچۆپی دەگرن هێما بۆ ڕێبەرانی نەتەوەکەیان دەکەین؛ کاتێک دەستماڵ دەلەرزێننەوە، هێما بۆ ئاڵای کوردستان دەکەن، کە ئاماژەشە بۆ بەگژداچوونەوە و ڕاپەڕین. لە شایی کوردەواریدا، ئەوەی کە هەم سەرچۆپی و هەم گاوان دەستماڵیان لەدەستە واتای یەکسانیی ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێمەیە؛ گرتنی دەستی یەکدی و لێکئاڵانی دەستی ژنان و پیاوان، هێمای یەکگرتوویی و پێکەوەیی نەتەوەیی و یەکسانیی ڕەگەزییە؛ هات و هاوار و قریوەقریوکردن لە ناو چۆپیکێشاندا بۆ ترساندنی دوژمن و ڕەواندنەوەی داگیرکەرە. نزم و بەرز بوونی جووڵەکان لە هەڵپەڕکێدا ئاماژەیە بۆ بۆسە نانەوە بۆ داگیرکەر؛ بازنەییبوونی شایی کوردان هێمایە بۆ باوەڕ بەیەکسانیی و ئاماژەیە بۆ سووڕی ژیان و سروشت کە لە نەورۆز دا دەگاتە ترۆپک.

لەبەرئەوە هەڵپەڕکێی کوردەواری تەنیا بۆ خۆشی و شادی نەهاتووە و مەبەستەکانی تەنیا بۆ ئاهەنگ و زەماوەندگرتن نییە، هەربۆیە کورد تەنانەت لە جەنگ و سەرکەوتنەکانیشدا، هەڵپەڕکێ ساز دەکات. چەند ساڵێک لەمەوبەر لە بەرەکانی جەنگی دژی داعش چەندین جار شەڕڤانان و پێشمەرگەکانمان شاییان کردووە و هەڵپەڕیون و ئەو چالاکییە ڕەگداکوتاوەی کوردەوارییان دووبارە کردووەتەوە. لەوێدا شانەکان دێنە تەک یەک و هەستی ئەندامبوون لە ناو ئەو کۆمەڵەدا برەو پێ دەدات، لەوێدا دەردەکەوێت پشت بەستن بە یەکتری و هاوشانبوونی ئەندامان چۆن بەهێزیان دەکات و لەبەرانبەر دوژمنانیان خۆیان ڕێک دەخەنەوە.

هەڵپەڕکێ، نەک تەنیا ورەی جەنگاوەران بەرز دەکاتەوە، بەڵکوو نیشاندانی یەکگرتوویی ئەندامەکانییەتی. هاوکات، هەڕەشەیە لە دوژمن و دەربڕینی هێزی کۆبوونەوەی کوردانە بەگژ دوژمناندا. کوتانی زەوی واتای بەرەنگاربوونەوەیە، هێرش و هەڵمەتبردنی کوردانەیە. لە دێرزەمانەوە هەڵپەڕكێ دوای سەرکەوتنەکان لە ناو کۆشکی پاشاکانیشدا، گێڕدراون.

لەوەش گرنگتر، کورد بۆ شەهید و بۆ مردووی گەنج شایی و هەڵپەڕکێی بەستووە و هەلهەلەی لێداوە. چەندین جار بیستوومانە کە تەرمی شەهید، تەرمی گەنج و لاو بە شایی و هەڵپەڕکێ پێشوازی لێ کراوە، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە ساتی پێشوازیکردن لە تەرمی شەهید ئەحمەد کەرکووکی کە لە ڕۆژاڤای نیشتمان گیانی بەخشی، خوشکان و دایکانمان لە هەولێر بە هەلهەلە لێدان تەرمی ئەو شەهیدەیان بەخێرهێنایەوە. کەواتە هەڵپەڕکێ و زەماوەندی کوردانە زۆر لە شادی و خۆشیی تێپەڕاندووە. لەبەر ئەو بەها و ئاماژە شاراوانەی تێیدایە، هەربۆخۆی بەرەنگاربوونەوەیەکی کولتوورییە لە دژی داگیرکەرانی کوردستان کە ساڵانە پیادە دەکرێت.

کورد لە درێژەی خەباتی ڕزگاریخوازی خۆیدا لەو نەتەوانەیە کارایانە توخمەکانی کولتوورەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوە بە کار خستووە. ئەوەی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لە نەورۆز دا هەیە، دەرکەوتنی نەورۆزی دژە-کۆلۆنیالیزمە لە هەرچوار بەشی کوردستان دا لە دژی نەیاران دەیگێڕن.

واتاکانی نەورۆز و بەرەنگاربوونەوە لە شایی و هەڵپەڕکێدا بەرجەستە دەبن و هەر ئەوانن بوونەتە توخمی سەرەکیی نەورۆزکردن. شایی و هەڵپەڕکێی کوردەواری توخمی جیاکەرەوەی نەورۆزی ئێمەیە لەگەڵ گەل و نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە.

پەیامی کوردستانیان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەبێت ئەوە بێت کە نەورۆز و شایی و هەڵپەڕکێی کوردان، تەنیا ئاهەنگگێڕان بۆ شادی نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی و ڕەتکردنەوەی فەرهەنگی لەخۆدان و خۆڕنین و قوڕپێوان.

کورد، کولتوور و فەرهەنگ و فۆلکلۆری، هەرنەبێ بۆ ٥٠٠٠ ساڵ، بە ناخی مێژوودا ڕەگی داکوتاوە. هەموو کەشی هەڵپەڕین و پۆشاکمان، خۆشەویستییە بۆ ژیان نەک چاوەڕوانی مردن.


PM:03:37:16/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی