یۆرگن هابرماس، فەیلەسوفی پۆست سێکۆلاریزم
د. ئەمیر حسێن
ڕۆژی شەممە 14ی ئازاری 2026 ، هۆگرانی دونیای هزرو فەلسەفە، بە دەم هەواڵێکی غەمگیننەوە بە ئاگا هاتنەوە ، هەواڵی ژیان ئاوایی یەکێک لە گەورەترین عەقڵە دێرین و پێشڕەوەکانی ئەم سەردەمە ، دوا ستونی قوتابخانە ڕەخنەییەکەی فرانکفۆرت . ( یۆرگن هابرماس )، ئەو ناوەی بۆ زیاتر لە حەوت دەیەی ڕابردوو، وەک ( ڕابەری عەقڵانییەت ) ، لە سەر ئاستی ئەوروپا و جیهان دەناسرا، لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد . هابرماس تەنها فەیلەسوفێکی ئەڵمانی نەبوو، بەڵکو پارێزەری هەمو ئەو بەها مرۆییانە بوو، ئەرستۆتێلیس بانگەشەی بۆ دەکرد ” مرۆڤ بوونەوەرێکی قسەکەرە " چونکە بەردەوام بانگەشەی ئەوەی دەکرد، دۆزینەوەی ڕێگە چارەی گونجاو بۆ ڕزگاربون لە بەردەم تەنگژەو ئاریشەکان، تەنها لە نێوان دێڕو پەیڤەکانی دایالۆگدایەو بەس .
هابرماس لە کاتێکدا دەرکەوت و درەوشایەوە، جیهان لە ژێر سایەی جەنگ و توندوتیژیدا دەیناڵاند . پڕۆژە فەلسەفییەکەی هەوڵێک بوو، بۆ گۆڕینی ئاراستەی مرۆڤایەتی لە (عەقڵی ئامرازی)، ” کە جیهان وەک ئامرازێک بۆ دەستەبەرکردنی دەسەڵات دەبینێت " ، بەرەو (عەقڵی پەیوەندیگەر) . پێی وابوو زمانی مرۆڤ بۆ ئەوە دروست نەبوە تەنها فەرمان دەربکات، یان زانیاری بگوازێتەوە، بەڵکو زیاتر بۆ ئەوەیە، مرۆڤەکان لە بەردەم یەکلاکردنەوەی پرس و قەیرانەکاندا، لە ڕێگەی دایالۆگەوە بگەنە ( لێک تێگەیشتنی هاوبەش) . هەر وەک چۆن خودی خۆی، دوای دیبەیتە دورودرێژە بەناوبانگەکەی، لەگەڵ ( جۆزێف ڕاتزینغر، کە دواتر بە پاپا پندکتی شانزەهەم هەڵبژێردرا)، لە سێکۆلارێکی توندەڕەوەوە بیروباوڕی گۆڕانی بەسەرداهات، گەیشتە ئەو بڕوایەی چیتر پێویست نیە سێکۆلارەکان، سەیری باوەڕداران بکەن وەک بێ عەقڵ وکۆنەپەرست، بەڵکو ئەوانە هاوبەشن لەگەڵماندا لەو نیشتیمانەدا ، تەنانەت گەیشتە ئەو باوەڕەی ئاین کۆگایەکی مەزنی ئەخلاقیە، عەقڵ ناتوانێت فەرامۆشی بکات، بۆیە گەشەی بە چەمکی ( کۆمەڵگا لە دوای سێکۆلاریزم ) دا، لە بەرامبەردا باوەڕدارانیش پێویستە ئەوە قبوڵ بکەن ، یاساکان لە دەوڵەتی نوێدا، لە عەقڵەوە سەرچاوە وەردەگرن، نەک لە دەقە ئاینیە پیرۆزەکانەوە .
یەکێک لە گەورەترین بەشداریەکانی هابرماس، لە فیکری سیاسیدا، بوژاندنەوەی چەمکی ” فەزای گشتی " یە (Public Sphere) . ئەو بەردەوام هۆشداری دەدا، دیموکراسی بە بێ گفتوگۆی ئازاد و بەردەوام، لە نێوان هاوڵاتیاندا، بە هێواشی دەمرێ و لە ناودەچێت . پێیوابو کاتێک سەرمایە و دەسەڵات دەست دەخەنە ناو کایە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان، ئیتر مەترسی داگیرکاری ( سیاسی و ئابوری ) لە فۆڕمی ئیمپریالیزمی جیهانی، بۆ سەر بنەماکانی ژیان و خێزان دەست پێدەکات، زمانی سەرمایە خۆی دەسەپێنێ بەسەر زمانی گفتوگۆی هاوبەش و یەکتر قبوڵکردندا . ئەمڕۆ لەکاتێکدا هابرماس ماڵئاوایی دەکات، جیهان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بەو ” فەزا گشتییە " هەیە، ئەو بەردەوام بۆی تێدەکۆشاوخەونی پێوە دەبینی ، تەنانەت دەستورێکی ئەخلاقی داڕشتبو، وەک بنەماو پرەنسیبی ( بارودۆخی نمونەیی گفتوگۆ ، Ideal speech Situation ) بۆ گەرەنتی دیبەتی سەرکەوتو، بە پێودانگی دیموکراسی . هابرماس لە کۆتا کتێبی شاکاری خۆیدا، بەناوی (مێژووی فەلسەفە ، وەک پڕۆژەیەک بۆ سەرهەڵدانی گفتوگۆی عەقڵانی )، جەختی لە وەسیەتە کۆنەکەی کردەۆتەوە، پێیوایە مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی ( فێربوونە )، ئەو لەو بڕوایەدا بوو، مرۆڤایەتی هەرچەندە تووشی هەڵە و جەنگ بێت، بەڵام توانای ئەوەی هەیە دواجار لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆعەقڵگەرایی خۆی ڕاست بکاتەوە.
ئەگەرچی هابرماس لەم ساڵانەی دواییدا، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە، سەبارەت بە هەڵوێستە سیاسییەکانی، بەتایبەت لە ئیمزاکردنی بەیاننامەیەک بۆ پشتگیری ئیسڕائیل، لە دوای 7 ئۆکتۆبەر ، بەڵام وەک بیرمەندێک ، توانی فەلسەفە لە ناو ژوورە داخراوەکان و تێزی تۆز لێ نیشتوی سەر ڕەفەی کتێبخانەکانەوە، بگوازێتەوە سەر شەقام و ناو فەزای گشتی، بۆیە شوێن دەستی لەم بوارەدا بۆ هەمیشە بە تۆخی دەمێنێتەوە. ژیانئاوایی هابرماس، ماڵاواییە لە سەردەمێک، هێشتا بڕوا بە ( هێزی وشە و زمانی گفتوگۆی لۆژیکی هاوسەنگ و دادپەروەرانە ) ، بەیەکجاری پەراوێز نەخرابو، لە پێناو هەژمونی هێزی سەرمایەو تەکنۆلۆژیادا . بەتایبەت لە جیهانێکدا، هەڵچونی شەپۆلەکان، بەردەوام لە نێوان زیادەڕۆیی لە دونیابینی ماتریالیزمی و جەمسەرگیری ئایدیۆلۆژیی ڕادیکاڵدا دەسوڕێنەوە، یۆرگن هابەرماس، وەک دوا پارێزەرو پاسەوانی ( پرۆژەی ڕۆشنگەری ) بە ویقاڕەوە وەستاوە . چونکا فەلسەفەکەی تەنیا بەشداریەکی خۆبەخشانەی فیکری نیە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو ( خەسڵەتە مرۆییانە ) ی بەهۆی شەڕ و تەکنەلۆژیاوە، ئێستا وێرانەیەو زیانی زۆری پێگەیشتووە.
کۆچی دوایی هابرماس، لەم ساتە وەختەدا ، دونیا بە دەست ئاشوبی شەڕانگێزانەوە، بەناو تونێلێکی تاریکدا تێدەپەڕێ، بێگومان بۆشاییەکی گەورە دروست دەکات، بەڵام وەک خۆی بەردەوام جەختی لەسەر دەکردەوە : ” هەرگیز فەلسەفە نامرێت مادام پرسیارەکان سەبارەت بە دادپەروەری و ئازادی هێشتا بەردەوام و پێویستن " .
PM:09:35:15/03/2026
ئهم بابهته 104
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی