کەرکوک و
گۆڕانێکی نوێی دیموگرافی نەرم

‌شوان داودی

شاری کەرکوک کە شارێکی فرە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیە و بە پایتەختی ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب و چەقی ململانێی ئەم دوو پێکهاتەیە لە عێراقی نوێدا ئەژمار دەکرێت ، بەپێی باڵا دەستی هێز و بەڕێوەبردنەوە بەدرێژایی مێژوی شارەکە پرۆسەی گۆڕانکاری دیموگرافیای تێدا پەیڕەو کراوە ، بە شێوەیەک کە ئەو شارە لە ئێستادا پێناسی کولتوری خۆی لە دەست داوە کە هەست بە نامۆیی گەورە دەکات و خۆی ناناسێتەوە.

لایەنێکی سەرەکی تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکان گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکانە ، کە کاریگەرییان لەسەر چەندین بوار هەیە وەک گەشەسەندنی ئابووری، بازاڕی کار و پەیکەری کولتووری کۆمەڵگاکان. گەشەی دانیشتووان و گۆڕانکاری لە دابەشبوونی جوگرافی و دیمۆگرافیای دانیشتووان هەم ئاڵنگاری و هەم دەرفەت دروست دەکات کە پێویستیان بە شیکارییەکی گشتگیر و نەرم و نیان هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا بگونجێن.

ئەم شارە لە ڕووی نەتەوەییەوە لە 3 پێکهاتەی سەرەکی کورد و عەرەب و تورکمان پێک دێت، کە لە ڕووی ئایینییەوە هەمویان موسڵمانن جگە لە کەمینەیەکی ئاشوری و کلدانی نەبێ کە کریستيانن.

لە ناو مەزهەبەکانی ئیسلامشدا هەرسێ پێکهاتەکە سونە مەزهەبن جگە لە بەشێکی تورکمانەکان نەبێ لە مەزهەبی شیعەن ، واتە زۆرینەی زۆری دانیشتوانی کەرکوک لە کورد و عەرەب و تورکمان موسڵمان و سونە مەزهەبن .

نە ئیسلام وەک و ئایین و نە سونەش وەکو مەزهەب نەیانتوانیوە جیاوازییە نەتەوەییەکان وەکو پێویست کاڵ و گرژیەکان خاو بکەنەوە .
لە دوای شکستی داعش و لاواز بوونی عەرەبی سونە و پاشەکشەی کورد و باڵا دەستی هێز لە لایەن عەرەبی شیعەوە شارەکە چووە ناو قۆناغێکی نوێ لە گۆڕینی دیموگرافیاوە.

سەرەتا بە نەرمی و لەڕێگەی دەستگرتن بەسەر جومگە ئابوورییەکان و سەپاندنی هەژمونی خۆیان بەسەر جوڵەی بازاڕدا لەڕێی دەستێوەردانەوە ، دواتر بەهۆی ناکۆکی نێوان پێکهاتە نەتەوەییەکان و ناكۆکی نێوان هێزە سیاسیەکانی ناو هەر یەکێک لەو پێکهاتانە کە نەیانتوانی پێکەوە هەڵکەن ، دەرفەتی دەستێوەردانی بەڕێوەبردنیشی بۆ ئەو هێزانە ڕەخساند ، هێزە شیعە گەراکان ئەو هەلەیان قۆستەوە و بوونە عەڕابی پێکهێنانی ئیدارەیەک لە ژێر هەژمونی ئەواندا بێت ، کە لە ڕێگەیەوە سەرکەوتوو بوون لە سەپاندنی هەژموونیان و ڕەنگڕێژکردنی شار بە وێنەی مەرجەع و ئیمام و سەرکردەو و فەرماندە و قوربانیەکانیان و بە گۆڕینی ناوی شەقام و پرد و قوتابخانە و بازاڕ ، سەپاندنی کولتوری مەزهەبی خۆیان و بە پشوو کردنی یاد و بۆنە مەزهەبیەکانیان و سەپاندنی بەسەر شارەکەدا .

بەپێی لێکۆڵینەو زانستیەکان لەو بارەیەوە ، گۆڕانی دیمۆگرافی پرسێکی سەرەکییە لە پلاندانانی داهاتوودا، چونکە تەنیا دیاردەیەکی ژمارەیی نییە بەڵکو بە قووڵی لەگەڵ کولتوور و ئابووریدا تێکەڵ بووە، بۆیە داڕشتنی سیاسەتی بەردەوام پێویستی بە تێگەیشتنێکی گشتگیر هەیە لەم پەیوەندییە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی نەرمی بازاڕی کار و پەرەپێدانی سەرمایەی مرۆیی. 

داهاتووی کۆمەڵگاکان بەندە بە توانای گۆڕینی ئاڵناگارییە دیمۆگرافیەکانەوە بۆ دەرفەتی گەشەپێدانی ڕاستەقینە، کە لەسەر بنەمای هۆشیاری کولتووری و داهێنانی ئابووری دامەزراوە.

ئەگەر لەو ڕوانگەیەوە بڕوانینە ئەو گۆڕانکارییە دیموگرافیانەی ئێستا لە شارەکەدا لەلایەن شیعەکانەوە بەهۆی باڵادەستی هێز و هەژمونیان بەسەر ئیدارەی شارەکەدا ئەنجام دەدرێت و خۆمان لێی کردوە بە کەڕەی شەربەت ، ئێمەی کورد لە کەرکوک لە بەردەم پێشهات و کارەساتێکی تری گەورەداین سەرباری گۆڕانکاری دیموگرافی ئیتنی گۆڕانکاری دیموگرافی مەزهەبیش لە پەرەسندێکی خێرادایە .
........
سەروتاری ژمارە 813ی
ڕۆژنامەی هەواڵ


PM:06:01:15/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی