کۆماری پاسداران و پرنسیپی ھانیباڵ

‌ئاراس فه‌تاح

جەنگێکی گەورە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ئاساییشی چواردە دەوڵەتی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ خستۆتە مەترسییەوە و کاریگەرییەکانیشی بۆ سەر ئاساییش و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی جیھان، کارەساتبارە. چاودێرانی دۆخەکە لەسەر ئەو ڕاستییە سانایە کۆکن کە ئەستەمە تەنھا لەڕێگای ھێرشی ئاسمانییەوە سیستەمی سیاسیی ئێران بگۆڕدرێت یان بڕوخێنرێت. لەبری ھێرشی ئاسمانی سێ ڕێگای تر ھەیە بۆ کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتدارێتی ڕژێمە تیۆکراسییەکەی ئێران. یەکەمیان ناردنی ھێزی زەمینییە، دووەم، ڕاپەڕین و شۆڕشە و سێیەمیش، کودەتایە کە دەشێت ناوەکیی بێت و ھێزی ناوخۆیی بەو کارە ھەڵسێت، یان دەرەکیی بێت لە وێنەی دوبارەکردنەوەی ئەزموونی ئەمریکا لە ڤێنزوێلا.

تا ئێستا ھیچ ئاماژەیەک بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران لەڕێگای ناردنی ھێزی سەربازییەوە بوونی نییە. گرنگترین ڕێگرییەکان بۆ ئەم پلانەش بریتین لە: یەکەم، ڕای گشتی ئەمریکیی بەم بژاردەیە ڕازی نابێت. دووەم، ترەمپ تاکڕەوانە لەگەڵ ناتانیاھۆ بڕیاری جەنگیان دژ بە ئێران دەرکرد و ھیچ دەوڵەتێکی تریان لەم پلانەدا بەشدارنەکرد. ئەوەی ڕوویدا تێوەگلانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیھان بوو لەم زۆنگاوی جەنگە و ھەڵگرتنی ناچاریی بارەکەی. ترەمپ ئامادەنەبوو ھاوپەیمانییەکی نێونەتەوەیی دروستبکات، تاوەکو بتوانێت شەرعییەتی نێونەتەوەیی بە جەنگەکەی بدات و ئەرک و بارگرانیی و ڕیسکەکانیشی لەگەڵ ھاوپەیمانەکاندا دابەشبکات. بەپێچەوانەوە، ئەوەی ئەم پیاوە کردی شێواندنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بێماناکردنی ڕۆڵی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) بوو. بەم چەشنە، بەدەر لەوەی چەندە دڵخۆشبین بەوەی ئەم سیستەمە مەترسییدارەی ئێران کۆتاییپێبێت، بەڵام دروستنەکردنی کۆدەنگییەکی جیھانیی لەسەر لێدانی ئێران، وادەکات شەرعییەتی نێودەوڵەتیی ئەم شەڕە بکەوێتە ژێر پرسیاری گەورەوە و یاسای جەنگەڵستان بەرقەراربێت.

ڕێگای دووەم بۆ ڕوخاندنی رژێمەکە بریتییە لە شۆڕش. دیارە شۆڕش بڕیارێک نییە ترەمپ لە واشنگتۆنەوە بۆ گەلانی ئێران دەریبکات، ساڵانێکە ھاونیشتیمانیانی ئێران لەگەڵ سیستەمە وەحشەتگەرەکەیان لە شەڕێکی دەستەویەخدان و ئەمریکا و خۆرئاواش جگە لە تەماشاکەرێکی پاسیڤ ھیچ ڕۆڵێکی تریان نەبووە. چ ڕیاکارییەکە تۆ لە کۆمەڵگایەکی بریندار و ماندووی جەنگ و سیستەمەکەی، کە لە بەرخۆدانی چەند ساڵەیدا دەیان ھەزار قوربانیی داوە، بە سەدان ھەزاری لەناو بەندیخانەکاندان و بە سەدانیش لەسێدارەدراون، داوای شۆڕش بکەیت. لە ڕۆژی یەکەمدا جگە لە ڕابەری ڕوحیی سیستەمەکە، چەندین سەرکردەی سیاسیی و سەربازیی دەوڵەت کوژران، بەڵام ئەم ھەژانە گەورەیە نەبووە ھۆی سەرھەڵدانەوەی ڕاپەڕین بۆ ڕووخانی سیستەمەکە، یان کودەتا لەناویدا. لە ئێستادا ھەم ترەمپ و ناتانیاھۆ لە دۆخەکە نائومێدن، ھەم گەلانی چەوساوەی ئێران و ناوچەکە، بەڵام بە دوو مانای جیاواز.

ڕێگای سێیەم، کودەتایە. کودەتای ناوەکیی ھەموو دەرگاکانی داخراوە، چونکە لەشکری ئێران ئەو لەشکرەی سەردەمی شا نییە کە لە قۆناغێکدا لە ڕژێمی بادشایەتی ھەڵگەڕایەوە، نە کودەتای دەرەکییش لەنموونەی دووبارەکردنەوەی ئەزموونی فێنزوێلا لە ئێران وەک ترەمپ شانازی پێوەدەکرد، قابیلی جێبەجێکردنە. گەرچی لەڕووی تیۆرییەوە بژادەری کودەتا ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام لە واقیعدا کاڵفامییەکی سیاسیی و سەربازیی گەورە و تێنەگەیشتنە لە مێژوو و کولتووری سیاسیی ئێران و ناوچەکە گەر بتەوێت ئەزموونی کاراکاس لە تاران دووبارەبکەیتەوە.

بۆ لێکدانەوەی ئەم بارودۆخە دەبێت لە وەڵامی ئەو پرسیارەوە دەستپێبکەین، ئاخۆ سەرەڕای ئەم ھەموو ڕاکێتباران و ھێرشە ئاسمانییە سەختە و کوشتنی ڕابەر و ژمارەیەکی بەرچاوی نوخبەی دیاری دەسەڵاتدارێتییەکە و ھەموو ئەو خەباتە مەدەنییە گەورانەی ساڵانی ڕابردوو، ھۆکاری نەڕوخان و مانەوەی ئەم دەسەڵاتدارێتییە چییە و چ میکانیزمێک لەپشت ڕاگرتن و پاراستنی ئەم سیستەمەوەیە؟
بۆئەوەی لە ڕەھەندێکی گرنگی شێوازی ئیشکردنی سیستەمی ویلایەتی فەقیھە و جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلش دژ بە ئێران تێبگەین، دەبێت بگەڕێینەوە سەر یەکێک لە پایە گەورەکانی پرسی دەسەڵات و توندتوتیژی کە مەکیاڤێللی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی ”میر" بڵاویکردۆتەوە. سەرەتا با لە ڕستە بەناوبانگەکەیەوە دەستپێبکەین کە دەڵێت، ” گەر وەک دەسەڵاتدار ناچاربوویت لە نێوان ترس و خۆشەویستییدا یەکێکیان ھەڵبژێریت، ئەوا زۆر سەلامتترە لێت بترسن وەک لەوەی خۆشیان بوێیت". مەکیاڤێللی سەرسام بوو بە ستراتییژەکانی یەکێک لە بەناوبانگترین جەنەڕاڵە سەربازیییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی کە (ھانیباڵ بارکا)ی قرتاجی بوو. بەبۆچوونی ئەو، ھانیباڵ یەکێک بوو لەو سەرکردە ناوازانەی مێژوو کە توانی لەڕێگای ترس، توندوتیژیی، تاڵانکاریی، ناپاکیی و بێوەفاییەوە دژ بە ڕۆمەکان بوەستێت کە خاوەنی گەورەترین ئیمپراتۆرییەت و بەھێزترین لەشکری ئەو سەردەمەی خۆیان بوون. ھانیپاڵ نەک تەنھا ترس و توندتوتیژیی ڕەھای دژ بە ڕۆمەکان بەکارھێنا و توانی بەم میکانیزمە ئاڵنگاریی ئیمپراتۆرییەکەیان بکات و دڵەڕاوکێیان لادروستبکات، بەڵکو ھاوکات توانی لەڕێگای ئەم ستراتیژەوە یەکێتی ناوەکیی لەشکرە فرەنەتەوە و فرەئەتنییەکەشی بپارێزێت. دەوڵەتە پۆلیسییەکەی ئێرانیش بەھەمان میکانیزمی وەحشەتگەریی کاردەکات. ترس و توندوتیژیی بوونەتە فاکتەری سەرەکیی پاراستنی سیستەمەکە و یەکانگیریی ناوەکیی و ھێشتنەوەی یەکێتیی دەوڵەتێکی فرەنەتەوە و ئایین و ئایینزا.

ترس و توندوتیژیی ڕەھا لەناو سیستەمە تۆتالیتێرە ئایدیۆلۆژییەکانی وەک ئێران، تەنھا ئامرازێک نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا، بەڵکو ئامانجێکە بۆ دیسپلینکردنی جەستەی سیاسیی دەوڵەتەکەش. دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران پشت بە لەشکری تەقلیدیی نابەستێت بۆ پاراستنی ناوەکیی و دەرەکیی سیستەمە داخراوەکەی، بەڵکو پشت بە ڕێکخستنێکی تۆکمەی تەونئاسا دەبەستێت کە زەمانەتی ڕامکردنی ڕەھای کۆمەڵگا دەکات.

ڕژێمی ئێران زیاتر لە حەڤدە دەزگای ئەمنیی جیاوازی دروستکردووە بۆ پاراستنی سیستەمەکەی. ھەر یەک لە دەزگای وەزارەتی ئیتڵاعات، دەزگای هەواڵگریی سەر بە سوپای پاسداران، پۆلیسی هەواڵگریی و ئاسایشی گشتیی "پافا - PAFA"، بەشدارن لە چاودێرییکردن و کۆنترۆڵکردنی بەردەوامی کۆمەڵگا. بە ڕای چاودێران، ھەرچەندە ململانێی دەسەڵات لە نێوان ئەم ئۆرگانەدا ھەیە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بۆ پاراستنی ڕژێمەکە بە شێوەیەکی ئاسایی پێکەوە کاردەکەن.

ژمارەی سوپای پاسداران لەنێوان 190,000 تا 200,000 ئەندام ھەژماردەکرێت و لە پێنج لقی سەرەکی پێکدێت کە ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی ڕێبەری باڵادا کاردەکەن. هێزی زەمینی، زیاتر لە 150,000 کەس (گەورەترین بەشی سوپایە). هێزی دەریایی، نزیکەی 20,000 کەس (بەرپرسن لە کەنداو و گەرووی هورمز). هێزی ئاسمانی: نزیکەی 15,000 کەس (بەرپرسن لە بەرنامەی مووشەکی و درۆن). هێزی قودس کە نزیکەی 5,000 تا 10,000 کەس (بەرپرسن لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات). لە کۆتاییشدا بەسیج بە گەورەترین ڕێکخراوی میلیشیای مەدەنیی لە جیهاندا ھەژماردەکرێت. ژمارەی ئەندامانی ئەم دەزگایە بە پێنج بۆ شەش ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت. بنکەکانیان لە سەرانسەری ئێراندا لە 50,000 شوێندا ھەن و بە کۆڵەکەی سەرەکی رێکخراوەکە ھەژماردەکرێن (*). کۆی ئەم ئۆرگانانە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەژێر چاودێریی ڕێبەری باڵادان و پێش کوشتنی خامەنەئیش لەژێر کۆنترۆڵی موجتەبای کوڕییدا بوون.

پاسداران و بەسیج دوو ھێز و ئۆرگانی چەکداری ئاسایی دەوڵەتیی نین، بەڵکو ئەو بەشە سەربازییە باوەڕدارەن (عەقائیدی) کە یاساناسی ئەڵمانیی (کارل شمیت) وەک نموونەیەکی باڵای سەربازی ئایدیۆلۆژیی بۆ بەرگرییکردن لە دەسەڵاتدارێتی نازییەکان باوەڕی پێبوو. بە بۆچونی ئەو جەوھەری سیاسەت لەسەر جیاکردنەوەی دۆست و دوژمن وەستاوە.

سەربازی عەقائیدی وەک سەربازی تەجنیدکراو ناجەنگێت، بەڵکو ئەو دوژمن وەک ھەڕەشەیەکی وجوودی دەبینێت کە دەبێت لەناوببرێت. بە پێچەوانەی سەربازی ئاساییەوە، ئەندامانی ھەردوو ئۆرگانی پاسداران و بەسیج بە ئایدیۆلۆژیای ویلایەتی فەقیھە گۆشکراون و وەلائەتێکی ڕەەھایان بۆ ڕابەرەکەیان ھەیە و ئامادەی شەھادەتن، چونکە دەزانن کە بوونیان بە سیستەمەکەوە بەندە. مەکیاڤێللی لێرەدا بەرچاوڕوونیمان دەداتێ کە دەوڵەتی ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر کۆمارێکی وەحشەتناک و ترسئاوەری لە ڕێگای توندوتیژیی ڕەھاوە بونیادناوە کە تاوەکو ئەم چرکەساتە توانیویەتی رێکخستنی ناوەکیی سیستەمەکەی ڕابگڕێت. لێرەوە لەو نھێنیە تێدەگەین بۆچی ئەو ھەموو ڕاپەڕینە جەماوەرییانەی ساڵانی ڕابردوو کپدەکران و بۆچیش سیناریۆی ڤێنزوێلا لە ئێراندا دووبارە ناکرێتەوە.

”ئۆپەراسیۆنی توڕەیی داستانئامێز" و ”نەڕەی شێر"ی ئەمریکیی و ئیسرائیلیی ئەو ستراتیژە ھانیباڵییە بوو کە دەیویست لە دوو ڕێگاوە ترس و ھەژان لەناو سیستەمی سیاسیی ئێراندا بەرھەمبھێنێت. یەکەمیان لەڕێگای بەکارھێنانی زەبروزەنگێکی لەڕادەبەدەرەوە وا لە ھەموو ئەندامێکی ناو سیستەمەکەی ئێران بکات ترسیان لە ترامپ و ناتانیاھۆ زۆرتر و گەورەتر بێت وەک لە خامنەئی. لەلایەکی ترەوە ترەمپ خوازیاری ئەوەبوو خۆی وەک فریادڕەسێک بۆ گەلانی ئێران نماییشبکات و دەیوست لەڕێگای بۆمباردمانێکی چڕەوە کۆتایی بەو ترسە بھێنێت کە تاکی ئێرانیی لە سیستەمەکەی ھەیەتی. ترەمپ مەبەستی بوو ھەمان ئەو بۆچوونەی مەکیاڤێللی بھێنێتە دی کە دەڵێت، ”گەر میر نەیتوانی بەردەوامیی بە سزا و ترس لە وڵاتەکەیدا بدات، ئەوا ھەیبەتی خۆی لای رەعیەتەکەی دەدۆڕێنێت".

بەکارھێنانی جەبەروتێکی گەورەی سەربازیی بۆ شکاندنی خەرمانەی ترس لای تاکی ئێرانی، ئامانجی ئەوە بوو پێیان بڵێت کە زوڵموزۆری سیستەمی مەلاکان ئەوەنیە کە بانگەشەی بۆ دەکەن. بۆ ئەم مەبەستەش ترەمپ و ناتانیاھۆ داوای ڕاپەڕین و شۆڕشیان لە میللەتانی ئێران دەکرد و خەریک بوو کوردی ڕۆژھەڵات و باشووریشی تێوەگلێنن.

چەندە ئاست و قوڵایی توندوتیژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئێراندا زیاتر بێت و پەلاماری ڕاستەوخۆی ژێرخانی ئابووریی نەوتیی و وزەی وڵاتەکە بدرێت و خەڵک و ناوچە مەدەنییەکان بەرکەون، ئەوەندەش توڕەیی و سکاڵای ھاونیشتیمانیان زیاتر دەبێت و بژێویی و ژینگەی ژیانیان ژەھراویتر دەبێت. بۆیە دەشێت ئەم ستراتیژە سەربازییە کاردانەوەی پێچەوانە بەرھەمبھێنێت و ڕژێمی ئێرانیش بە گەورەکردنەوەی سنووری جەنگەکە و کردنی بە جەنگێکی ھەرێمیی گەورە کە ھەموو ناوچەکەی پێوە بسووتێت، گرەو لەسەر ئەوە دەکات سزادانی دەسەڵاتەکەی ببێت بە فەوزایەکی گەورە و دروستکردنی ڕق لای دەوڵەتانی ناوچەکە. مەکیاڤێللی ڕق وەک کێشەیەکی ئەخلاقیی تەماشا ناکات، بەڵکو وەک مەترسییەکی پراکتیکی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. ھەرکاتێک ترس لە دەسەڵاتداران گۆڕا بۆ ڕق لە ڕزگارکەران، ئەوە مانای ئەوەیە کە ھەڵەیەکی ستراتیژیی لە پلان و ئامانجەکانی جەنگدا ھەیە.


(*): بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە: https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/irans-coercive-apparatus-capacity-and-desire


PM:04:59:12/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی