میدیا؛ وەک بەڵا، یان وەک قەڵا
نهرمین عوسمان
دیارە، میدیا، بە هەموو چەشنەکانییەوە، لە ئامرازە کاریگەر و گرنگەکانە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان و داڕشتنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و ئاراستەکردنی بیروڕای گشتی، بەتایبەت کە توانایەکی بەرچاو و فراوان و خێرای هەیە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و رووماڵ و لێکدانەوەی رووداوەکاندا، بەڵام بەرپرسیارێتییەکەی تەنیا لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکاندا نییە و لەوە گەورەترە؛ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەقامگیریی کۆمەڵگە و پێشخستنی بەهاکانیش لەخۆ دەگرێت.
هەر کاتێک میدیاکان لەم بەرپرسیارێتییە لا بدەن و پابەند نەبن بە پرنسیپەکانی ئاسایشی نەتەوەیی، کاردانەوەی نەرێنی بۆ نیشتمان و دەوڵەت و کۆمەڵگە دروست دەکەن. بۆ نموونە؛ بڵاوکردنەوەی بێدەربەستانەی دەنگوباس و زانیاریی هەڵە و نادروست لە نێو خەڵکدا، لەدەستدانی متمانە بە دامەزراوە فەرمییەکان و خودی میدیاکەشی لێ دەکەوێتەوە. هەروەها دەبنە فاکتەرێک بۆ هاندانی ناکۆکیی لەنێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگە؛ جا چ تائیفی بێت، یان ئیتنیکی، یاخود سیاسی... بەمەش یەکێتیی نەتەوەیی لاواز دەبێت و ئاشتی و سەقامگیریی کۆمەڵگە دەکەوێتە مەترسییەوە.
جگە لەوەش، گەر میدیا بە شێوەیەکی لایەنگرانە کار بکات، هۆکار دەبێت بۆ زیادبوونی گرژی و دووبەرەکی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و دواتریش نێوان هاوڵاتیان. تەنانەت میدیای نابەپرس، زۆر جار بەشدارە لە لەکەدارکردنی وێنەی پارتەکان و دەوڵەت لە بەرچاوی بیروڕای گشتیی نێودەوڵەتیدا و کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی دەرەوەش دەبێت.
لێرەدا هەندێک لەو کارانە دەخەینە روو، کە بەهۆیانەوە میدیاکان دەتوانن ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانیی تێک بدەن:
• بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و هەواڵی ساختە؛ کاتێک هەندێک دەزگای راگەیاندن زانیاریی پشتڕاستنەکراوە، یان هەواڵی ساختە بڵاو دەکەنەوە، بیانەوێت یان نەیانەوێت، دەبنە هۆی هاندانی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان، بۆ نموونە؛ بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی فەیک دەربارەی کەمیی خۆراک لە کاتی جەنگ، یاخود دۆخێکی ناجێگیردا، وا لە خەڵک دەکەن بکەونە کڕین و کۆکردنەوەی خۆراک و زیادەڕۆیی لە کڕین و هەڵگرتندا، کە ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی راستەقینە لە بازاڕدا.
• ئاشکراکردنی زانیارییە هەستیارەکانی دەبارەی ئاسایش و وردەکارییەکان لە بارەی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان، یان سەربازییەکان؛ ئەمەش وا دەکات هێزە ئەمنییەکان و سەربازەکان و خودی ئۆپەراسیۆنەکەش بکەوێتە مەترسییەوە، دەرفەتێکیشە بۆ گرووپە دژەکان تا خۆیان ئامادە بکەن، یان شوێنەکەیان جێبهێڵن. لە شەڕی داعشدا نموونەی لەو شێوەیەمان زۆرە.
• کاتێک رووداوێکی بچووکی ئەمنی لە قەبارەی خۆی و زیاد لە پێویست گەورە دەکرێت و وەک قەیرانێکی گەورە وێنا دەکرێت، ئەمە وا دەکات ترسی زۆر لەناو خەڵکدا بڵاو بێتەوە و متمانە کەم دەکاتەوە.
• هاندانی توندوتیژی، یان رق و کینە و گوتاری توندڕەوانە، کە هۆکارن بۆ زیادبوونی گرژییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێ.
• کارکردنی مەبەستدارانە و ئاراستەکراو و لایەنگرانە بۆ جوانکردن و باشکردنی لایەنێک و ناشرین و خراپکردنی لایەنی بەرانبەر، کە ئەمەش لێکەوتەی خراپ و بێمتمانەیی لێ دەکەوێتەوە.
لە مێژوودا نموونەمان زۆرە، کە میدیا رۆڵی زۆر خراپیان گێڕاوە؛ وەک رۆڵی میدیاکان لە جینۆسایدی رواندا لە 1994، دزەپێکردنی بەڵگەنامەکانی پنتاگۆن لە ئەمەریکا لە 1971، رووماڵکردنی میدیایی ئاراستەکراو و مەبەستدارانە لە سەردەمی بەهاری عەرەبی لە 2011 (بۆ نموونە؛ کەناڵی جەزیرە)، زیادەڕەوی لە رووماڵکردنی هێرشە تیرۆریستییەکاندا...
لەبەر ئەوە، میدیا، وەک شمشێری دوو سەرە وایە، دەکرێت ئامرازێک بێت بۆ بنیاتنان و هۆشیاری و بەهێزکردنی سەقامگیری، یان ئامرازێک بۆ دروستکردنی ئاژاوە و لاوازکردنی کۆمەڵگە... بۆیە گرنگە میدیاکان پابەندی سنوور و بەرپرسیارێتییەکانی پیشەکەیان بن و هاوسەنگیی رابگرن لەنێوان ئازادیی رادەبڕین لەگەڵ بەرپرسیارێتیی نیشتمانیدا، بەجۆرێک، کە لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی و ئاسایشی نەتەوەییدا بن.
PM:10:11:10/03/2026
ئهم بابهته 164
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی