ئێران و تورکیا لەبەردەم نەخشەی نوێن
حەسەن ئەحمەد مستەفا
کاتێک لە ڕۆژی یازدەهەمی ئەو جەنگە دوازدە ڕۆژەیەی کە چەند مانگێک لەمەوبەر ڕوویدا، ئاسۆی جەنگەکە بەرەو وەستان دەچوو، خوێندنەوەی من بۆ دۆخەکە ئەوە بوو کە ئیسرائیل لە قۆناغی "نادڵنیایی ئاسایشدا" دەمێنێتەوە و تاران توانیویەتی "مانەوەی نیزام" مسۆگەر بکات. ئەو کات هاوکێشەکە هێشتا لەسەر بوونی سەکۆگەلی مووشەکی فرە بە یەدەگێکی گەورەوە، کارگەی زۆری درۆن، بنەمای جەنگی بە وەکالەت و پاراستنی سەروەریی خاکی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی بوو. بەڵام ئەمڕۆ لە سەرەتای 2026دا، لە کاتێکدا زۆرێک دەپرسین: ئێمە لەکوێین؟، وەڵامەکە وەرچەرخانێکی دراماتیکی بەخۆوە بینیوە. وەستانی جەنگ لەم ساتە وەختەدا، ئیسرائیل لە نادڵنیایی ستراتیژییەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی "سەپاندنی ئیرادە"، لە بەرامبەریشدا ئێران لە قۆناغی "مانەوەی نیزام"ەوە گوازراوەتەوە بۆ قۆناغی جێگیرکردنی "ڕێبەری نوێ". پڕۆسەیەک کە تێیدا، سەرەڕای دۆخی سەختی ئێران لە ناوخۆ، دەرەوە، لە وشکانی و ئاودا، تەواوی سەرنجی لەسەر پاراستنی هێڵی ڕێبەرایەتییە. بۆ نوخبەی دەسەڵاتداری ئێران، پاراستنی بەهاکانی ئیمام لە هەموو شتێک گرنگترە، بۆیە ئێستا تواناکانی تەنها بۆ ڕێکخستنەوەی پەیکەری دەسەڵاتەکەی تەرخان دەکات. دۆناڵد ترەمپ لە یەکێک لە وتارەکانیدا ئاماژەی پێدا کە "ئێران لە ترساندنی وڵاتانەوە چۆتە قۆناغی سوودوەرگرتن لە کات بۆ پاراستنی پایەکانی نیزام"، ئەمەش لە بەراوردی دۆخی دارایی و سەربازیدا ڕەنگی داوەتەوە.
لە جەنگی چەند مانگی ڕابردوودا، تاران هێشتا خاوەنی ئابووری جەنگ بوو کە توانای تەمویلکردنی باڵەکانی هەبوو. بەرەیەکی لە پشتەوە بەڕووی ئاسیادا هەبوو کە دەیتوانی ملیاران دۆلار لە چین و ئاسیای ناوەڕاستەوە بەدەستبێنێت، بەڵام ئەمجارە بەرەی پشتەوە چیتر بەشداری لە پارەدارکردنی ئێراندا ناکات. ئەمڕۆ، ئێران لەژێر قورسترین گەمارۆی مێژوویی (SHIP Act) و داڕمانی بێوێنەی بەهای دراوەکەیدایە. ڕاپۆرتە نوێیەکانی ئینستیتوتی واشنتۆن (WINEP) ئاماژە بەوە دەکەن کە "ئێران گەیشتووەتە قۆناغی سەختی ستراتیژی؛ تێچووی جەنگ چیتر تەنها ناردنی پارە بۆ میلیشیاکان نییە، بەڵکو کاولبوونی ژێرخانی وزە و لەدەستدانی ملیاران دۆلارە لە جەرگەی تاراندا". ئەم داڕمانە وای کردووە کە ئێران بۆ هەرێمی کوردستان چیتر ئەو دراوسێیە نەبێت کە بە نەرمەهێز کێبڕکێ بکات، بەڵکو وەک شاپوور بەختیار کاتی خۆی هۆشداری دابوو: "سیستمێک کە لەسەر بنەمای توندوتیژی دامەزرا بێت، لە کۆتاییدا توندوتیژییەکە دەگوازێتەوە ناو ماڵی دراوسێیەکانیشی". ئەو درۆنانەی لە ئاسمانی هەرێمدا دەتەقێنرێنەوە، گوزارشتن لە گۆڕانی ستراتیژیی تاران لە "کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە"وە بۆ "بەکارهێنانی هەرێم و عێراق وەک قەڵغانی مرۆیی".
لەم گێژاوەدا، دۆخی کوردستانی ئێران (ڕۆژهەڵات) لەبەردەم واقیعێکی تەمومژاویدایە. سەرەڕای لاوازیی دەسەڵاتی ناوەندی لە ناوچە ستراتیژییەکان، بەڵام هێشتا سانسۆر و هێزی بەرپەرچدانەوەی لە ڕۆژهەڵاتدا بە چڕی ماوەتەوە. هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی سنوور، توانای گۆڕینی هاوکێشە سەربازییەکانیان لە ناوخۆدا نییە و پڕوپاگەندەی حیزبی هیچ لە واقیعی ئەمنی ناگۆڕێت. کوردی ڕۆژهەڵات، بەهۆی ئەزموونی پارچەکانی تر، ناچێتە ناو ڕیسکێکی بێسەروبەرەوە؛ چونکە تا ئێستا بژاردەی "ڕووخانی ڕژێم" یان بەدیلێکی ڕوون لە ئارادا نییە. تەنها شانسی کورد لەم قۆناغەدا، بەردەوامیی جەنگ و لاوازبوونی زیاتری دەسەڵاتە تا ئەو ئاستەی هاوپەیمانان بڕیاری ئازادکردنی ئەو جوگرافیایە بدەن، چونکە بەبێ چەترێکی نێودەوڵەتی، هەر جووڵەیەکی ناوخۆیی لەبەردەم ئامێری سەرکوتکەری تاراندا دەبێتە قوربانی.
لەلایەکی تریشەوە، چەمکی "سەروەریی دەریایی" کە تاران وەک چەکێکی ستراتیژی لە گەرووی هورمزدا بەکاری دەهێنا، بەرەو ئاوابوون دەچێت. کۆنتڕۆڵی گەرووەکە لە ئیرادەی تارانەوە گۆڕاوە بۆ "پێویستییەکی ئاسایشی نێودەوڵەتی". داواکارییەکەی سەرۆک ماکڕۆن بۆ کردنەوەی ڕێگە ئاوییەکان، تەنها بانگەوازێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو پێدانی ڕەوایەتییە بۆ هەر جووڵەیەکی نێودەوڵەتی کە ئامانجی سەندنەوەی کلیلی وزەی جیهانییە لە دەستی ئێران. ئەم تێگەیشتنە پێشوەختە بۆ "پلانە گەورەکە" تەنها لای ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو تورکیاش زۆر زوو درکی بە مەترسییەکانی کردووە. ئەنقەرە دەبینێت کە ئیسرائیل لە ڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ یۆنان و قوبرس و جێگیرکردنی چەکی ستراتیژی لە دەریای ناوەڕاستدا، خەریکی گەمارۆدانی جوگرافی و ئابووریی تورکیایە. سەردانەکەی ماکڕۆن بۆ قوبرسی یۆنانی و گواستنەوەی چەکی قورسی تورکیا بۆ قوبرسی تورکی، جاڕدانی جەنگێکی نوێی "ڕێگە ئاوییەکانە" ەکە تێیدا تورکیا نایەوێت ببێتە وێستگەیەکی پەراوێزخراو لە نەخشەی نوێی وزەدا.
لەکۆتاییدا، ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، کۆتایی ئەو سەردەمەیە کە تێیدا دەوڵەتێک (چ ئێران بێت یان تورکیا) کارەکتەری تاقانەی داڕشتنی هاوکێشەکان بێت. بۆ ئێران، پێشینەترین ئەرک گواستنەوەی دەسەڵاتە بۆ سەرکردایەتیی نوێ لە ناو جەرگەی جەنگێکی وێرانکەردا، کە نیشانەی گەیشتنی سیستمەکەیە بە قۆناغی "خۆپاراستنی ڕەها". جەنگی 2026، جەنگی ڕێکخستنەوەی سەروەرییە دەریایی و وشکانییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای ناوەڕاستدا، کە تێیدا ئیسرائیل بەرەو هەژموونی ڕەها دەچێت و تورکیاش لە قوبرسەوە بەرگری لە دواین پێگەکانی خۆی دەکات. لەم گێژاوەدا، عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم ئاڵنگارییەکی مێژوویدان؛ چونکە ئێرانی ئەمڕۆ، ئێرانی ئەو کاتە نییە کە بۆ مانەوەی سیستم بجەنگێت، بەڵکو ڕژێمێکە کە ئامادەیە هەموو سەقامگیریی ناوچەکە بکاتە قوربانی تەنها بۆ پاراستنی مانەوەی "ئەمانەتی ئیمام" و بەدیلی دیاریکراو لە لوتکەی دەسەڵاتدا.
PM:04:33:10/03/2026
ئهم بابهته 1076
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی