شوناس و دەسەڵاتی ژن لە ململانێی جەنگە هاوچەرخەکاندا
شەهێن سابیر
ڕۆژی جیهانی ژنان بۆ یەکەمجار لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لەلایەن (کلارا زێتکینەوە) سەرکردەیەکی دیاری حیزبی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا دەستیپێکرد، هێمای خەبات بۆ دادپەروەری جێندەری بووە،بەڵام لەسەدەی بیست یەک و به تایبەتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ململانێی سیاسی و ئابوری و تەنانەت کۆمەلایەتیش هاوکات جەنگ، قەیرانی مرۆیی، نەبونی ئاسایشی سیاسی و ئابووری واتایەکی ئالۆزتری هەڵگرتووە. ئەگەر سەیری وێنەی ژن لەجەنگەکاندا بکەین بەگشتی ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و ئاوارەبوون و هەژاری دەبنەوە و قوربانین، لەلایەکی دیکەش ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە پاراستنی خێزان و بەردەوامبوونی ژیانی کۆمەڵایەتی. کەواتە ئەم بابەتە لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن جەنگەکان ناسنامە و دەسەڵاتی ژنان دەگۆڕن، دەیانخاتە پێگەیەکی دوولایەنە لەنێوان قوربانیبوون بەرپرسیارێتی و چالاکیی کۆمەڵایەتیدا.
لە دەیەکانی ڕابردوودا، ململانێ چەکدارییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- لە جەنگی ناوخۆی سوریاوە تا قەیرانی مرۆیی لە یەمەن و ململانێی بەردەوام لە کەرتی غەززە- کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ژیانی ژنان هەبووە. وێنەکان و ئەنجامەکان نیشانیان داوین ژنان لەم بارودۆخانەدا ڕووبەڕووی ئاوارەبوون و هەژاری و توندوتیژی دەبنەوە، بەڵام لە پاراستنی پێکهاتەی خێزان و تۆڕەکانی پشتیوانی کۆمەڵایەتیشدا ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن. بەگوێرەی ئاماری ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ملیۆنان ژن لە نزیک ناوچە ناجێگیرە سیاسی و ئەمنییەکاندا دەژین و بەشێکی بەرچاو لە قوربانیانی مەدەنیی شەڕ پێکدەهێنن.
بەشێک لەتیۆرییە کۆمەڵایەتییەکان وێنە تەلخەکەمان بۆنروقن دەکەنەوە باس لەوە دەکەن کە شەڕ دەتوانێت ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ژنان بگۆڕێت. هەروەک دەسەڵات لای (میشێل فۆکۆ) فەیلەسوف و تیۆرستی فەرەنسی نەک هەر ئامرازی چەوساندنەوەیە، بەڵکو شوناسەکانیش لەقاڵب دەدات. هەروەها فەیلەسووف و تیۆریستێکی جێندەری ئەمریکی (جودیت باتلەر) باس لەوەدەکات ڕۆڵی جێندەری جێگیر نییە و دەتوانێت لەکاتی قەیرانەکاندا بگۆڕێت. هەروەها تیۆریستی فیمینیزمی سیاسەتی نێودەوڵەتی (سینتیا ئێنلۆ ) جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەبێ تێگەیشتن لە ئەزموونی ژنان، شیکاری سیاسەتی جیهانی ناتەواو دەبێت. بۆ نموونە لە شەڕی سوریادا زۆرێک لەو ژنانەی کە پێشتر ئامادەیی سنوورداریان لە کایەی گشتیدا هەبووە، بوون بە چالاکی کۆمەڵایەتی، ڕۆژنامەنووسی ناوخۆیی، یان ڕێکخەری یارمەتییە مرۆییەکان. ئەم پێشهاتە نیشان دەدات کە شەڕ دەتوانێت لە یەک کاتدا ژنان بەرەوڕووی لاوازی بخاتە بەردەم لاوازی و ئەگەری نوێ بۆ چالاکییەکانیان دروست بکات.
سەرەڕای گۆرانکاری لەم رۆڵە جیاوازانەدا، زۆرجار ئەزموونی ژنان لە شەڕدا پارادۆکسێکی لەگەڵدایە، لە کاتی جەنگدا ژنان ناچاردەبن بەرپرسیارێتی فراوانتر لە خێزان و کۆمەڵگادا هەڵبگرن و لەزۆر حاڵەتدا دەبنە ئەکتەری کۆمەڵایەتی گرنگ، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی جەنگ یان کەمبوونەوەی قەیرانەکان زۆرجار پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان جارێکی دیکە پەراوێزیان دەخەنەوە. لە لایەکی دیکەوە ژنان لەفۆرمێکی دیکەدا دەبنەوە قوربانی هەروەک لەکتێبی نووسەر و ڕۆژنامەوانی بیلارووس (سڤێتلانا ئالیکسیێڤیچ) بە ناونیشانی (The Unwomanly Face of War) کە کراوەتە ناونیشانی شانۆنامەیک و یەکێک لە دیالۆگەکان دەڵێت: رۆژێک ژەنراڵەکە ھەموو ژنە سەربازەکانی کۆکردەوە وتی”ئێوە ھەمووتان زۆر جوان و نازدارن، بەلام کاتێک جەنگ تەواو بوو کەس ئێوەی ناوێت، چونکە ھەموو پیاوەکان لیتان دەترسن" ئەم دیالوگە دەربارەی پارادوکسێکە لەجەنگدا کە لەهەمانکاتدا دەبنە پالەوان و قوربانی گەورە بەم مانایە ژنان تەنیا قوربانیی ڕاستەوخۆی توندوتیژی جەنگ نین، بەڵکو لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی سیاسی و کۆمەلایەتیشدا ڕووبەڕووی فۆرمی نوێی پەراوێزخستن دەبنەوە.
لە زۆر شوێنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆژی جیهانی ژنان زیاتر ئاهەنگێکە نەک بیرهێنانەوەی دەرئەنجامە قووڵەکانی جەنگ. جەنگ دەتوانێت شوناس و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ژنان بگۆڕێت و بیگۆڕێت بۆ ئەکتەری کۆمەڵایەتی گرنگ، بەڵام مەرج نییە ئەم گۆڕانکارییە بە مانای گەیشتن بە دەسەڵاتی بەردەوام بێت. بۆیە پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە ئایا ئەم ئامادەبوون و بەرپرسیارێتییە نوێیانە دەتوانێت ببێتە هۆی بەشداریکردنی ڕاستەقینەی ژنان لە پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە داهاتوودا، یان ژنان لە دوای شەڕەوە لە پەراوێزی دەسەڵاتدا بەردەوام دەبن؟!
PM:02:58:08/03/2026
ئهم بابهته 1064
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی