ئەو دەمەی میدیا و میدیاکار دەبنە سیخوڕ و چاوساغی دوژمن
شوان عەباس بەدری
لە گەرمەی شەڕی تیرۆریستانی داعش و پێشمەرگە بابەتێکم لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی نووسی و داوام لە میدیاکاران و بە تایبەتیش ئەو میدیاکارانەی لە بەرەکانی جەنگ خەریکی ڕووماڵ کردنی چالاکی و هێرش و بەرگرییەکانی هێزی پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان بوون کرد کە نەبنە سیخوڕی ناراستەوخۆی دوژمن و بە نەزانی خۆیان نهێنییەکانی جەنگ و بەرەکانی جەنگ و شوێنی جوگرافیایی هێزەکانی پێشمەرگە لەڕێی لێنزی کامێراکانەوە لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەش بە سەربڕ و خوێنڕێژەکان نەکەن چونکە ئەو کارە لەهەموو جیهاندا بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی سەیردەکرێت و تەنانەت دەچێتە چوارچێوەی خیانەتی نیشتمانییەوە.
ئێستاش لەدوای چەند ساڵێک لە کۆتایی هاتنی جەنگی تیرۆریستانی داعش و سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان لە ڕۆژئاواو وڵاتانی کەنداو و عەرەب لە لایەک و ئێران و ملیشیاکانی لەلایەکی ترەوە پریشکی ئەو جەنگە بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە و رەنگە لە ئایندەیەکی نەچەندان دوور جەنگێکی مەترسیدار بەرۆکی هەرێمی کوردستان بگرێت دیارە کە میدیای کوردی هێشتا لەناو بازنەی بەناراستەوخۆ چاوساغی کردن بۆ دوژمن دەخوولێتەوە و هیچ وانەیەکیان لە رووداوەکانی رابردوو وەرنەگرتووە هەر بۆیە دووبارە و سەدبارە و هەزاربارە داواکارم میدیای کوردی بە نەزانی و نەشارەزایی خۆیان نەبنە سیخوڕە ئاڵتوونییە ناڕاستەوخۆکەی دوژمنان و تۆزێ لە لووتکەی غروری درۆینەی ئێمە سەفقی میدیایی دەکەین بێنە خوارەوە و بەرژەوەندی خاک و وڵات و تاک و کۆمەڵگە بخەنە پێش بەرژەوەندی خواستە کاتییەکانیان و هەروەها هیواداریشم پێش ئەوەی بە خزم خزمێنە و ناسیاوی و واستە مایک بدەنە دەست مایک بەدەستەکان لە ئاستی هۆشیاری و شارەزایی و کارامەییان لە بواری ڕووماڵکردن و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بکۆڵنەوە هەروەها هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خەمێکی راستەقینە لەو ڕووەوە بخۆن و سزایەکی تووند بۆ ئەوجۆرە کارانەی بەناو میدیاکارەکانی هەرێمی کوردستان دابنێن، بیریشمان نەچێت هێزە ئەمنی و سەربازی و مەدەنییەکان هەموویان خزم و کەس و کار و دراوسێ و هاوڕێ و ناسیاوی خۆمانن و لە هەسارەیەکی ترەوە دانەبەزیونەتە سەر خاکی کوردستان!
PM:01:14:08/03/2026
ئهم بابهته 636
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی