بۆچی تائێستا دۆزی کورد سودمەندترینی جەنگی ئێرانە؟
هێمن حەسیب
کورد چ لە باشور و چ لە ڕۆژهەڵات، بەهۆی هەڵکەوتە جوگڕافیەکەی و دۆزە نەتەوەییەکەی بووە بە بەشێك لەم جەنگەی نێوان ئێران و بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل.. ئەمە واقیعە و ناشاردرێتەوە.. ڕاستە تائێستا کورد لە باشور دەیەوێت بێلایەن بێت، ئەمەش بەهۆی لاوازی پێگە سەربازیی و سیاسی و نێودەوڵەتیەکەیەتی بە بەراورد بە قەبارەی جەنگەکە، دەنا خواستی شەقام و دەستەبژێری سیاسیەکەی لە هەردوو بەشەکە بریتیە لەوەی بتوانن لە ناو گێژاوی جەنگەکەدا، بەشە خوراوەکەی خۆیان وەربگرنەوە، کە بریتیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لەم نێوەندەدا ئەوەی گرنگە و ناشاردێتەوە؛ و جەنگی ئێران و بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ خۆی هێناوێتی؛ ئەوەیە کە دۆزی کوردی بە چڕی هێناوەتەوە بەرباس لە ناوەندە جیهانیەکان.. بە جۆرێك ئێستا پرسی کورد؛ یەکێكە لە باسەکانی سەر مێزی جەنگ لە مەحفەلی نێودەوڵەتی.
تەماشا.. ئێستا له هەموو کونجێکی ئەم جیهانە، لە پەیوەندی و گفتوگۆی سەرۆکی وڵاتان، لە میدیای جیهانی، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، شرۆڤەی شارەزاییانی نێودەوڵەتی، باسی دۆسیەی کورد و نیشاندانی نەخشەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردستانی گەورە بە چڕی لەسەر زار و لەسەر مێز و لەسەر شاشەکانە.. بە جۆرێك ناوی کوردستان هاوشان لەگەڵ جەنگەکە دێت و باس دەکرێت.
ئەمە بۆ خۆی تەکانێکی سیاسی گەورەیە لە دۆزی کورد بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە ئاستی جیهان، بە جۆرێك ئەگەر ئەم جەنگە بەبێ ڕوخانی ڕژێمی ئێرانیش کۆتایی بێت، ئەوا تەکانێکی سیاسی هێندە بەهێزی بە دۆزی کورد بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی داوە، کە چیدیکە، نە ڕژێمی ئێران و نە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ناتوانن ئەم دۆزە پەراوێزبخەن وەك هەشتا ساڵی ڕابردوو.. بەڵکو دەبێت مامەڵەی ئەمری واقیعی لەگەڵدا بکەن.
بڕوانە لە دوای کۆماری مەهاد لە ساڵی (1946)ـەوە، ئەوەی باس نەبووبێت، پرسی کوردبووە لە چوارچێوەی ئێران، چ لە سەردەمی شانشینی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی و لە ئاستی نێودەوڵەتیش.. تەنانەت لەسەر ئاستی ناوخۆی کایەی سیاسی کوردیش، بە تایبەت لە دوای (1991)ـەوە، کە پارتەکانی ڕۆژهەڵات بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە باشور، خۆیان تەواو سڕ کرد و چوونە قوناغی سوباتەوە.
هەر بۆیە ئامادەیی پرسی کورد بە چڕی لەناو گێژاوی جەنگەکەدا، دۆخێکی خوڵقاندووە، کە پێمان دەڵێت؛ ئەم قۆناغی جەنگە، بەبێ دەستکەوتی بۆ دۆزی کورد تێناپەڕێت، بە جۆرێك پارتەکانی ڕۆژهەڵات بەشداری جەنگەکە بکەن یاخود بەشداری نەکەن.. ئەوە ئەم جەنگە بە هەر بارێکدا یەکلایی بێتەوە، دۆزی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش (28 فێبریوەری ـ شوبات)، واتا بۆ پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران و بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل.. بە واتاییەی ئەگەر ڕژێمی ئێران بە سازشێکی گەورە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگەکە بچێتەوە دەرەوە، بە هاوشێوەی ئەو سازشەی سەدام بۆ ئەمریکای کرد لە (خیمة صفوان) لە (1991).. لەو دۆخەشدا ڕژێمەکەی تاران هەر ناتوانێت، وەك پێشوو پرسی کورد پەراوێزبخات و ناچار دەبێت بەوەی بە کۆمەڵێ گۆڕانکاری، داننانی ڕەسمی لە کۆمەڵێك بواردا بە کورد بنێت.. بە هەمان چەشنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
دەرئەنجام؛ جەنگ کە هێشتا یەکلانەبۆتەوە و نازانرێت ئایندەی جەنگەکەش بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت، بەڵام ئەوەی کە ڕاستییە، کە پرس و دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تاکە دۆسیەیە، تائێستا سودمەندی جەنگەکە بووبێت.. هەرچی بۆ ڕۆژانی داهاتووی جەنگەکەشە، ئەگەر پارتەکانی ڕۆژهەڵات، بە داناییەکی سیاسی وردەوە مامەڵە بکەن، بێشك دەستکەوتی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵات بە دەست دێنن.. چونکە جەنگەکە، دەرفەتێكی زێڕینی بۆ کورد هێناوەتە پێشەوە، کە پێشتر هەمووان بە میللەت و سیاسیەکانەوە، لە ژێر زەوییدا بۆی دەگەڕاین.. ئەوەش ناشاردرێتەوە، بۆ لە قۆستنەوە و دەەستگهیشتن بەم دەرفەتە زێڕینە، دەبێت هەمووان بە ناو (کێلگەی مین)ـدا بڕۆین و هەمووانیش بەرپرسیارێتیەکەی هەڵبگرین.
PM:07:21:07/03/2026
ئهم بابهته 188
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی