رێبین هەردی: چ دەرفەت و چ هەلکێک؟
رێبین هەردی
ڕەنگە هیچ گومانێک لەوەدا نەبێت کە لەدوای جەنگی جیهانی دوهەمەوە ئەمە گەورەترین دەرفەت بوو بۆ کوردستان بۆ ئەوەی شتێک بۆ خۆی بەدەست بێنێت. لە دوای جەنگی جیهانی دووهەم و دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە کە پرنسیپی سەرەکی بریتی بوو لەپاراستنی سەروەری نیشتیمانی ئەو دەوڵەتانەی درووستیان کردووە یان بەشدارن تیایدا، ئێمە هیچ ژمارەیەکی تەنانەت بچوکیش نەبوین، لەو کاتانەدا نەبێت کە دەوڵەتێک ویستبێتی ئازاری دەوڵەتیکی تر بدات و مەسەلەی ئێمەی وەک کۆتەکێک بەکار هێناوە بۆ ئەوەی هەندێک دەستکەوت لە دەوڵەتەکی دی بەدەست بێنێت. ئەمە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئێمە هەمیشە قوربانی گەورەی سەودا و مامەڵە سیاسیەکانی ناوچەکە بووین. ئەم سینارێو دوبارە بووەی مێژوەوی ئێمە بەڕادەیەک زەق و دیارە، کە وای لە زۆرێک کردووە ئێمە تەنیا وەک پیاوی بێگانە و دەستی ناپاک تەماشا بکەن کە تەنیا داردەستی بێگانەکانین بۆ لاوازکردنی ئەم دەوڵەت یان ئەو دەوڵەتەی کوردەکان لەناویدا دەژین. لێرەدا هەمووان بیریان دەچێتەوە لە بنەڕەتدا پرسی ڕەوای گەلیک هەیە کە لەهەموو مافێکی بوون و ژیان بێ بەشکراوە و سەدان ساڵە خەبات بۆ بە دەستهێنانیان دەکات. بیریان دەچێت کوردەکان ناچارن وەک هەموو گەلیکی دی سەر ئەم زەویە سوود لەو دەرفەت ناکۆکیانە وەرگرن کە دەکەوێتە نێوان دەوڵەتەکانەوە و بۆ بەڕژوەندی خۆی بەکاری بهێنێت. ڕاستە ئێمە ئەوکاتە لە هەواڵەکاندا دەردەکەوین کە لایەنێک پشتگیری کاتی بۆ بەرژەونەدی خۆی بە مەسەلە ڕەواکەمانەوە دەکات، بەڵام خۆ خەباتی ئێمە بێ ئەو پشتگیریەش هەر هەبووە و بەردەوام بووە، بەڵام کە نەبۆتە سەردێری هیچ هەواڵیک، لەبەرئەوە نیە کە هیچ جموجوڵێک نەبووە، بەڵکو لەبەر ئەوە بووە کە بێ کەسترین و پشت و پەناترین گەلی ناوچەکەین. بەدرێژای سەدەی بیست یەک چرکەش نەبووە گەلی کوردستان لەهەر چوارپارچەکدا لە خەبات و تێکۆشان ڕاوەستا بێت، بەڵام تەنیا ئەو کاتە بوینەتە هەواڵ کە تەنگژەیەکی نێو دەوڵەتی هاتۆتە ئاراوە و ئێمە وەک گەمەکەرێکی سەرەکی دەرکەوتوین و کە ئەو پشتگیری و دەرکەوتنەش نەماوە، وازانراوە تەواو بووین، بەس نەبووین و بەردەوام بووین. هیچ گەلێکی گەورە یان بچوک نیە لە دنیادا وازی لە خەونی ئازادی و دەستبەرداربوون لە مافەکانی نەبووە تا ئێمە وازی لێ بێنین . زیندانی وڵاتەکانی کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە باشترین بەلگەی درێژەدانی خەباتی کوردستانیەکانە کە هەرگیز رانەوەستاوە، بەڵکو بێ پشت و پەنا و تەنیا بە هەوڵی خۆی بەردەوام بووە.
ئەم ڕووداوانە ئەم ماوەیە ڕوویانداوە و ئیستاش بەردەوامە، بەهەموو پێودانگێک بە گەورەترین دەرفەتی مێژووی بۆ کوردستانیەکان لە دوای جەنگی جیهانی دوهەومەوە دادەنرێت. لەمێژووی ئەم گەلەدا هەرگیز ڕووی نەداوە پارچە جیاوازەکانی کوردستان لە گەیشتن بە مافەکانیانەوە هێندەی ئێستا نزیک بن. لە ڕۆژئاوا هێزە کوردیەکان شتێکیان بەدەستهێناوە گەرچی زۆر لەژێر هەڕەشەدایە، بەڵام لانیکەم هێرشی دەوڵەتی ناوەندی بۆ سەرناوچەکانی ڕاوەستاند. باشور دەمێکە هەرێمێکی پێکهێناوە و بڕێکی زۆر لە مافەکانی لە دەستوری عێراقدا جێگیر کردووە. لە باکوور پرۆسەیەکی لەرزۆکی ئاشتی هەیە کە تیاییدا بۆ یەکەمجار تورکیا ڕێگە بە سەرۆکێکی کورد دەدات (گەرچی لە زیندانی خۆیاندایە) قسەی تیا بکات. لە ڕۆژهەڵات شەڕێکی قورس لە نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئێران هەلگیرساوە، کە لەوە ناچێت بەبێ دەستکاری و گۆڕینی عەقڵیەتی سیاسی ئێران کۆتای پێ بێت.
هەموو هەلومەرجە بابەتیەکان ئامادەن بۆ ئەوەی کوردستانیەکان کۆتای بەو ستەمە بێنن کە لەدوای جەنگی جیهانی دوهەمەوە لێیان کراوە. هەلێکی مێژووی هەیە بۆ ئەوەی کوردەکان هاوکات لەهەر چوار پارچەکە هەندێک مافی گەورە یان بچوک بەدەست بێنن، شتێک کە هەرگیز لە میژووی ئێمەدا ڕووی نەداوە.
گەرچی ئەم وێنەیە تەواو ڕاستە و مێژووی سیاسی جیهان لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە، هێندەی ئێستا دەرفەتی بۆ کوردستانیەکان نەڕەخساندووە، بەڵام ئەمە لەکاتێکدا ڕوو دەدات، چەند بەرەکی و پەرتوبوونی کورد بەسەر زیاد لە هێزێکی چەکداردا کە تەواو ناکۆک و ناحەز بەیەکن، هەلی قۆزتنەوەی ئەم هەلە مێژوویەی بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووە. کوردەکان یەک نین، بگرە ناکۆک و دژ بەیەکن و هەریەکەیان خۆی بەتەنیا بە نوێنەری ڕاستەقینەی گەل دەزانێت و ئەوانی دی وەک دوژمنێک تەماشا دەکات کە هەلومرج وایکردووە جارێ شەڕی یەک نەکەن، دەنا هەر هەلومەرجێک بێتە ئاراوە، کۆی ئەو ناحەزیە دەتەقێتەوە. بە کوردتی هەلومەرجی سیاسی جیهان لەبارە بۆ هەموو ئەگەرێکی باش بۆ داهاتووی کوردستان و هەلومەرجی ناوخۆش تەواو وێران و ئامادە بۆ لەناوبردنی هەموو خەونێکی گەورە یان بچوک بۆ داهاتووی کوردستان. ئێستا کە باس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت و ئەو هەلە مێژوویەی خەریکە بۆیان دەڕخسێت، زیاد لە سەرنجێک هەیە وامان لیدەکات زۆر خۆشبین نەبین.
کوردەکانی ڕۆژهەڵات گەرچی وەک بەرەی کورستانی باشوور هاوپەیمانیەکیان پێکهێنناوە بۆ یەکخستنی هەوڵەکانیان (گەرچی هەندێک هێز تەنانەت ئەمەشیان قەبوڵ نیە)، بەس بڕواناکەم شتێکی گەورەتر لەوە بکات کە بەرەی کوردستانی بۆ باشوری کرد. یەکگرتنێک تەنیا بۆ دەستوەشاندنی یەکەم، بەڵام پەرتەوازە بوون و دژایەتی و زیندووبوونەوەی ناکۆکیەکان دوای ئەوە. ئەوەشی نەخشەی سیاسی دیاریدەکات دەستوەشاندنی یەکەم نیە، بەڵکو هەنگاوی دوای ئەوەیە. هیچ شتێکیش نیە وامان لیبکات خۆشبین بین بەرامبەر بە هەنگاوی دوایی. کوردەکان تا ئەو کاتەی تێنەگەن هەموو کوردستان لە چاویلەکەی حیزبی و عەشیرەتی و خێلەکیەوە نەبینن، تا ئەو کاتەی واز لە عەقڵیەتی (یان خۆم یان کەس نا) نەهێنن، تا هەموو کوردستان بەیەک چاو تەماشا نەکەن و لەشکرێکی یەکگرتووش لەهەمووی دروست نەکەن، تا ئەو کاتەی حیزب لە نەتەوە گرنگتر بێت یان بە دەربڕینێکی تر هاونەتەوە کورت بێتەوە بۆ هاوحیزبی و هەرکەسیش هاوحیزبی نەبێت لەدەرەوەی نەتەوە بێت و خائین و بێگانە بێت، هیچ ئەگەرێکی گەورە بۆ کورستانیەکان لە ئارادا نیە کە هێندەی لەباری هەلومەرجە نیو دەوڵەتیەکە بێت.
بە کورتی لە دوای جەنگی جیهانی دوهەمەوە ئەم دۆخەی ئێستا گەورەترین دەرفەتی مێژوویە بۆ ئەوەی کوردستانیەکان شتێکی گەورە بکەن وببنە ژمارەیەکی گەورەی نەگۆڕ و بگرە نەخشەی ئەم ناوچەیەش بنووسنەوە، بەڵام دۆخی ناوخۆی کوردستان بە دەست حیزبە خێلەکی و ناوچەیی و ئایدۆلۆژیەکانەوە، بەجۆڕیک دارماو و کارەساتاوی و بێ لایەنی کەمی کۆدەنگیە، کە پێناچێت لە ئایندەی نزیک و دووردا شتێکیی گەورە رووبدات.
ڕاستیەکی تاڵ هەیە کە دەبێت بگوترێت. هێزی کوردەکان لە خۆیاندا نیە، لە یەکگرتووی و یەک بەرنامەیی سیاسی و بیرکردنەوەیاندا نیە، لە هاوهەنگاوی و بەیەکەوە بڕیاردانیاندا نیە، بەڵکو هەموو هێزی کورد لە هاوکێشەکانی درەوەی خۆیدایە. هێزو توانای ئەم گەمەکەرەی ناو ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست بەستراوە بەو هاوکێشەیەوە. هەرکات لەبار بێت بەهێز و هەرکاتێکیش لەبار نەبوو، پەراوێزخراو و بێ دەسەڵات. گەورەترین هەڵەش سیاسیەکان تووشی بن ئەوەیە قەبارەی راستەقینە و توانای خۆیان نەزانن و لەسەر بناغەی لەباری هاوکێشە سیاسیەکەی دەرەوەی خۆیان، نەک بەهێزی و توانای ناوەکی خۆیان، بڕیاری سیاسی بدەن. باشوور لە ڕیفراندۆمەکەدا توشی ئەم هەڵەیە هات، و ڕۆژئاواش لە رووبەرووبونەوەی شەرعدا لە حەلەب توشی هەمان کێشە بوونەوە. پرسیارەکە ئێستا ئەوەیە ئایا ڕۆژەهەڵاتیش لە ئایندەیەکی نزیکدا توشی هەمان هەڵە دەبێتەوە؟ یان وانەیەک لەم ئەزموونانەوە وەردەگرێت و ناوخۆی خۆی بەجۆرێک بەهێز و پتەو و ڕێک دەخات کە بوون و نەبوونی نەبەسترا بێت بە هاوکێشە نێو دەوڵەتیەکانەوە؟ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەسەر شێوەی بەرەی کوردستانی باشوور، ئەو ڕیگەیە نیە کە وامان لیبکات خۆشبین بین، مادام هیزبی چەکدار و ناکۆک بەیەک و خەونی بە هاوشیوەکردنی خۆت و سەپاندنی بەسەر هەموو خەڵکدا، بە قوڵی لای هەموو هێزەکان ئامادەیە.
PM:07:25:05/03/2026
ئهم بابهته 1156
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی